خەونی باران
خەونی باران
هەورەکان لە دەرەوە تا بێکۆتایی دەگەرمێنن. بارانێکی خۆش و بە خوڕ دادەکا. خۆزگە هەتا هەتایە ببارێ! ئەم ساڵانە دونیا ئەوەندە وشک و برینگە کە دڵم بێکۆتایی داکردنی قەترەکانی دەوێ. لە خەیاڵمدا هەموو قڵشەکانی خاک یەک دەگرنەوە، درەختەکان چرۆ دەردەکەنەوە و ژنانی گەڕەکیش بۆ ئاو ناچن بۆ لای ئەو تانکییە ژەنگاوییەی وا بە چەند رۆژ جارێک بە گەڕەکدا دەگەڕێ.
بۆ یەکەم جار دونیا بە کەیفی من دەبێ. دەبارێ و دەبارێ. دەستە قڵشاوەکانی باوکم و لێوە وشک و تویخ هەڵداوەکانی دایکیشم تەڕ و پاراو دەبنەوە. لە دووای ساڵانی ساڵ منداڵانی گەڕەک پاپۆڕە کاغەزییەکانیان دەدەنە دەم ئاو. جۆگەکان دەیانبەن و، قیژەی خۆشیی ئەوان تێکەڵ بە هەورە تریشقە دەبێ. ئاسمان رووناک دەکاتەوە.
چاوم لێیە لەسەر بانی دراوسێکان کۆترەکان پۆل پۆل هەڵنیشتوون و، خوساوی بەر باران بە دەنووکە سوور و پەمەییەکانیان تک تک و قوم قوم ئاو بە گەرووی خۆیاندا دەکەن. هەرچی ئەسپێ و رەشکی دونیایە لە باڵەکانیان و لە پەڕ و پۆیانەوە هەڵدەوەرن و، لە پلوسکەکانەوە سەرەو خوار دەبنەوە. یەکیان دەڵێ هەر کە خۆشی کردەوە لە گەشتێکدا خۆمان لە ئاسماندا نوقم دەکەین. ئەوانی تر بە دەم قسەکەیەوە پێدەکەنن.
بارانیش.
سێ رۆژ تێدەپەڕێ. دایکم ناوچاوی تێکدەنێ. باوکم دەڵێ خوایە رەحم کەی! ئەوسا دەستبەجێ دەڵێ ئەستەغفیڕەڵڵا! منیش بە خۆم دەڵێم نەکا بە هەڵە ئاواتم خواستبێ!؟ نە لە کۆڵان منداڵەکانی لێماوە و نە لەسەر بانی کۆترەکان. نەکا منداڵەکان لەگەڵ پاپۆڕەکانیان رۆیشتبن و، کۆترەکانیش پێش خۆش بوونەوەی هەوا بۆ قووڵایی ئاسمان فڕیبێتن؟
بە شوێن وەڵامەوە نیم. فیکر و زیکرم هەر لای بارانە. ساڵە وشکەکان زۆریان ماوە پاراو ببنەوە. خاک دەبێ تا قووڵاییەکانی بخووسێ. وەک دەڵێن پەڵە بدات. پەڵە لەسەر پەڵە. وەها هەرچی کرم و مشک و جرج و جڕ و جانەوەرە لە ترسانا دەرکەونەوە. خۆ بە رووبەرەکاندا بکەن. ئاگام لێیە دراوسێیەکمان کە ساڵانی ساڵە خۆی نەشۆردووە، رووت رووت لەبەر باراندا لفکە لە خۆی دەدا. کەفەکان دەبن بە بڵقی سەر ئاو و، ئەوانیش تێدەپەڕن.
سێ رۆژی دیکەیش دەگوزەرێ.
کڕە کڕی بڵیندگۆی مزگەوتی گەڕەک دێ. پاش ماوەیەک داوا لە خەڵکی گەڕەک دەکا کە بە دڵێکی تەواو پاقژەوە نوێژ بخوێنن و، دوواتر دەست بۆ دۆعا بەرز بکەنەوە و لە خودا داوا بکەن کە ئیتر بەسە و چی تر رەحمەتی بێدریغی خۆی بەسەر سەرماندا نەبارێنێ! دەڵێ کە داوا بکەن خودای دلۆڤان وەک هەمیشە بەزەیی بە مەخلوقی خۆیدا بێتەوە و، لە بەڵای سروشتی بیپارێزێ.
خودا گوێیان لێناگرێ. باران بەردەوامە. من دڵنیام خودا تەنیا گوێ لە خۆی دەگرێ. دەبێ وایش بێ. ساڵانی ساڵ وشکەساڵی، ساڵانی ساڵی تەژی لە بارانی دەوێ. تەنانەت گەر یەک تاقە مرۆڤیش نەمێنێ.
سێ رۆژی تر بڵیندگۆکە هاوار دەکاتەوە کە کەسێکی تاوانبار لە شاردا هەیە کە بە هەڵە ئاوات دەخوازێ و، دەستی وەرداوەتە کاری سروشت و کاری خودا. داوا دەکا خەڵکی بیدۆزنەوە و، هەرچی زووتر بیدەنە دەست مەحکەمە.
دایکم و باوکم کە چەند رۆژێکە لە ترسانا هەڵدەلەرزن و، لایان وایە ئەوەندەی نەماوە ماڵەکەمان لافاو بیبا، قۆلبەستم دەکەن، سواری پاپۆڕێکی قاقەزی دەمدەنە دەست جۆگەیەکی بەخوڕ. لەبەر مەحکەمەکە دوو سەرباز کە تا ناوقەدیان لە ئاودایە و تەنیا نووکی تفەنگەکانیان بەدەرەوەیە، دەمگرنەوە و دەمبەنە ناو ژوورێکی پڕ لە ئاو. قازی مشتێک ئاو بە سەر و چاویدا دەکا و دەڵێ گەر واز لە ئاواتەکەت بێنی، هیچت لێناکەین و دەتنێرینەوە بۆ ماڵەوە. دەڵێم قازی مەگەر ئەوەندە زوو رۆژانی بێژوماری وشکەساڵیتان لەبیر چووەوە؟ دەڵێم لەبیرتە هەتاو چۆن بە زمانی گڕ دار و بەردی دەلستەوە؟ دەڵێم من ئامادەم لە ئاو و لە لافاودا بخنکێم، بەڵام جارێکی تر خاکی وشک و بەردی داغ نەبینمەوە. چیتر دارستانە برژاوەکان بە تەنافی نیگاگانمدا هەڵنەواسمەوە. دەڵێم ئیتر چیتر تەحەمولی گێژەڵوکە خۆڵاوییەکانم نەماوە… داخۆ پیاو تەڕ بمرێ باشتر نیە لە وشک؟
قازی حوکم دەدا بە دارێکەوە دەست و قاچم ببەستنەوە و، بمدەنە دەم ئاو. سەرەتا جۆگەیەکی بەهاژە دەمبا، ئەوسا چەمێک و دوواتر دەریا. تەواوی رێگا چاوم لە هەورەکان و لە دنکە بێ ئەژمارەکانی بارانە. شەپۆلەکان شێتانە دەمدەنە دەست یەکتر. پۆلێک کۆتر تەڕ تەڕ بەسەر سەرمدا تێدەپەڕن. دەریا پڕی پاپۆڕە کاغەزییەکانە بەو منداڵانەوە وا هەر پێدەکەنن و پێدەکەنن. بزەیەکم دێتێ.
دەنگ هەڵدەبڕم: “هۆ کۆترەکان! هەواڵی گەمژەکانی شارەکەمان؟”
وەڵام نیە. ئەوان لە فڕینێکی تەڕ بەردەوامن. کتوپڕ یەکیان لادەکاتەوە و، چاوێکم لێ دادەگرێ. دەنگ هەڵدەبڕم “سەفەر خۆش!”
لەنێوان دەریا و ئاسمانی فرمێسکاویدا سنوورێک نەماوە. پەتەکان، دەخووسێن و دەڕزێن و دەپچڕێن. دادەنیشم. لە دوورەوە بۆنی نانی برژاو دێ. کۆترێک بابۆڵەیەکم دەداتە دەست. منداڵێک دەڵێ گەر گەورە بووم، دەگەڕێمەوە بۆ هەمان کۆڵان. من بزەیەکم دێتێ.
بە خۆم دەڵێم بۆچی نا!
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید