تفەنگێک دەکڕم
تفەنگێک دەکڕم
سکی قۆڕەی دەهات. وەک بڵێی شتێک لە دەروونییەوە دەیەویست بەساخی هەڵیمژێ و، قووتی بدا!
هەتاو بەو سەر سەرەوە وەک تۆپێکی ئاگرین دەدرەوشێتەوە و، گڕ دەهاوێ. گەرمە. ئەم لە کاتێکدا بە لامل و بە ژێر باخەڵیدا ئارەق دێتە خوار، بە بێ ئەوەی خۆی بداتە بەر سێبەری دیوارەکان، چاوەڕووانی هاوڕێکەیەتی. دڵنیایە هەر دێ،… هەر چەندیش بخایەنێ. جارێکی تر لە ناو حەوشەی گەورەی قوتابخانەکە بە دوو بینا گەورەکەیەوە دەڕوانێتەوە. لە ئەسفاڵتە کۆن و چاڵ چاڵاوییەکە، لە دڕکستانەکەی ئەو سەر، لە ئاودەستەکان کە هەمیشە بۆنێکی پیس و ناخۆشیان لێوە دێ، ئەو بۆنەی وا بە کاتی هاوین کەس ناتوانێ تخونی کەوێ،… هەروەها لە باخە کۆنەکە کە چیتر بەر نادا.
نیوەڕۆیە و گەڕەکەکانی دەورووبەر ئارامن. کتوپڕ هاوڕێکەی دەردەکەوێ. بەو شتەوەی وا بەڵێنی دابوو. تفەنگی بادی! گوتبووی کاتێک ماڵەوەیان نانی نیوەڕۆ دەخۆن و، بۆ خەونووچکەی دووای ژەم پاڵ دەکەون ئەو تفەنگەکە دەدزێ،… بە ساچمەکانییەوە. وا دیارە وەعدەکەی بەجێ گەیاندبوو. ئەم لێرەوە بزەیەکێ گەرمی هاتێ.
سەرەتا دڵنیا نەبوون لە کوێوە دەست پێبکەن. ئەم گوتی واباشە لە باخەکەوە دەست پێبکەن، لەبەر ئەوەی گەرمە و چۆلەکەکان بەم کاتەی رۆژ زیاتر روو لەوێ دەکەن. هاوڕێکەی پێی وانەبوو. گوتی بە پێچەوانەوە چۆلەکەکان دەزانن ژەمی نیوەڕۆیە و بنیادەمەکان پاشماوەی خوارنەکانیان فڕێ دەدەنە ناو زبڵەکان، بۆیە بە دەرەوەن. نە ئەم و نە ئەو، سەرئەنجام لە دارتەلەکانەوە دەستیان پێکرد کە بە سەر ئاسمانی قوتابخانەکەدا تێدەپەڕین. لەوێ زیاتر قشقڕەکان هەڵنیشتبوون.
هاوڕێکەی ساچمەیەکی بەر خست و سیرەی تێگرت. چ تفەنگێکی جوان بوو! براکەی لە تاران کڕیبووی. بینیبووی کە جار و بارە لە حەوشەکەیان نیشانە لەم و لەو دەگرێ و، خۆی پێوە هەڵدەکێشێ. هەمیشە وای نیشاندەدا کە تفەنگی راستیە و، ئەویش یەکێک لە قارەمانەکانی مێژووە! بە بزەیەکەوە تفەنگەکەی راست و چەپ دەخستە سەر شانی، بزەیەکی دەهاتێ و دەیگوت تفەنگ چ هەستێکی سەیر بە مرۆڤ دەبەخشێ!
یەکەم نیشانەی گرت و قشقڕەکە کە سیان بوون، هیچیان لێ نەهات. هەروا لە جێی خۆیان مانەوە. ئەم کە چاوەڕووانی ئەوەی ئیستاکە نۆرەی بێ، بەسەرسوڕمانەوە بینی هاوڕێکەی بە بێ ئەوەی سەرنجی ئەم بدا دووهەم ساچمەی بەرخست و دیسان سیرەی لە نیشانەکە گرتەوە. ویستی بڵێ نۆرەی منە! بەڵام هیچی نەگوت. بە چ حوکمێک نۆرەی ئەو بوو؟ خۆ نە خاوەن تفەنگەکە بوو و، نە قڕانێک پارەی بۆ ساچمەکان دابوو. دیسان چاوەڕووانی تەقەی دووهەم مایەوە. ئەمجارە قشقڕەکان فڕین و، لە پشت بانی خانووە گڵیینەکانی ئەو سەر لەچاو ون بوون.
هاوڕێکەی گوتی قشقڕە باش نیە، با بچین چۆلەکە بکوژین!
ئەوسا روویان لە باخەکە کرد. لەوێ وەک دوو سەربازی کۆن و بە ئەزموون، بە سینگە خشە خۆیان خزاندە ناو دارەکان و لە کەمیندا مانەوە. یەک دوو چۆلەکەکەیان بینی، بەڵام لەو لاترەوە جریوە جریوی بێ پسانەوەی کۆمەڵێک چۆلەکە کە تازە خۆیان بە ناو باخەکەدا کردبوو و لەوە دەچوو لەسەر شتێک مشت و مڕیان بێ، سەرنجی قۆستنەوە. بۆیە هەروا بە ئارامی و لەسەرخۆ بەرەو ئەوێ کشان.
تا ئەمڕۆ قەت نەیزانیبوو چۆلەکە تا ئەم رادەیە سرکن. ئەو رۆژە لەناو باخەکە سێ چۆلەکەیان خست، لە بن میچی یەکێک لە بیناکان دوو چۆلەکە و لە تەنیشت ئاودەستەکانیش سیانی تر. هەموو جارێ دەبا ئەم رابکا، چۆلەکەکان بگرێ و بیانهێنێتەوە. هاوڕێکەی هاواری لێکرد کە دەبێ دەستبەجێ سەریان هەڵکەنێ، ئەگینا خواردنیان حەرام دەبێ. ئەوسا خۆی لەبەرچاویدا بێ رەحمانە سەری یەکەمینیان کە ساچمەکە لە سینگی درابوو، هەڵکەند و خستیە ناو ئەو نایلۆنەوە وا بە لاکەلەکەیەوە شۆڕ ببووەوە.
ئەم کە یەکجار بۆی زەحمەت بوو و، قەت شتی وای لە ژیانیدا نەکردبوو سەرئەنجام لە سێهەمدانەدا راهات و وەک هاورێکەی بەهەمان بێ رەحمی و رقەوە لە کاتێکدا ناوچاوانی بۆگرژ دەکرد، سەری دەپەڕاندن و جەستەی بچووک و خوێناویانی دەخستە ناو دڵقەکەوە. هاوکات بێزێکی سەیریش بەناو رۆحیدا هەتا دەهات زیاتر و زیاتر رۆدەچوو.
هاوڕێکەی کە لەگەڵ برا گەورەکەی چەند جارێک گۆشتی چۆلەکە و قشقڕە و کۆتری خواردبوو، باسی تام و لەززەتی خۆشیانی دەکرد. ئەمیش کە ئەوەتەی لەبیری دێ قەت گۆشتی برژاوی نەخواردبوو و، باسکردنەکەی ئەوی بیری بۆنی خۆشی کەبابخانەکانی شار دەخستەوە، بە تامەزرۆییەوە شوێنی هاوڕێکەی کەوتبوو. بگرە دوێنێ شەو تا درەنگان خەوی لێ نەکەوتبوو و، لەناو جێگاکەیدا هەر تلی دابوو. داخۆ سبەی کەی دێ و کەی هەتاو لە رۆژهەڵاتەوە سەر دەردێنێ؟ قەت لەبەر چاویدا شەو ئەوەندە درێژ نەبووبووەوە. بگرە نانی بەیانیشی نەخواردبوو و، خێرا و بە راکە راکە دەرپەڕیبووە دەرەوە. لە دەرگای ماڵی هاوڕێکەی دابوو. دایکی لە پەنجەرەکەوە دەنگی دابوو کە جارێکە کوڕەکەی لەخەو هەڵنەستاوە. ئەمیش لە ناو کۆڵاندا پاڵی بە دیوارەکەی بەرامبەرەوە دابوو و بەتەمای هاتنە دەرەوەی هاوڕێکەی دوو کاتژمێرێک چاوەڕووان مابووەوە. کاتێک هاوڕێکەی لەخەو هەڵدەستێ و، ئەم لە ناو کۆڵان دەبینێ دەنگی دەدا کە بچی و لە حەوشەی قوتابخانەکە چاوەڕووانی بێ. گوتبووی لەبەر ئەوەی کەس لێیان دڕدۆنگ نەبێ.
ئەم دوو کاتژمێرێکیش لە حەوشەکە چاوەڕووان مابووەوە. شەکەت و ماندوو، بەڵام تامەزرۆ و دڵ پڕ لە هیوا.
سکی لەبرسانا قۆڕەی دەهات. لە کیسەکەی رووانییەوە کە ئیستاکە بە کەلەکەی خۆیەوە هەڵواسرابوو. بەدەستە خوێناوییەکانییەوە، کە لەبەر لۆمەی هاوڕێکەی رووی نەببوو خاوێنیان بکاتەوە، ژماردنییەوە. ئا، هەشت بوون. داخۆ بەس نەبوو! دەیانتوانی ئیستا دانیشن و بیانبرژێنن و تێری پێ بخۆن. لە هاوڕێکەی رووانییەوە. ئەویش وەک ئەوی بزانێ چ باسە، گوتی دەبێ یەک دوو قشقڕەیەکیش بکوژن، ئەگینا کەمە و تێری پێ ناخۆن. گوتی تازە ئەگەر کۆترێکیشمان بکوشتایە چ باشتر!
ئەوسا روویان کردەوە دارتێلەکان. قشقڕەکان روویان لە باخەکە نەدەکرد. ئیتر کۆتر هەر هیچ کە لە هیچ کونێکدا پێ و شوێنیان نەبوو! هاوڕێکەی لە یەک دوو قشقڕەی تر نیشانەی گرت بە بێ ئەوەی بیانپێکێ. تووڕە بوو، یەکجار تووڕە. ساچمەکانی ژماردنەوە. تەنیا چەند دانەیەک مابوون. نەیتوانیبوو یاخود باشتر بڵێین نەیوێرابوو زۆر هەڵبگرێ. براکەی پێی دەزانی. جگە لەوە دەبا پێش عەسر و پێش فێنک بوونەوەی هەوا بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. سەرئەنجام قشقڕەیەکی پێکا. لە باڵی دابوو. قشقڕەکە ماوەیەک هەڵفڕی، ئەوسا سەرەوخوار بووەوە و لەو سەری حەوشەکە لەناو دڕکەکاندا ون بوو. ئەم دەبا هەڵێ. هەڵات. گەڕان بەناو دڕکەکاندا ئاسان نەبوو. بە پێڵاوی لاسیقی و، پانتۆڵی کورت و دڕاو و کۆنەوە هەنگاو هەڵێنانەوە زەحمەت بوو. سەرئەنجام دۆزییەوە. مل هەڵکێشانی ئەمە ترسناک بوو. نا، نەیدەتوانی. قشقڕەکە وەک بڵێی شەڕی لەگەڵ دەکرد و بەردەوام خۆی رادەپسکاند. بەپەلە پەل لەترسی ئەوەی نەکا لەدەستی بدا، رایکردەوە بۆ لای هاوڕێکەی. هیچی قاچ و قولی نەمابوو. کزە کزی جێ چقڵەکان تەنگیان پێ هەڵچنیبوو. دانیشت، دەستی کرد بە دۆزینەوە و هەڵکێشانیان.
هاوڕێکەی سەری ئەوەیشی هەڵکەند و، خستیە ناو عەلاگەکەوە.
باشترین شوێن بۆ ئاور کردنەوە، مەودای نێوان ئاودەستەکان و بینای یەکەمی قوتابخانەکە بوو. کەسی لێوە دیار نەبوو. کەمێک دڕک و چیلکە و چەوێڵیان کۆکردەوە و لەبن سێبەری مەستراحەکان کە بۆنەکەی کاسی دەکردن و گۆشەگیرتر بوو، دانیشتن. ئەم وەک هاوڕێکەی دەستی کرد بە لێکردنەوەی پەڕ و پۆی هەشت چۆلەکەکە و تاقە قشقڕەکە. هیچی دەست و پلی نەمابوو. هەمووی خوێن و هەمووی پەڕ و پۆی پێوە لکاو. هاوڕێکەی یەک دووانێکی بە چیلکەوە کردن و، ئەوانی دیکەیشی خستە سەر بەردی تەنیشت ئاورەکە. بۆنی خۆشی گۆشتی برژاو لە گەڵ ئەو پەڕ و پۆیانەی هێشتا وا بە جوانی لێنەکرابووەنەوە، هەستا. بۆنەکە لەگەڵ بۆنی تیژی ئاودەستەکان تێکەڵ بوو. بەڵام ئیستا ئەو زیاتر هەستی بە بۆنی خۆشی گۆشتی برژاو دەکرد. گێژی کرد. سکی ئەوەندەی تر کەوتە قاڕ و قۆڕ. تفی ناو دەمی وشکی بە زەحمەت قوت دا و، لە هاوڕێکەی رووانی کە زۆر وەستایانە و بە بێ پەلە خەریکی ئیش و کاری بوو.
یەکەمین چۆلەکەی گرتە دەست. هاورێکەی گوتی دەبێ بیکڕێنیتەوە، ئەوەندەی گۆشت پێوە نیە. ئەم کەوتە کڕانەوە. برسیەتی تەنگی پێ هەڵچنیبوو. هاوڕێکەی گوتی قشقڕە باشترە. تەختی سینگی هەمووی گۆشتە. ئەم لە قشقڕەکەی رووانی کە لەنێوان چۆلەکەکاندا چاوەڕووانی برژانا بوو.
لای وایە ئێسکی چۆلەکەکانیشی بەدەم کڕانەوەیاندا خواردبوو. بەڵام تێر نەدەبوو… ئۆخەی نەدەهات! برسیتر لەوەی وا بۆی دەچوو، لە ئاورەکەی بەردەمی روانییەوە. برسییەتییک کە قەت بە خۆیەوە نەیبینیبوو. شێتانە دەستی بۆ قشقڕەکە برد کە بیخاتە سەر ئاورەکە. لە دوورەوە دەنگی تڕە تڕی ماتۆڕێک دەهات کە بەو دووانیوەڕۆ گەرمە تێدەپەڕی. هاوڕێکەی دەنگی دایە کە راوەستێ! ئەم گوێی نەدایە. هاوڕێکەی لەسەر ئاورەکە هەڵیگرتەوە. قیڕاندی کە ئەو تەنیا دەبێ چۆلەکە بخوا و، بەس! گوتی تازە ئەوەیکە چوار چۆلەکەیشی بەردەکەوێ زۆرە. ئەم کشایەوە و، لەکاتێکدا چاوی لەسەر قشقڕەکە بوو، دانیشتەوە. بۆنی ئاودەستەکان هەتا دەهات زیاد و زیاتری دەکرد. ویزە ویزی مێشەکان کە ژمارەیان زۆر و زۆرتر دەبوون، وڕی کردبوو. تەنانەت دوو سێزەردەواڵەیەکی زەردی تۆخ بە قاچە درێژ و ناشیرینەکانییانەوە خولێکیان بە سەر سەریاندا دابوون.
تازە بیری دەهاتەوە کە چەندەی تینووە. دەرگای ئاودەستە داخرابوو.لە شووشەیەکی شکاوی پەنجەرەیەکەوە خۆی بە ژوورەوەدا کرد و، لە یەکێک شێرەکان ئاوی خواردەوە.
هاوڕێکەی ئەوەندەیش بێ رەحم نەبوو. تۆزێ لە گۆشتی سینگی قشقڕەکەی لێکردەوە و، دایە دەستی ئەم. بە تامەزرۆییەوە، ئەویشی قووتی دا.
ئەو شەوە دەست و پلی خۆی نەشۆرد. بەردەوام پەنجەکانی بە لووتی خۆیەوە دەنان و، بۆنی پێوە دەکردن. بۆنەکە بەتایبەتی لەژێر لێفەکەدا بە ئەوپەڕی خۆی دەگەیشت. بەخۆی گوت “هەر رۆژێ بێ منیش تفەنگێکی بادی دەکڕم!”
فەڕۆخ نێعـمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید