فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لەسەر پردی سیڕات

کات 20/11/1403 79 بازدید

لەسەر پردی سیڕات

خولە تازە مردبوو و، لەسەر پردی سیڕات خەریکی پەڕینەوە بوو کە لەتەنیشتی‌دا بەتووش پیاوێکی قژ بژی، تێکسمڕاوی، چاویلکە لەچاوی ریشن بوو کە لەبەر خۆیەوە دەیبۆڵاند. گوێی لێ بوو کابرا گلەیی لە شتێک دەکا. کە جوان گوێی بۆ راداشت، تێگەیشت کە دەڵێ “چ دەبوو تەنیا دوو ساعەت دوواتر بمردمایە، چە دەبوو!؟”

خولە ئەوەی لە ژیان لەبیری مابوو (دیارە وەک دووا دیمەن)، دیمەنی مزگەوت تا سەر قەبران بوو. جوان لەبیری مابوو کە چۆن لە مزگەوت شۆردیان، چۆن خستیانە ناو تابووتەکەوە (ئەو تابووتەی وا ئەو ساڵانی ساڵ کاتێک چووبوو بۆ ئاودەستەکانی مزگەوت، لەبن پەنجەرە بەرزەکان بەو حەواوەوە بینی‌بووی)، دوواتر لە قەبران چۆن لەسەر گڵی تەنیشت گۆڕەکەدا رایانگرتبوو، ئەوسا شۆڕبوونەوەی بۆ ناو دڵی خاک و پاشان ترپەی پێی خۆڵ بەسەر تەرمەکەی‌دا. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا بە جوانی گوێی لەگریانی کەس و کار و خزم و دۆستانی ببوو. خولە، وەک چۆن سروشتی ژیانە، دڵی تەنگ ببوو و تەنانەت چەند دڵۆپێک فرمێسکی مردووانە وەک دووا دڵۆپەکانی سەر زەوی بە چاوە قونجاوەکانی‌دا هاتبوونە خوار.

پردەکە لە شوێنێکی ئەفسووناوی‌دا بوو. شوێنێک کە رەنگەکان لە بەستێنێکی نیوە تاریک و تاریک‌دا لە ناو تەم و مژێکی گەڕۆک‌دا جێ‌گۆڕکێ‌یان بوو. خولە لە دەروونی‌دا دەیزانی بە حەیاتی بەسەر ئەم پردەدا کە لە هەموو شتێک دەچوو پرد نەبێ، ناپەڕێتەوە. بەڵام چاری نەبوو. ئەمەیش بەشێکی دیکە لەو رێگایە بوو وا خوا دیاری کردبوو. بۆڵاندی خۆ لانیکەم بۆ پەڕینەوە دەبێ پیاو بتوانێ خۆی بەسەرییەوە بگرێ!… پردێک خۆی بەسەرەوە نەگری، پرد نیە.

لای کردەوە و سەیرێکی کابرای سەر بژی کرد. لەبەر خۆیەوە گوتی هەبێ و نەبێ ئەمە، یان مامۆستای قوتابخانەیە، یان لە زیندان‌دا بووە، یاخود سواڵکەری سەر جادەکان و ناو کۆڵانەکانە. ئەم خەیاڵەی بە مێشک‌دا هات و ئەوسا بە یادی کۆڵانەکانی جاران دڵی تەنگ بوو. تا ئەو جێگایەی جەستەی لەرزۆکی سەر پردەکە ئیزنی پێ‌دەدا، لێی ورد بووەوە. ئا، پێی وابوو پیاوەکە کەمێک ئاشنایە. لە شوێنێک بینی‌بووی. دڵنیایە خەڵکی شارەکەی خۆیانە،… یان رەنگە شارێکی دراوسێ. دەیزانی هەرچی عەبدی خودا هەیە، جا لەهەر کوێی دونیادا ژیابێتن سەرئەنجام بەسەر ئەم پردەدا تێدەپەڕن. بە ئارامی، لەکاتێک‌دا زۆر لە خۆی دڵنیا نەبوو، گوتی سڵاوت لێ بێ!

خولە لە سەردەمی ژیان، وەک خەڵکی دەیانگوت مرۆڤێکی باش نەبووە. دیارە خۆی بەتوندی ئەمە رەد دەکاتەوە و، لای وایە ئەگەر باشترین نەبووبێ ئەوا لانیکەم یەکێکە لەوان. مەگەر باشی چییە؟ یان ئەوانەی باش بوون، بەڕاستی وەک دەڵێن مرۆڤی چاک بوونە؟ ئەو لەسەر ئەم رایە نیە. خولە دەتوانێ بە سەدان و هەزاران نموونە دەربارەی کرداری خراپی ئەو جۆرە مرۆڤانە بێنێتەوە. تەنیا ئەوەندەی گوێی لێ‌بگرن و، زیاتر لەمە باوەڕیشی پێ‌بکەن.

وەک دەیانگوت خولە هەتیوباز بووە، دز و سەرسەری، دەم شڕ و جوێن فرۆش بووە، قەت لە ژیانی‌دا کاری نەکردووە. بەکورتی ئەوەی خوای مەزن وەک داوا لە عەبدی خۆی کردبوو، قەت لە ژیانی‌ ئەودا گرینگی نەدراوەتێ.

کابرای ریشن وەڵامی سڵاوەکەی نەدایەوە. لەکاتێک‌دا هەر دوو باڵی وەک کۆتر کردبووە و، بەردەوام لەبەر دەمی خۆی و لە هەنگاوەکانی دەڕوانی و بە سەبر و دڵەڕاوکێوە قاچەکانی لەسەر پردە دەزوو ئاساکە دادەنا، گوتی پێت وایە بتوانین لێرە بپەڕێینەوە؟

خولە گوتی ئەوەی من دەیبینم، لەسەر ئەو رایەم قەت نا! تازە گەر کەمێک لەپێشەوەی خۆت بڕوانی دەبینی ئەو سەری دیار نیە. کابرا دیسان بەبێ ئەوەی لە خولە بڕوانێ گوتی بەهەرحاڵ دەبێ هەوڵی خۆمان بدەین،… وانیە؟ خولە گوتی کوڕە خۆ لە ژێرەوەیشمان جگە لە تەم و مژ هیچ دیار نیە، مەعلوم نیە بەربینەوە دەکەوینە کوێوە. چاویلکە لەچاوەکە گوتی لێرەیش وەک سەردەمی ژیانە، رێگاکان هەموویان نادیار و نادڵنیا و تەسکن،… سەیر نیە!؟

خولە لەترێکی دا و، بە زەحمەت خۆی گرتەوە. لەکاتێک‌دا دڵی لەسەر هەزار لێی دەدا و، هەناسە بڕکێی بوو بە ترسەوە قیڕاندی خوایە گیان تەنیا یەک بەزەیی… بەزەییەک! بەخوا لەمە زیاتر هیچی ترم ناوێ، خۆت دەزانی من سەردەمی ژیان قەت داوای هیچم لێت نەکردووە، ئیستا کە تەنیا یەک داوام لێت هەیە تکایە رەحمت بێ… بەزەییت هەبێ و بهێڵە بەسەر ئەم تاڵە دەزووە لەرزۆکەدا بپەڕمەوە… تکایە… تکایە پەروەردگاری مەزن.

ئەوسا فرمێسکەکانی بەسەر بۆشاییەکەی ژێرەوەی‌دا بەر بوونەوە.

خولە بە بیستنی لەفزی ‘پەروەردگار’ کە لەدەمی هاتبووە دەر، رازی و لەخۆبایی بە خۆی گوت وادیارە ئەوەندەیش گەمژە نیم!

رێک لەم کاتەدا کابرای ریشن، بە ژنەفتنی هات و هاواری خولە راوەستا، سەری هەڵهێنا و بە تەعەجوبەوە لێی رووانی. نیگاکانی پڕ بوون لە سەرسوڕمان و پرسیار و… هاوکات خۆشحاڵی. خولە کە تازە خۆی گرتبووەوە و، هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشا لە پیاوەکەی رووانی. چاویلکە لەچاوەکە بە خۆشحاڵییە گوتی ئەوە تۆی لێرەی؟… وای چ رێکەوتێک! وای چەند خۆشە!

خولە ناوچاوی لێ تاڵ بوو و، هەروا لە کابرا راما. کابرایش درێژەی دایە کە ئیستا دەزانم بۆچی سەرەڕای ئەو هەموو دۆعاکردن و پاڕانەوەم خوا گوێی لێ‌نەگرتم و گیانی کێشام… ئیستا دەزانم!

خولە هەر وا لێی دەڕوانی.

پیاوە قژ بژەکە درێژەی دایە کە ئەمەیش یەکێکی دیکە لە عەجایبەکانی خڵقەت و بوون! ئەمەیش دیاردەیەکی تر کە دەیسلمێنێ ژیان لەبنەڕەت‌دا لەسەر شتە پێش‌بینی نەکراوەکان راوەستاوە. ئاە خوایە… ئاە خوایە گیان… سوپاس کە منت لە دووا ساتەکانیش‌دا لەبیر نەکرد و نەتهێشت پڕۆژەکەم ناتەواو بمێنێتەوە.

خولە کە زۆری بوو هاتبوو، قیڕاندی ئەرێ دەکرێ پێم بڵێی چ باسە… پەڕۆ… (پڕۆژەی بۆ نەهات) چی و شتی چی، باسی چی دەکەی؟

کابرا گوتی تۆ یەکێک لە کاراکتێرەکانی رۆمانێکی منی. نا، یەکێکیان نا، بەڵکو کاراکتێری سەرەکیی دووا رۆمانی منی. لە کۆتایی نووسینی رۆمانەکەم‌دا بووم کە ئیزرائیل لە لوولە کوورەی سەر بانەکەوە خۆی بە ژوورەوەدا کرد. لە ناو ئاگری کوورەکەوە گوزەری کرد و خۆی گەیاندە من و لە نیوەشەوێکی زستانی‌دا گیانی ئەستاندم. ئەو شەوە خەریکی دووا رستە و دووا پەرەگرافەکان بووم لەسەر تۆ. هە هە هە… سەیر ئەوەیە رێک تۆم گەیاندبووە سەر پردی سیڕات… رێک ئا ئێرە. تێدەگەی ئا ئێرە! تۆ هەر ئەو کەسەی وا من وەسفیم کردووە. چ لە رواڵەت‌دا و چ لە کردەوە و ئاکارت‌دا. ئەوسا بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو و، پاشان گوتی دڵنیام کە کەسێکی سەرسەری و هەتیوباز و بەگشتی نەگبەتیت،… وانیە!؟ بێگومان وایە… دەزانم وایە… ئاخر من تۆم خوڵقاندووە… من،… تێدەگەی من!

خولە کە تەواو سەری لێ سووڕمابوو، گوتی کەواتە تۆ منت مراند،… ها گەواد کەواتە تۆ منت مراند؟

کابرا کە ئیستا دەرکەوت نووسەر بووە، بە دڵنیایی و لە کاتێک‌دا بزە و پێکەنینێکی بەردەوام لەسەر لێوەکانی بوون و نەدەڕەوینەوە، گوتی ئەیچۆن کاکی برا ئەیچۆن! گوتی دەزانی تۆ یەکێک لە خۆشەویسترین قارەمانەکانی من بوو لە ناو چیرۆکەکانم. رەنگە خۆشەویست‌ترینیان. بیستووتە دەڵێن پاشەبەرە خۆشەویست‌ترین و شیرین‌ترین منداڵی دایک و باوکە، تۆیش وەهای. من ئیستا دەزانم تۆ کێی و لە کوێوە هاتووی و بە گشتی ژیانت چۆن چۆنی گوزەراندووە. هەروەها تەنیا منم دەزانم کە تۆ ئەوەی نیت لە ژیانت‌دا هەبووی. مرۆڤەکان تەنیا کردەوەکانی تۆیان دەبینی، بەڵام من دیوی ناوەوەی تۆیشم دەبینی. دەزانی لە رۆمانەکەم‌دا هەوڵم داوە ئەوە نیشان بدەم مرۆڤەکان ئەوە نین دەینوێنن، دەزانی بەڕای من ئەمە گەورەترین ئەرکی هەر نووسەرێکە،… هەڵبەت دەبێ دیان بەوەیش‌دا بنیم کە تێگەیاندنی خەڵک لەم بارەیەوە یەکجار دژوارە، ئەوەندە دژوار کە دەبێ بڵێم تا رادەیەکی زۆر مەحاڵ.

لێرەدا کاکی نووسەر روخساری تەواو غەمگین هەڵگەڕا. خولە کە لەم وەزعەی خۆی تەواو تووڕە بوو، دەنگی هەڵبڕی ئەی گەوادی دایک قەحبە نەدەکرا من نەگەیەنیتە سەر ئەم پردە حیزە،… ها، نەدەکرا!؟

کابرا قاقا دەستی کرد بە پێکەنین. گوتی رێک ئەوەی وا من وێنام کردووە… رێک وەک خۆی موو لێ‌نادەی. نەمدەزانی کە کاراکتێری ناو چیرۆک و رۆمانەکان دەتوانن ئەوەندە زیندوو و ئەوەندە بەگوڕ بن… هە هە هە… خۆشحاڵم خۆشحاڵ… ئاە خوایە گیان، زۆر سوپاس زۆر سوپاس!

خولە لەترێکی خراپی تری دا و، ئەمجارە بەزەحمەت خۆی گرتەوە. لە کاتێک‌دا ئارەق وەک باران بە سەر و روخساری‌دا دەهاتە خوارە، گوتی دەی باش من چیم بەسەر دێ، ها چی؟

کابرای ریشن راوەستا، دەستی راستی بۆ ریشی برد و خوراندی و گوتی ئەمە ئەو بەشەیە کە من بیرم لێ‌دەکردەوە کاتێک ئیزراییل خۆی کرد بە ژوورەوەدا. دەبێ دیان بەوەدا بنێم کە تیایا مابوومەوە لەسەر پردی سیڕات چیت لێ بکەم… چ چارەنووسێکت بەسەردا بێنم. پێم وابێ بە هیچ ئاکامێکیش نەگەیشتم بۆیە خوا بڕیاری دا گیانم بکێشێ. دەزانی خراپترین بوونەوەر ئەو کەسەیە وا نازانێ چی لە داهاتووی خوڵقێندراوەکانی خۆی بکا. مەرگ، سزای من بوو،… تێدەگەی سزای من بوو. ئاە،… ئاە ئەویش چ سزایەک.

خولە نەڕاندی ئەم قسە قۆڕانە لای من ناخوا، یاڵڵا پێم بڵێ چیم بەسەر دێ، ها… چیم بەسەر دێ؟

کاکی نووسەر لە ژێر پێی خۆی لە قووڵاییە نادیارەکانی رووانی. لەبەردەمی خۆی لە بێ‌کۆتاییە مژاوییەکە مۆڕ بووەوە. ورتەیەکی لێوە هات کە خولە لێی حاڵی نەبوو. وەک بڵێی چەندین دەرفەت لە زەینی خۆی‌دا دێنێ و دەبا. ئەوسا گوتی پێم وابێ دوو رێگام لە بەرە: یان دەبێ بپەڕیتەوە یان دەبێ بەربیتەوە!

خولە قیڕاندی ئەمە هەموو گەوادێک دەیزانێ. کابرای چاویلکە لەچاو سەری هەڵبڕی و، گوتی راست دەکەی، گەر من ئەمە بکەم لە راستیدا هیچ داهێنانێکم نەکردووە. ئەوسا زیاتر رۆچووە بیرانەوە

خولە، کە هەستی دەکرد چیتر وزەی تیا نەماوە و سەرەڕای بڕینی بەشێکی بەرچاو لە رێگاکە، هێشتا داهاتوو نادیار بوو بیری لەوە کردەوە کە پاڵێکی پێوە بنێ و بیخاتە خوارەوە. بەڵام لەترسی ئەوەی خۆیشی لەگەڵی بڕوا، وازی هێنا.

کاکی نووسەر گوتی دوو رێگای ترم لەبەر دەست‌دایە: یان بتگێڕمەوە بۆ ناو ژیان، یاخود بۆ هەمیشە لەسەر ئەم پردە بتهێڵمەوە. ئاها،… ئیستا هاتەوە بیرم. ئەو شەوەیش هەر لەمەدا مابوومەوە. دەزانی گەر بتگێڕمەوە لەگەڵ ئەوەی لێت تێدەگەم و دەزانم تۆیش یەکێک لە قوربانییەکانی ژیانی، بەڵام خەڵکەکە لێم تووڕە دەبن و گەر لێرە بەسەر ئەم پردەوە بتهێڵمەوە ئەوا لە عەزابێکی هەمیشەیی‌دا دەبی کە ئینسانی نیە…. نا… نا… هیچ چیرۆکنووس و رۆماننووسێک ئەوەندە بێ‌ڕەحم نیە.

خولە ئەوەندە تووڕە و ماندوو بوو کە چەند جوێنی تری حەواڵەی کابرا کرد. بەڵام کاکی نووسەر ئەوەندە لە ناو حاڵ و هەوای خۆی‌دا بوو کە وەک بڵێی ئاگایشی لێ نەبێ. لە قووڵاییەکان‌دا لەگەڵ شەپۆلی رەنگەکان، لەو بەستێنە تاریک و نیوە روونەدا دەنگی سەیر و سەمەر دەهاتە گوێ. کاکی نووسەر گوتی دەنگی ئەو مرۆڤانەی وا یان زۆر خۆشبەختن یاخود زۆر بەدبەخت. خولە هاواری کرد ئەژنۆم دەلەرزێ ژن حیز، بڕیارێک! چاویلکە لەچاوەکە گوتی ژیان نابێ بگاتە هیچ شوێنێک بۆ ئەوەی بەردەوام بێ. خولە قیڕاندی بەری پێم شیتاڵ شیتاڵ بوون، کۆتاییەک گەواد!

لەسەر پردی سیڕات

کاکی نووسەر بە پەنجەی ئاماژەی عەینەکەکەی کەمێک هەڵکشانەوە و، چرپاندی:

ـ تەم و مژەکان نابینی؟ مەگەر نازانی کۆتاییەک بوونی نیە!؟

فەڕۆخ نێعمـەتپوور

تەگەکان : ، ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *