خەیاڵ باشترە
خەیاڵ باشترە
بەیانی کە لەخەو بەئاگا هاتم، هەستم کرد لایەکم قورسە. بە خۆم گوت هی ئەوەیە زۆری بەسەردا کەوتووم و، لەسەری خەوتووم. لای چەپم بوو. بەسەر پشتدا کەوتم بۆ ئەوەی لاسەنگییەکەم چارەسەر بکەم. بەڵام بێسوود بوو. تێپەڕینی کات، کە لەم کاتانەدا چارەسەر بوو، هیچی لێ نەکەوتەوە. بەخۆم گوت زیاتری دەوێ. دیسان بێسوود! کە سەرم وەرگێڕا و، لە خۆم رووانی بینیم قۆلم درێژترە لەوەی کە دەبێ ببێ!
لە ترسا راچەنیم. نا، چاوم خراپی نەدەبینی. قۆلی چەپم نیو میترێک درێژتر ببوو. لە ترسانا قیژەیەکم لێبووەوە. سەیری قۆلی راستم کرد. وەک خۆی بوو. قۆلی چەپم بە ئارامی بەرز کردەوە. چەند درێژ بوو! لە دەور و بەری خۆم رووانی،… لە ناو ژوورەکە. هەموو شتێ وەک جاری جاران بوو. چاوم نوقاندەوە. بە خۆم گوت رەنگە خەون دەبینم. نا، خەونیش نەبوو. لە کاتێکدا دڵەڕاوکێیەکی سەیر سەرتاپای جەستەمی داگرتبوو، هەروا لە شوێنی خۆم مامەوە. گوێم لێ بوو باوکم بە دایکمی گوت ئەرێ ئەوە بۆ جەنابی دیسان لە خەو هەڵناستێ… مەگەر نازانێ درەنگە؟ گوێم لە ترپەی هەنگاوەکانی دایکم بوو کە بەرەو ژوورەکەم دەهات. بەپەلە قۆلم لە ژێر لێفەکەدا شاردەوە. تا گۆزینگم دەهات. دایکم دەنگی دام درەنگە. گوتی خولەی ئامۆزات چاوەڕوانتە، مەگەر بەڵێن نیە بچن بۆ کۆڵکێشی. بە پەلە گوتم ئەوا دێم.

دایکم رۆیشت. درۆم دەکرد. لەکاتێکدا بە ئارامی قۆلم لە ژێر لێفەکە دەرکێشایەوە دەرەوە، بە ترسەوە لێم روانییەوە. بەخۆم گوت رەنگە تا ئیستا وەک خۆی لێهاتبێتەوە. لەهەڵەدا بووم
پێنج خولەکێکی تر تێپەڕی. هەستم کرد لاسەنگتر دەبم. لێم رووانییەوە. وای ی ی… ئەوەندەی تر درێژتر ببووەوە! دیسان قیژەیەکی دیکەم لێوە هات. ئەمجارە وەها کە دایکم و باوکم پێکەوە بە پرتاو خۆیان بە ژوورەکەدا کرد. فریا نەکەوتم بیشارمەوە. باوکم کە هێشتا پارووی ناشتای لەدەمدا بوو و، فریا نەکەوتبوو قووتی بدا لە کاتێکدا وشە و رستەکان لەناو پارووە تەڕ و نیوە تەڕەکاندا گێژ و لوولیان دەخوارد بە شێوەیەکی نادیار کە من بە زەحمەت ماناکەیم بۆ ساخ کرایەوە، گوتی ئەرێ هەتیو ئەوە بوو راست نابیتەوە،… هەتاو گەیشتە تەوقی ئاسمان! بەڵام دەستبەجێ هەر دووکیان چاویان بە قۆلەکەم کەوت و، لە کاتێکدا نووزەیەکیان لێوەهات و دەستیان بە دەمیانەوە گرت، یەک دوو هەنگاوێک کشانەوە. هاوارم کرد هیچ نیە، چاک دەبێتەوە.
بەڵام چاک بوونەوەی چی و، شتی چی! هەتا دەهات قۆلم درێژ و درێژتر دەبووەوە. وەها کە سەرەتا هەتا دەرگاکە کشا. پاشان لەوێوە لوولی خوارد و، بە درێژایی دیوارەکان کشا و کشا. باوکم بە هەر دوو دەستی کێشای بە سەری خۆیدا و، قیڕاندی کە ئەی باوکەڕۆ قوڕ کرا بەسەرماندا! دایکم کە سپی سپی هەڵگەڕابوو و، هەر دوو چاوی پڕی فرمێسک بوون گوتی پیاوەکە لەجیاتی ئەوەی مشورێک بخۆی ئەم هات و هاوارەت لە چییە؟ یاڵڵا فریا کەوە دەبێ چارەیەک بدۆزینەوە!
باوکم بەپەلە چووە دەرەوە و، کاتێک هاتەوە تەورێکی بە دەستەوە بوو. ئەو تەورەی کە ساڵانی ساڵ بوو لە ژێرزەمینییەکەدا بوو و ژەنگی هەڵێنابوو. گوتی ئافرەت خۆت لادە دەیقرتێنم! دایکم زریکاندی هەی رۆ دەتەوێ کوڕەکەم بکوژی! ئەمەی گوت و، بەپەلە تەورەکەی لە باوکم سەند.
نیگا ترساو و، سرکەکانی دایکم و باوکم لە نێوان من و قۆل و ژوورەکەدا سەرگەردان دەهاتن و دەچوون. لەم بەینەیشدا قۆلی من هەر دەهات درێژ و درێژتر دەبووەوە. ئیستاکە بە دەوری ژوورەکەدا وەک رەشمارێکی ترسناک چەند قەفی خواردبوو. دایکم گوتی دەبێ بیبەین بۆ لای دکتۆر! دەی یاڵلا! باوکم دەنگی دایە کە دکتۆری چی و تەڕەماشی چی! بەم حاڵە نە من دەمتوانی بجووڵێم و، نە لە هیچ ماشینێکیشدا جێگام دەبووەوە. ئەوسا درێژەی دایە گەر ئاوا بڕواتە پێش، لەماڵەکەدا جێی نابێتەوە و بەسەرماندا دەیڕووخێنێ!
لەم کەین و بەینەدا کتوپڕ باوکم بە هەڵەداوان هەڵاتەوە دەرەوە. ئەوەندەم نەزانی لەسەر بان زرمە زرمێک بەرز بووەوە. گەچ و چیمەنتۆ و تەپ و تۆز بە ناو ژوورەکەدا بڵاو بوونەوە. زۆری پێنەچوو باوکم کونێکی لە سەقفەکەدا دروست کرد. پاشان بە پەلە دیسان خۆی بە ژوورەوەدا کردەوە. هاواری لێکردم کە هەر چۆنێک بووە دەبێ من دەستم لەو کوونەوە ببەمە دەرەوە تا ئەوان چارەیەک بۆ نەخۆشییەکەم دەدۆزنەوە.
دەبێ بڵێم ئەمە بۆ من یەکجار کارێکی زەحمەت بوو. بە هۆی درێژیی قۆلمەوە، هەست کردن بە لەپ و پەنجەکانم کە هەتا دەهاتن زیاتر و زیاتر لێم دوور دەکەوتنەوە، زەحمەت بوو. هێشتا مێشکی من بە وەها کۆنتڕۆڵێک لە رێگای دوورەوە رانەهاتبوو. هەوڵێکی زۆرم دا. من کە سی و پێنج ساڵم تەمەنە و، هێشتا نەمتوانیوە ژیانێکی سەربەخۆ بۆ خۆم پێک بێنم و لەسەر ماڵی باوکمم بە خۆم گوت دەی یاڵڵا هیممەتێکی مەردانە! دەی یاڵلا گەر گوڵ نەبووی دڕکیش مەبە، لانیکەم ماڵی باوکت کاول مەکە!
کێشەکە لەوەدا بوو کە درێژ بوونەوەی قۆلم رانەدەوەستا، تا من بتوانم بە هەر کلۆجێک بووە هەست بە سەر پەنجەکانی خۆم بکەم و بەم شێوەیە بەرەوە کونی سەقفەکە ئاراستەی بکەم. سەرئەنجام پاش زەحمەتێکی زۆر دەرەقەتی هاتم و، پێش ئەوەی قۆلم هەموو ژوورەکە بتەنێ لە کوونەکەوە ئاودیوم کرد.
باوکم لە خۆشیانا قیڕەیەکی سەیری لێ بەرز بووەوە.
هەر کە مشتم لە رۆچنەکەوە گوزەری کرد، تەواوی قۆلم وەک دارێکی درێژ و رەپ بەرەو ئاسمان شێتانە هەڵکشا و رۆیی و رۆیشت! باوکم کە هەناسەیەکی بەبەردا هاتبووەوە، تەپ و تۆزەکەی لە خۆی تەکاند. دایکم کە بە گۆشەی لەچکەکەی فرمێسکەکانی دەسڕییەوە، ئەمجارە بەکوڵتر دایە پڕمەی گریان.
لەو رۆژەوە من ئیتر لە ماڵەوەم. دایکم و باوکم بەردەوام مشت و مڕی ئەوەیانە کە داخۆ دکتۆر بێننە سەرم یان نا. من کە سەرەتا لام وابوو ناتوانم تا ئەبەد قۆلم رەپ بەرەو ئاسمان راگرم و، زۆر خێرا ماندوویی چۆکم پێ دادێنێ، بینیم کە نا بەپێچەوانەوە کارێکی زەحمەت نیە. بگرە بەرە بەرە بە دۆخی نوێی خۆم رادەهاتم و، تەنانەت پێیشم خۆش بوو!
دەستی من کە ئیستاکە دەگەییە ئاسمان، شتی سەیر سەیری دەکرد و دەگرت. بۆ نموونە هەورەکانم دەگرت و یاریم پێ دەکردن. ئەوەی وا کاتی خۆی خەیاڵم پێوە کردبوون و قەت نەمتوانیبوو پێیان بگەم، لە هەورەکان چێم دەکردن. بۆ وێنە کچێکی نەشمیلانەی ناو قەد باریک و باڵا بەرز و جوان، ئۆتۆمبیل، خانوویەکی ڤیلایی گەورەی چەن قات، ئەو سندووقە گەورانەی وا پارەیان تێ دەهاویشتن، جل و بەرگی کەشخە، ئەو فڕۆکانەی وا منیان بەرەو وڵاتە نادیارەکان دەبرد. هەر ئەوەندەی جاری وابوو گوێم لێ دەبوو کە لە سەرزەمینە دوورەکانەوە گلەیی دەهاتنەوە کە ئیستاکە چیتر وەک جاران بەفر و باران داناکا و زەویی وشک و تینوو گەرووی ئیشکی تامەزرۆی قەترەیەک ئاوە. ئەوەیکە چیتر گوڵ و گیا وەک جاران ناڕوێن و، قڵشتی زەوی مرۆڤی پیا دەچێ.
یان رۆژانی تر باڵندە جۆر بە جۆرەکانم دەگرت. هەر لە کۆتر، پەڕەسێلکە، قاز و قوڵینگ و ریشۆڵەوە بگرە تا باز و سیسارک و هەڵۆ. زۆر جار زوو زوو ئازادم دەکردن و، زۆر جاریش ئەوەندەم رادەگرتن کە بە بێ ئەوەی مەبەستم بێ مندار دەبوونەوە. دەزانی ئەمەیش تاوانی خۆم نەبوو، ئەوەندەی کە دەگەڕایەوە بۆ دریژیی قۆلم.
شەوانەیش بە ئەستێرەکان یاریم دەکرد. جاری وابوو وەک تەسبێح دەمگێران. جاری تر کۆمەڵێکیانم لە مشت دەگرت و، کتوپڕ بە قووڵایی ئاسماندا پرش و بڵاوم دەکردنەوە. کەڕەتی دیکەیش بڕێکیانم ئەوەندە پێکەوە لە مشتدا دەگووشی و، پێکەوەم دەترنجاندن تا دەبوونەوە تۆپەڵێکی گڕاوی و ئەوسا بە یەخەی مانگدا هەڵم دەواسی.
دەبێ بڵێم لەگەڵ ئەوەی کە سەرەتا یەکجار ترسابووم و، لام وابوو بۆ هەمیشە بە تووش کارەساتێکی ترسناکەوە بوومە، کەچی بەرە بەرە بەرە بەم دۆخە نوێیەی خۆم راهاتبووم و بگرە زۆریشم پێخۆش بوو.
رۆژێکیان کە خەریکی کایەکردن بە هەورەکان بووم، گوێم لێ بوو باوکم بە دایکمی گوت ئەم هەتیوە خوێڕییە و بە ئەنقەست ئەمەی کردووە بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بمێنێتەوە و کاسبی نەکا! دایکم لە جوابدا گوتی ئەیەڕۆ ئەم قسانە چییە دەیکەی، مەگەر ئاگات لێ نیە چی بەسەر هاتووە! باوکم کە ئەم قسانەی بە گوێدا نەدەچوو، سوێندی خوارد کە ئەگەر تا ماوەیەکی تر چاک نەبمەوە هەزار ئەوەندەی تر قۆلم درێژتر بێتەوە و بگرە حەوت جار بە دەوری ئاسمان و هەموو گەردووندا قەف بدا، ئەوا هەر دەرم دەکا. دەینەڕاند کە خولەی ئامۆزام ئیستا نەک تەنیا ژنی هێناوە و، ژیانێکی باشی پێک هێناوە بەڵکو دایک و باوکیشی وەک گوڵ بەخێو دەکا. گوتی ئەم هەتیوەی ئێمە هەر لە ئەوەڵەوە وەها بوو، دادەنیشت و کتێبی دەخوێندەوە و خەیاڵی نابەجێ لەگەڵ خۆی دەیبرد تا ئاوەهای لێهات. دایکیشم کە هیچ وەڵامێکی تری پێ نەبوو، وەک هەمیشە دەیدایە قوڵپی گریان و، دەیگوت پیاوەکە رەحمت هەبێ لە گۆشت و خوێنی خۆتە!
من هەر جارێک کە ئەم قسانەم گوێ لێدەبوو، هەستم دەکرد قۆلی چەپم زیاتر و زیاتر دەکشێ و درێژ دەبێتەوە. حەزی گەمە لەگەڵ گەردوون زیاتر و زیاتر تیاما سەری هەڵدەدا.
رۆژێکیان هەستم کرد دەستم گەیشتووەتە گەردوونێکی تر. لە شوێنێک کە مەودای نێوان ئەستێرەکان کەمتر و، بۆیە چڕتر بوون. هەروەها دەستم بەر چەند هەسارەیەکی دیکە کەوت کە لە هەسارەکانی دراوسێی زەوییان نەدەکرد. بەخۆم گوت گەر بتوانم هەسارەیەک ببینمەوە کە وەک زەوی بوونەوەری زیندووی تێدایە، ئەوا ئەم هەواڵە دەدەمە باوکم تا بیداتە حکومەت و بەم شێوەیە پارە و پووڵێکی زۆری دەست کەوێ. پێم وابێ بیست سی هەسارەیەکم تاقی کردەوە. ئەگەرچی بە هۆی چڕ و پڕی ئەستێرەکانەوە دەستم بریندار ببوو، بەڵام وازم نەدەهێنا. بە داخەوە هەسارەکان هەر هەموویان وشک و برینگ بوون. دەمزانی کە بۆ ئەوەی لە شوێنێک ژیان هەبێ دەبێ ئاو دەست کەوێ. جگە لە خۆڵ و بەرد چیتر لەپ و پەنجەکانی قۆلی چەپمی رانەدەمووسی! بە خۆم گوت کەواتە لەم گەردوونە بێ ئەژمار و بێ سنوورەدا تەنیا لە سەر زەوی مرۆڤ هەیە و بەس.
رۆژێ گوێم لە دەنگێکی تر بوو. ئا، خولەی ئامۆزام بوو. گوێم لێ بوو کە هاتبوو هەواڵی من بپرسێ. دەیگوت لەمێژە من دیار نیم و، لای سەیرە کە بۆچی دەرناکەوم. دەیگوت ئەو رۆژە کە بەڵێن بوو من بەیانی زوو دەرکەوم و بچم بۆ لای، زۆر چاوەڕووانی من بووە. دوواتر بە ناچار جێی هێشتووم و، رۆیشتووە. دەیگوت گەر ئەو رۆژە من بچوومایە ئەوا ئیستا وەک ئەوم لێدەهات و حسێبی دەوڵەمەند دەبووم. دەبووم بە خاوەنی چەندین خانوو، ترۆمبیل، چەندین پارچە زەوی، خانووی بەکرێ و خانە باخێکیش. من کە نەمدەزانی خولەی ئامۆزام ئەو رۆژە چی بینیوە و چی بەسەرهاتووە و لە راستیدا بۆ کوێ چووە، بە خۆم گوت رەنگە ئەویش وەک من شوێنێکی درێژ بووبێ و، گەیشتبێتە هەندێ شوێن!
دایکم و باوکم هەر چۆنێک بێ خولەیان دەسخەڕۆ کرد و، رەوانەیان کرد. ئەوەندەی پێ نەچوو باوکم خۆی بە ژوورەوەدا کرد، لە کاتێکدا لە دەروونیدا یەکجار تووڕە بوو و بەڕواڵەت ئارام، گوتی دەی باشە کەی یاریی درێژکردنەوەی قۆل کۆتایی دێ و دەگەڕێیتەوە بۆ ناو ژیانی ئاسایی؟ من کە هیچ وەڵامێکم پێ نەبوو، لەدڵی خۆمدا گوتم گەر ملوانکەیەک لە ئەستێرە و هەسارەکان بۆ باوکم ساز بکەم، رەنگە روانگەی سەبارەت بە خۆم بگۆڕم.
بۆ ئەم مەبەستە من دەبا سەرەتا رشتەیەکی پەیدا بکەم. دەستم بە ئاسمان و بە گەردوون و بە هەموو بووندا زۆر گەڕا. شتێکی وەهای دەست نەکەوت. خەریک بوو ناهومێد دەبووم کە رۆژێک بیرێک بە مێشکمدا هات. بە خۆم گوت زۆر جار مرۆڤ پێویست ناکا بە شوێن شتێکدا بگەڕێ، تەنیا ئەوەندەی بە شتەکانی تر سازیان بکا. بۆیە دەستم کرد بە کۆکردنەوەی تیشکی هەتاو. سەدان یاخود هەزاران تاڵە تیشکم کۆکردەوە. بە تەشییەکی نەنکم کە لە ژێرخان لە تەنیشت تەورەکەی باوەگەورەم بەجێمابوو، دەستم کرد بە رستنیان و، رشتەیەکی ئاڵتوونیی بێ وێنەم لێ چێکردن. پاشان دنک دنک ئەستێرە و هەسارەکانم پێوە کردن. لە نێوان هەر دە ئەستێرەدا، هەسارەیەک. خۆشحاڵ لەوەی کە لە دووای ساڵانی ساڵ کارێکی باشم کردبوو و، دەمتوانی خەم و مەراقی ئەو هەموو ساڵە لە دڵی دایک و باوکم دەربێنم، بە تەمای پیشکەش کردنیان کتوپڕ زانیم کە قۆلی من چیتر لەو قۆلانە نیە کە بۆ خانووەکەی خۆی، ئەو خانووەی وا لێی لەدایک بووە و تیایا گەورە بووە، بگەڕێتەوە. بەناچار ملوانکە نایاب و سەیر و سەمەرەکەم هەر ئاوا بە ناو کاکەشانەکاندا فڕێ دا، جێم هێشت و دامە دەست گەردوون کە خۆی چی لێدەکا با بیکا.
خەمگین و دڵشکاو لە ناو جێگاکەمدا، کەوتمە گریانێکی بەکوڵ. لەبیرم نایەت قەت ئاوەها گریابێتم. دایکم کە ئاگای لەم حاڵەتەی من بوو، خۆی کرد بە ژوورەکەدا. ئەویش بە گریانەوە لە ئامێزی گرتم و، گوتی کوڕم چەندە پێم گوتی ئەوەندە کتێب مەخوێنەوە و، و ئەوەندە خۆت مەدە دەست خەیاڵ! مەگەر نەتدەزانی کە رۆژێک لە رۆژان خەیاڵ لانیکەم بەشێکی جەستەت لەگەڵ خۆی دەبا و ئەم بەڵایەی بەسەرتدا دێنێ کە ئیستاکە هێناویەتی؟ منیش لە کاتێکدا بە دەستی راستم دایکم لە باوەش گرتبوو و، بە کوڵ دەگریام گوتم دایکە خەتای خولەی ئامۆزامە، دەی با ئەو بەیانییە بهاتایە بەشوێنمدا، خۆ لێی کەم نەدەبووەوە!
شەو بارانێکی بە خوڕەم دادەکا. دنکە بێ ئەژمارەکان بە قۆلمدا شۆڕ دەبنەوە و، لە کونەکەوە خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن. باوکم هاوار دەکا ئەو هەتیوە چیتر بە هەورەکان کایە ناکا! هەورە تریشقەیەک لە قۆلم دەدا و، چزەی سووتانێکی سامناک هەموو جەستەم رادەتڵەکێنێ. سەیرە ئازار کاری بە دوور و درێژی مەوداکان نیە. باوکم تەشتێک دەخاتە بەر دڵۆپەکان. ئەو شەوە تا بەیانی دایکم و باوکم تەشتەئاو رۆدەکەن. بۆ سبەی باوکم بە چیمەنتۆ و نایلۆن کوونەکەی دەوری قۆلم دەگرێ.
ساڵەکان تێدەپەڕن. باوکم پیر و پیرتر دەبێ. رۆژێ گوێم لێیە باوکم دەڵێ خولەی ئامۆزام ئەوەندە توند لێی خوڕیوە ماشینەکەی وەرگەڕاوە و چوار ژن و بیست منداڵی جێ هێشتووە. دەڵێن هێشتا نەیانناشتووە لەناو منداڵ و چوار ژنەکەی لەسەر میرات بووە بە شەڕ و فەرتەنەیەکی سەیر! دایکم دەڵی بەس نەبوو کوڕەکەمان ئەم بەڵایەی بەسەردا هات، بە خوا ئەو بەیانییە ئەویش وەک خولە بچووایەتە دەرەوە ئیستا ئەوەیش تیاچووبوو. باوکم گوایا بە دڕدۆنگییەوە لە دایکمی روانیبوو.
من لە کاتێکدا قۆلە درێژەکەم خەریکی گەڕانە بێکۆتایی و هەمیشەییەکانی خۆی لە بێکۆتاییەکاندایە، بیر لە خولەی ئامۆزام دەکەمەوە. بەخۆم دەڵێم رەنگە دەستم رۆحی ئەو لە ئاسمانەکاندا ببینێتەوە. بە خۆم دەڵێم رەنگە بە تووشییەوە ببم. ئەوسا بیر لەوە دەکەمەوە بۆ هەتا ئیستا بەتووش هیچ کەسی وەک خولەوە لەو گەردوونە بێسنوورەدا نەبوومەتەوە؟… نەکا هەمووی درۆ بێ؟
لە رۆژی مەرگی خولەوە باوکم تەواو ئارام بووەتەوە. ئیتر وەک جاران بە هۆی منەوە قەڵس نیە. گوێم لێیە جاری وایە بە دایکم دەڵێ ژنەکە تۆ راست دەکەی، پێم وابێ باش بوو وەهای بەسەر هات، لەم دونیایەدا خەیاڵ باشترە لە هەر چەشنە شتی تر!
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید