فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تەما

کات 05/09/1403 79 بازدید

تەما

ساڵانی ساڵ بوو باران نەدەباری. خەڵکی گوند لە بەر وشکەساڵی هەندێکیان سەری خۆیان هەڵگرتبوو و، رۆیشتبوون. ئاژەڵەکانیان بەتەمای لەوەڕگەی تازە و سەرسەوز پێش خۆیان دابوو و، بەرەو باکوور لە ئاسۆدا ون ببوون. ئەوانەی مانەوە، بەڵێنیان دا قەت نیشتمان جێ نەهێڵن و، بمێننەوە. بەڵام بە بێ ئاو، ژیان مەحاڵ بوو. لە دووای ئەوەی کانیاوەکان وشکیان کرد و چەمەکەیش چۆڕایی بڕا، دەستیان کرد بە هەڵکەندنی کارێز و بیر… بیری قووڵ. ساڵ بە ساڵ بە هۆی کەم کردنی ئاوی ژێر زەویش، ناچار بوون زیاتر و زیاتر عەرزەکە هەڵکەنن و بە ناو ناخی زەوی‌دا رۆبچن.

دونیا هەتا دەهات زیاتر زەرد هەڵدەگەڕا. نەک گیا و گۆڵ، ئیستا دەشت و دەر و، تەنانەت ئاسمانیش رەنگی تۆخی زەردێکی پیسیان لێ نیشتبوو. بگرە روخساری خەڵکیش وەهای لێ‌هاتبوو. دونیا رەنگی هەتاوی گرتبوو، هەتاوێکی بێ تینی زەردی چڵکنی گەمارۆدراوی تەپ و تۆز کە ئێوارەیان کاتی داچوون بۆ چەند ساتێک سوور سوور هەڵدەگەرا.

ژیان بەم شێوەیە نەدەچووە پێش. کارێز و بیرەکانیش روو لە وشکی بوون. قوڕگی زەوی بەیەکەوە نووسابوو. نا، دەبا کارێکیان بکردایە! رۆژێک ریش سپی‌یەکان، یان باشتر بڵێم ریش زەردەکان کۆبوونەوە. لەبەر دەمی ئەو مزگەوتەی وا چی تر کەس نە دەسنوێژی لێ‌دەگرت و، نە نوێژی تیا دەکرت و نە مەلایش خوتبەی تیا دەدا. خودایش لە گوند باری کردبوو. لە سەر سەکۆ زەردەکە لە پاش ماوەیەک گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بەو رایە گەیشتن کە لەمە بەدووا لەسەر بانی مزگەوت کێشک بدەن و لە ئاسۆ بڕوانن کە داخۆ کەی هەورەکان روو لێرە دەکەنەوە. هەر چەند زۆریان نە هەوریان لەبیر مابوو و، نە دەیانزانی چۆن چۆنی دەنوێنێ. وەک زانیاری، ئەوانەی وا لە بیریان مابوو، گوتیان هەور لە کلکی پەشمینی مەڕ دەکا، سپی و ئاڵۆزکاو بە ناو خۆیدا. گوتیان هەر کە کێشک‌چی‌یەکە پەڵە هەورێکی بینی، زۆر خێرا تەواوی گوند ئاگادار بکاتەوە.

لەو رۆژەوە بە نۆرە هەموو خەڵکی گوند کێشکیان دەدا. ژن و پیاویشی بۆ نەبوو. هەموو دەبا بەشداری بکەن. بەڵام کتوپڕ ئەو پرسیارە هاتە گۆڕێ کە لە کوێ بڕوانن: باکوور، باشوور، رۆژهەڵات یان رۆژئاوا؟ هەر یەکەی و بڕوایەکی هەبوو. یەک گوتی بێگومان دەبێ لە رۆژئاوا بڕوانین، گوتی لە بیرم دێ هەمیشە لەشکری رەش و بێ‌شوماری هەورە بە گرمە و لرفەکان لەوێوە پەیدا دەبوون، پاشان دەهاتن و هەموو نیشتمانیان بە رێژنەی خووڕەمی خۆیان پاراو و تێرئاو دەکرد. یەکی دی گوتی نا لە باکوورەوە دەهاتن. کە دەهاتن لەگەڵ کزەی ساری بایەکی تەزێنەر دەگەیشتن. ئەوسا دنکە بەفرە سپی و مەڕ مەڕییەکان دایان‌دەکرد و نیشتمانیان سپی پۆش دەکرد. ئەو دەنکانەی دڵۆپ دڵۆپ خاک هەڵی‌دەمژین و هەناوی خۆی پێ پاراو دەکردن. یەکی دیکە گوتی نا لە رۆژهەڵاتەوە دەهاتن. لە بیرمە هەتاو بە قەمچیی گەشی خۆی کە لە ئێمە نادیار بوو، تاوی دەدان و بە تەواوی نیشتمان‌دا پرش بڵاوی دەکردنەوە.  هەورە سپی و سەرگەشتەکانی داکردن دەڵێم. نەفەرێکی تریان دەنگی هەڵبڕی کە نە، لە باشوورەوە دەهاتن. گوتی بارانە بەلێزمە و پڕ لە خێر و بەرەکەتەکان لەوێوە سەری خۆیان بەرەو ئێرە هەڵدەگرت. ئەوسا چەم دەکەوتە خوڕە خوڕ و کانی‌یەکان وەها دەتەقینەوە کە فێنکایی شەپۆلیان وەک هەناسەی فریشتەکان تەواوی گوندی لەخۆ دەگرت.

سەرئەنجام لەدووای ئەم قسانە، بەو ئەنجامە گەیشتن کە هەر هەموویان بە جۆرێک راست دەکەن و، بۆیە کێشک‌چی دەبێ ئاگای لە هەر چوار دەور بێ.

دیسان ساڵەکان تێپەڕین.

رۆژێک گەنجێکی بیست ساڵە کە لەبەر بێ ئاوی و خواردنەوەی زۆری میزی مانگا و بزن و مەڕ بۆنی سەرەتاکانی ‘بوون’ی گرتبوو، قیڕاندی “هەور… هەور!” خەڵک هەموو لەو شوێنەیان رووانی وا گەنجەکە بە پەنجەی ئاماژەی پێ‌دەکرد. شوێنێک بوو لە نێوان رۆژئاوا و باکووردا. کوڕەکە گوتی لە پەڵە هەورێکی سپی دەکا کە زۆر بەپەلە نیە. خەڵکی یەک هەفتەی تر چاوەڕووان مانەوە. سەرئەنجام رۆژی هەشتەم لە کاتێک‌دا بایەکی توند هەڵی‌کرد، پەڵە هەورەکە وەک کاژیلەیەکی وەیلانی دایکی کە لە ناو بەرخەل‌دا لێی ون بووە، خۆی بە ئاسمانی گونددا کرد. بوو بە هات و هاوار و قیژ و قاوێک نەبێتەوە. هەندێک دەستیان کرد بە گریان، هەندێک کەوتنە سەرچۆک و دەستیان کرد بە دۆعا خوێندن، هەندێکی دیکەیش هەر وا لە جێی خۆیان مانەوە و بێدەنگ لە دیمەنەکەی بەردەمی خۆیان دەڕوانی. پیرەپیاوێک کە تەمەنی چەند رۆژێک بوو لە سێ سەد ساڵ لایدابوو، بە گۆچانەکەی لە کاتێکدا ئاماژەی بە پەڵە هەورەکە دەکرد و، پێدەکەنی، گوتی بە تەمان بەو چکەیە قەرەبووی سەدان ساڵ بێ ئاوی و وشکەساڵی‌مان بۆ بکەنەوە!؟

خەڵکەکە کە چاویان تەنیا لەسەر پەڵە هەورەکە بوو، زۆریان گوێ نەدایە قسەکەی. یەکیان دەنگی هەڵبڕی دەی یاڵلا کاوڕێکی لەبەر پێ‌دا سەربڕن! ئەوسا مەڕێکی پیری قەڵەو کە بە درێژایی ساڵان خۆڵی وڵاتی بۆ دابین کردنی ئاو هەڵ‌مژیبوو، لە عەرز درا و بە چەقۆیکی چوار سەد ساڵە قوڕگیان هەڵدڕی کە لە ژێر عەرز کاتی خۆی دۆزیبوویانەوە. ئەو چەقۆیەی دەیانگوت هی میرێکی سوارخاس بووە کە کاتی خۆی لە عەزرەتی ئەشقی کچێک جەرگی خۆی پێ دەرهێنابوو تا بۆ هەموو عالەم ئیسپاتی بکا کە پیاوی ئاشقی راستەقینە دەتوانێ بە بێ ئەمەیش درێژە بە ژیان بدا.

پەڵە هەورەکە سووڕێکی بەسەر گووندەکەدا دا. بە دیتنی ئەو خەڵکە، سووکە هەڵوێستەیەکی بۆ کرد و چاوی لەو منداڵانە بڕی کە بە تەمای باران زمانی وشکی خۆیان هەڵدەمژی.

یەک پڕ بە گەرووی خۆی هاواری کرد نەمگوت خوا میهرەبانە و سەرئەنجام موعجیزە روو دەکاتەوە گوندەکەمان! خەڵکینە! ئەی ئەوانەی نیشتمان‌تان خۆش ویست و جێتان نەهێشت، چاوەرووان بن بارانێکی هەزار ساڵەی بە رەحمەت وشکایی سەدان ساڵەتان بڕەوێنێتەوە و دیسان دەشت و دەر وەها سەر سەوز و پر بەرەکەت ببنەوە کە وەک بڵێی قەت هیچ شتێک رووی نەدابێ!

یەکی دیکە گوتی وەک من لە بیرم بێ سەدان ساڵ لەوە پێش، پەڵەهەورەکان پێشەنگی گەواڵە هەورە چڕ و تێک چڕژاوەکانی دیکە بوون کە بەڵێن بوو لە دوواوە بن و هەموو پانتایی ئاسمان داگیر بکەن، ئەوان بوون دایان‌دەکرد، پەڵە هەورەکانی لەم چەشنە تەنیا هەواڵیان دەهێنا و، تێدەپەڕین بە بێ هەڵوەرینێکی هیچ تاقە دڵۆپێک.

خەڵکەکە کە گوێیان لەم قسانە بوو، هەروا چاو لە ئاسمان چاوەڕووانی داکردنی باران بوون. ئەوان حەزیان لەم قسانە نەبوو. چاوەڕووانی هەورەگرمە و هەورە تریشقە و تاریک بوونی دونیا بۆ بیستنی دەنگی باران بوون. بگرە زۆربەیان لە خەیاڵی خۆیان‌دا هەستیان بە قەترەکان لە سەر گۆنا و روخسار و لەسەر سینگی زەردیان دەکرد. دایکەکان مەمکە سیس و وشکەکانیان دەرهێنا و هەورەکەیان سوێند دا کە بە بێ ئەوەی جارێکی تر جۆباری شیر لە ناو رەگەکانیان‌دا وەڕێ بخا، سەری خۆی هەڵنەگرێ و دوور بکەوێتەوە.

کەس نازانێ چەند رۆژ، چەند مانگ یاخود چەند ساڵی تر پەڵە هەورەکە بە ئاسمانی گوندەکەوە مایەوە و خەڵکیش هەروا لەسەر چۆک واق وڕماو لێیان دەروانی.

نە پەڵە هەورەکە دایدەکرد و، نە خەڵکەکەیش وازی لە هومێد و چاوەڕووانی دەهێنا.

فەڕۆخ نێعمـەتپوور

تەگەکان : ، ،

2 پاسخ به “تەما”

  1. کامەران

    جوان بوو” جوان”

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *