فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تیرۆر

کات 20/06/1404 403 بازدید

تیرۆر

بە جل و بەرگێکی سەربازیی سەوز و خاکییەوە، لە کاتێکدا مایکرۆفۆنەکەی بەدەمەوە ناوە و لە سەر سێنەکە راوەستاوە، بە گەرمی خەریکی قسەکردنە بۆ جەماوەرەکەی بەردەمی. باس باسی سەربەرزیی گەل و نیشتمانە، ئەوەیکە چیدی نابێ ئەم دۆخە درێژەی هەبێ و دەبێ لە شوێنێکدا کۆتایی پێ بێ. بەڕای ئەو، کاتی گۆڕانیش هەر ئیستاکە بوو. نە چرکەیەک دوواتر و نە پێش‌تر! قیڕاندی خەڵکی دەبێ قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵن و، بە دەنگدان بە حیزبەکەی ئەو رێگایەکی دیکە لەبەر دەم وڵاتدا بکەنەوە.

شایانی گوتنە ئەو تەنیا چەن مانگێک دەبوو جڵەوی دەسەڵاتی لە حیزبەکەی خۆی بە دەستەوە گرتبوو.

جەماوەر بە توندی وروژاوە و، دەنگی دروشمدان و چەپڵە لێدان دەگاتە حەوت تەبەقی ئاسمان. ئەوەی سەر سێنەکە مشتی بەرز دەکاتەوە، دەنەڕێنێ و سوێند دەخوا هیچ کات نیشتمان تا ئیستاکە ئەوەندە دەرفەتی چاکسازیی نەبووە. ئەو پێی وایە “بڕیار، ورە و کەرەسە” ئەو سێ شتەن وا بۆ ریفۆرم پێویستن. ئەویش هەر سیانی مسۆگەر کردووە. جەماوەر ئەوەندەی دیکە دەخرۆشێ. چەند کەسێک لە خۆشیانا وەها دەنەڕێنن و وەها هەستیان بزواوە، دەبوورێنەوە.

رێک لەم کاتەدا لە جەنگەی گوتار، دروشمدان و ئاسمانێکی پڕ لە هومێد و خۆشی و قریوە‌دا، کتوپڕ دەنگی تەقە بەرز دەبێتەوە!… تەنیا یەک تەقە… یەک فیشەک. نە کەم نە زیاد! گوتاربێژەکەی سەر سێنەکە بەلادا دێ، جەستەی قورس و تەژی لە ماسوولکەی وەک گوێنییە خوێ زرم دەکەوێتە سەر زەوی. خەڵکەکە جارێکە وڕن،… هێشتا نوقمی هاوار هاواری خۆیانن. لەنەکاو دەبینن مایکرۆفۆن بەدەستەکە بەلادا هاتووە، تەختی زەوی بووە و پاش لەرەیەکی بەحاستەمی جەستەی فزە لێ بڕاوە!

ئیدی وەزعەکە دەشێوێ. ئەوانەی سەر سێنەکە کە بە چەند هەنگاوێک لە پشتەوەی سەرۆک بوون، دەشڵەژێن. چەند کەسیان بەرەو تەرمەکە هەڵدێن،… ئەوانی تر چەکەکانیان بە شپرزەیی رادەکێشن، هەراسان لە کاتێکدا دەور و بەری خۆیان دەخەنە ژێر چاوەدێرییەوە، لە دایرەیەکی چڕدا دەوری دەگرن.

بەڵام تازە درەنگە.

کەس نازانێ سەرئەنجام ئەو رۆژە چۆن سەر و بنی دۆخەکەیان وێک هێنایەوە. رۆژی حەشر تەنیا بە خودا کۆ دەبێتەوە و، بەس!

هێزە ئەمنییەکان بە شوێن بکوژەکەدا، دەکەونە پشکنین. سەرئەنجام لە مەیدانەکە تفەنگێکی قەنناسەی رووسیان دۆزییەوە. قەنناسێکی مودێل کۆنی رەنگ گوێزی و رەش. پاش ئەوەی هەموو کامێراکانی چاوەدێرییان بەسەر کردەوە، تێگەیشتن ئەو قەنناسەیە لە راستی‌دا مرۆڤێکی قات لەبەری کەشخە بووە کە ئەو رۆژە بە بێ ئەوەی تەنانەت چەقۆیەکیشی لەگیرفان‌دا بووبێ، خۆی بە شوێنی کۆبوونەوەکەدا کردبوو. کامێراکان بەجوانی پیشانیان دابوو ئەو پیاوە قات لەبەرە کەشخەیە لەنەکاو دەگۆڕدرێ بۆ قەنناسەیەکی مودیل نوێی رووسی،… رێک لە ناو جەرگەی حەشیمەتەکەدا! ئەوسا دەسبەجێ سیرەی لە سەرۆک گرتبوو و، بە تاقە فیشەکێک بۆ هەمیشە کۆتایی بە ژیانی هێنابوو.

کاربەدەستان کە لەم رووداوە دەگمەن و عەجایبە سەریان سووڕ دەمێنێ، مابوونەوە چی لەگەڵ‌دا بکەن. خۆ نەدەکرا تفەنگێک بگری، بیدەیتە دەست دادگا و گەمژانەتر لەمە مەحاکەمەیشی بکەی! سەرئەنجام پاش بێنە و بەرە و بیرکردنەوەیەکی زۆر گوتیان رەنگە هەر بەو شێوەیەی لە مرۆڤەوە گۆڕابوو بۆ تفەنگ، دەکرێ لە تفەنگیشەوە ببێتەوە بە مرۆڤ. بۆیە قەنناسەکەیان رەوانەی زیندان کرد،… چاوەڕووان مانەوە تا دیسان ببێتەوە بە هەڵگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وا بوو.

تا ماوەیەکی باش لە هەواڵەکانی ناو تەلەفزیۆن‌ لە کاتێکدا بەردەوام وێنەی تفەنگەکەیان بڵاو دەکردەوە، باس باسی ئەو تیرۆرە بوو.

رۆژ بوو بە هەفتە، هەفتە بوو بە مانگ و مانگیش بە سال. تفەنگەکە نەک نەبووەوە بە مرۆڤ، بەڵکو مکوڕتر لە هەمیشە لە سووچێکی زیندانە تەنگ و تاریکەکەدا بە دیوارەکەوە هەر وا بە هەڵپەسێردراوی ژیانی تێدەپەڕاند. هیچ خەبەرێک لە گەڕانەوە بۆ رابردوو نەبوو.

بەڵام میللەت چاوەڕوان بوو. نەدەکرا هەتا ئەبەد بە بێ وەڵامێکی دیاریکراو و جێگای باوەڕ، هەر ئاوا پاڵ بە کاتەوە بنێن و کات بگنخێنن. ئەمە بو شان و شکۆ، هەیبەت و ناو و ناوبانگیان باش نەبوو.

سەرەتا بڕیاریان دا راستی بۆ میللەت بدرکێنن،  دوواتربە دادگایی کردنی تفەنگەکە کۆتایی بە وەزعەکە بێنن. بەڵام مەگەر تفەنگ مەحاکەمە دەکرا، مەگەر دەکرا تفەنگ لە سێدارە بدەن!؟

نا شتی وا قەت نەدەکرا.

بەشی چاودێریی ئەمنی کەوتە مڵ و مۆ. سەرئەنجام لە وڵاتێکی ئەفریقایی پیاوێکی هەژاریان دۆزییەوە. لە بەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی پێیان دابوو (بۆ ئەوەی بنەماڵەکەی بتوانێ ژیانێکی باشیان هەبێ)، کابرا قبوڵی کردبوو تفەنگەکەی ئەو رۆژە لە راستی‌دا ئەو بووە. ئەو دەبا بڵێ بە گوێرەی پیلانێکی نێونەتەوەیی، کە لانیکەم دە وڵات تێێدا بەشدار بوون، بەرنامەی تیرۆری سەرۆکیان داڕشتبوو و بەڕێوەشیان بردبوو.

هەفتەیەک دووای مەحکەمەکە، لە بەیانییەکی زوودا لە سێدارەیان دا.

ئیتر کەس نەیپرسی چلۆن قەنناسێکی نیوە رەش نیوە گوێزی، پیاوێکی تەواو رەشی ئەفریقایی لێ ساخ دەبێتەوە!   

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *