لەپاش بیست و پێنج ساڵ
لەپاش بیست و پێنج ساڵ
لەدووای رۆژێکی دوور و درێژی مانەوە لە پێشانگەی کتێبی نێودەوڵەتیی هەولێر، سەیرکردنی ژوورە جۆربەجۆرەکان، رووانین لە کتێبەکان و کڕینی هەندێکیان،… لەپاش گفتوگۆیەکی دوور و درێژی هاوڕێیانە لەبابەت دونیای رۆشنبیری و رۆچوون بە رابردوودا و ئەوەیکە نەمانزانی چۆن چۆنی بیست و پێنج ساڵ تێپەڕی، بۆ خواردنەوە روو لە باڕێک دەکەین.
چوارین. هەموومان سەر و ریشمان سپی کردووە. دووانمان بە تەنکە ریشەوە و یەکیشمان بە ردێنێکی بزنی یاخود پرۆفیسۆرییەوە. لەگەڵ ئەوەی کەسمان باسی تێپەڕینی تەمەن ناکا، بەڵام نیگاکانمان تەژین لە بینینی زەمەنی کەڵەکەکراو و پیری لەئەوی دیدا. یاخود تەژی لە هەوڵدان بۆ بینینەوەی شتێک لە رابردوودا کە رەنگە هێشتاکە ماوە و نەگۆڕدراوە.
پاش لێخوڕین بەناو شەقامە قەرەباڵغ و سەر لێشێواوەکاندا، دەگەینە باڕەکە. لێی ورد دەبمەوە. ئەقڵ پێم دەڵێ باڕەکە بینایەکی نوێیە، ئەگەرچی هاوکات لەبەر چاومدا کۆن دەنوێنێ. دەمەوێ بپرسم. بپرسم کە داخۆ لەم گەڕەکە سەرتاسەر نوێیەدا کە بیست و پێنج ساڵ لەمەو بەر هەر نەبووە و ئەو کاتانانە دەشتێکی کاکی بە کاکی و قاقڕ بووە، ئەم بینایە چۆن چۆنی دەتوانێ لەچاو ئەوانی دیکەدا وەها کۆن بنوێنێ.
پەژیوان دەبمەوە و، ناپرسم.
بە پێپلیکانەکاندا سەردەکەوین. چوونە ژوورەوەمان، سەرەڕای ئەوەی من میوانم و رێزێکی تایبەتیم لێدەگرن، لە کۆتاییدا بە گوێرەی تەمەنە. یەک بە دووای یەکدا تێدەپەڕین. هەر لە هۆڵی بچووکی چوونە ژوورەوەوە هەست بە مت بوونی رووناکایی باڕەکە دەکەم. لە راستیدا باڕەکە لە نیوەتاریک تاریکترە و کورسی و مێز و ئەو تاق و تەرا مشتەریانەی وا لێرە و لەوێ دانیشتوون، وەک سێبەرێکی خۆڵەمێشیی خەست خۆیان دەنوێنن. کتوپڕ سەرنجم دەچێتە سەر چوار کیژی جوان و سەرنجڕاکێش کە لەبەر دەم شوێنی خواردنەوەکان، رێک پێش ئەوەی بادەیتەوە بۆ هۆڵە سەرەکییەکە، لە دەوری مێزێک دانیشتوون. چوار کیژۆڵەی قژ رەشی سپیکەلە و سەوزە بە موبایلەکانیانەوە و بە شەڵواری جین و تی شێرتی رەشەوە کە ئەوەندەی تر سپیکەڵەتریان دەنوێنێ، سەرقاڵن.
لە کاتی تێپەڕین بە لایاندا هەر چواریان بە وردی لێمان دەڕوانن، بە بێ هیچ چەشنە بزەیەک یاخود بێزارییەک. وەک بڵێی دەزانن جوانییەکەیان بەسە بۆ ئەوەی بەتەواوی سەرنجڕاکێش بن.
تێدەپەڕین. لە گۆشەیەکدا سەرئەنجام لەسەر مێزێک بڕیار دەدەین دانیشین. لەناوەوە، هۆڵەکە هێشتا تاریکتر دەنوێنێ. دادەنیشین. دەڵێم بۆ ئەوەندە تاریکە، حەق وابوو کەمێک روونتر بێ. یەکیان دەڵی وا باشترە، بەس نیە کەس نازانێ لە دەوری مێزەکەی تر کێ دانیشتووە! یەکی دیکە دەڵێ ئیتر کەسیش ناتوانێ بە موبایل وێنەمان بگرێ!
پاش کەمێک لە جیاتی ئەو چوار کیژە، کوڕێکی گەنجی قۆز بە قەڵەم و دەفتەرچەیەکەوە دێتە لامان.
ـ چوار چارەک ویسکی، زەڵاتە، سێ ئاو، سەهۆڵ، حوموس تەحینە، نێرگەلە…
کوڕە یادداشتیان دەکا و، دەڕوا.
من چاوم لەسەر چوار کچەکەیە. هەروا بە موبایلەکانیانەوە سەرقاڵن. جاروبارە سەر هەڵدەبڕن، لادەکەنەوە و لێمان دەڕوانن. ئێمە نەک بە باوک، بە باوەگەورەشیان دەشێین. تەنیا ئەوەندەی زووتر ژنمان بێنایە.
دەست دەکەینەوە بە هەمان قسە و باسەکانی لەوە پێشمان. ئەگەرچی ئەمجارە سیاسەت زۆرتر زاڵە. باس باسی ریفراندۆمە. دەپرسم ئەو کچانە لێرە ئیش دەکەن؟ یەکیان دەڵێ ئەرێ. دەڵێم لەشفرۆشن؟ دەڵێ بەو شێوەیە نا، بەڵام دەتوانی بانگیان بکەی و بێنە لات دانیشن، پاشان لە دووای کاتژمێر دوانزە لەگەڵتا بن… یەکێک لە کچەکان سەر هەڵدەبڕێ و، تەماشامان دەکا.
ئێمە لەکۆتاییدا بەو ئەنجامە دەگەین کە شیکردنەوە و گەیشتن بە لێکدانەوەیەکی تەواو باوەڕپێکراو لەمەڕ ریفراندۆم و رووداوەکانی پاشی، وەها کە هەموو لەسەری رێک بکەون، ئەستەمە. مێژوو وەک هەمیشە مەیلی بە خۆ حەشاردانە. کیژۆڵەیەکی عەرەبی سەرتاپا عاباپۆش لە بیابانێکی حیجاز کە لە دوورەوە لەناو سەرابدا هەنگاو هەڵدێنێ.
وازی لێدێنین.
بەرەبەرە قەرەباڵغتر دەبێ. دەبینم کچەکانیش دەجووڵێن و، دەست دەکەن بە خزمەتکردنی مشتەرییەکان. رێک وەک ئەو کوڕە گەنجەی ئێمە.
کەمکەم کات دەگوزەرێ. سەرمان گەرم دەبێ. لەمە زیاتر، سەرخۆش دەبین. دووکەڵە جگەرە و نێرگەلە وەک تەمێک ئەوەندەی دیکە هۆڵەکە تاریکتر دەکا. بیری سەرەتای ئاوارەیی خۆم دەکەومەوە کە دوو ساڵی رەبەق هەموو شتێکم لەپشت دیوارێکی مژاویی و تاریکەوە دەبینی. ئەو دوو ساڵەی هەتا راهاتم، جیهان بوونێک بوو لەوبەری منەوە لەودیو مژێکی قیرسیچمەی شینباوەوە. من لێرە و، ئەو لەوێ. من کە لەمێژە نەمخواردووەتەوە، هەستێکی پەشیمانی لەوەی بۆچی ئەوەندە سەبارەت بە خواردنەوە کەمتەرخەم بووم، دامدەگرێ. زوو لە بیری دەکەم. یەکێک لە هاوڕێیان نوکتەیەکی خۆش دەگێڕێتەوە. قاقا پێدەکەنین. چاوەکانم قورستر و، لێڵتر دەبن. دیمەنێکی کۆن کە نازانم چییە دێتەوە خەیاڵم. شتێکی وەک خواردنەوە لە دۆڵێک لە بن شاخێک. لەکاتێکدا دەنگی گۆرانییەک دێ. خەیاڵەکە ون دەبێتەوە.
گوێم لێیە یەکمان دەڵێ بۆ داوای جێیەک زەیتون نەکەین، یەکی تریش دەڵێ قلیانێکیش. ئەوی تر دەڵێ خۆ تۆ جگەرە ناکێشی؟ ئەویش دەڵێ هەتیو خۆ من داوای جگەرەم نەکردووە. منیش دەڵێم یەعنی تۆ بە بێ ئەوەی جغەرەکێش بی، قلیان دەخۆی؟ بە سەرسووڕمانەوە لێم دەڕوانی. دەڵێ بۆ نا؟ دەڵێم قلیان توندە. دەڵێ با بیهێنن، تاقی بکەوە بزانە چەند خۆشە!
ئەوسا دەستهەڵدەبڕن. یەکێک لە کیژەکان کە لەسەر مێزەکەی تەنیشتمانە، دێت. یەکجار جوان و گەنجە. لەنزیکەوە هەیمەنەی جوانییەکەی بەخوڕتر لە هەمیشە وەک پەڵەهەورێکی باراناوی بەسەر سەرتدا دادەکا. هەست دەکەم هێشتا منداڵە. رەنگە هەفدە ساڵ. بەدەم داواکارییەکانیانەوە، ئاگام لێیە بە عەرەبی قسەی دیکەیشی لەگەڵ دەکەن. لەبەر دەنگی مۆسیقا و گمەگمی گوێچکەکانم و کاسیی سەرم جوان لە وشە و رستەکان حاڵی نابم. کچەکە بە نیگایەکی سەیرەوە لەمن دەڕوانێ. ئەویش بە رستەیەکی کورت لە کاتێکدا سووکە نیگایەکم تێدەگرێ، دەدوێ. دوواتر هەندێ مێزەکە خاوێن دەکاتەوە و، دەڕوا. دیسان هەمان نیگام تێدەگرێتەوە.
کە دەڕوا، ئەوەی تەنیشتی چەپم دەڵێ عەرەبی سووری یاخود عەراقییە… پێم گۆت ئەمە هاوڕێیەکی ئازیزمانە و لە خاریج هاتووەتەوە، گۆتم پیاوێکی وەهایە و خۆشمان دەوەێ و…
باوەڕناکەم هەر ئەمەی پێ گوتبێ.
من بیر لە نیگای کچەکە دەکەمەوە. لەگەڵ خۆی دەمبا… ئیستا دەزانم! دێتەوە بیرم کە بیست و پێنج ساڵ لەمە بەر کاتێک دۆستێک لە نۆروێژ بۆ سەردان هاتبووەوە، منیش بە هەمان نیگاوە لەوم روانیبوو. نیگایەک تەژی لە خەیاڵی فڕین و دەربازبوون.
دەورووبەری کاتژمێر یانزەی شەو، هەر کامەمان لەپاش خواردنی شیشێک پەراسوو هەڵدەستین و دەڕۆین. تامی تاڵ و ناخۆشی گۆشتی سووتاو هەر لە دەممدایە و دووکەڵە جگەرەیش نایسڕێتەوە. دیسان وەک سەرەتای ئێوارە هەر چواریان لەسەر هەمان مێز لەتەنیشت باڕەکە دانیشتوونەتەوە. بەهەمان نیگای سەرەتاوە لێمان دەڕواننەوە. جگە لەو دانەیان کە هەمان نیگای بیست و پێنج ساڵ لەوە پێش منی لەخۆیدا حەشار داوە.
فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید