فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سەربازی

کات 03/07/1404 169 بازدید

سەربازی

جانتاکەم پێچاوەتەوە و، لەناو راڕەوەکە رێک لەتەنیشت دەرگاکە دامناوە. دەستم خستووەتە ژێر سەرم و، لەناو جێگاکەمدا راکشاوم. لەناو تاریکی‌دا لە سەقفەکە دەڕوانم. کاتژمێر دوانزەی شەوە. دەنگی سیسرک لەگەڵ ویزە ویزی مێشوولە تێکەڵ بووە. لەدەرەوە پشیلەیەک شەرمێونانە دەمیاوێنێ.

سبەی دەچم بۆ سەربازی. دایکم گریا و، باوکم گوتی ئیتر دەبی بە پیاو!

سبەی فرمێسکەکانی دایکم و گوتەکەی باوکم، وەک دووا رووداوەکانی ژیانی پێش سەربازیم دەخنمە ناو جانتاکەومەوە و بەڕێ دەکەوم. کاتژمێر پێنجی بەیانییە. سەعات شەش ئۆتۆبووسەکە وەڕێ دەکەوێ.

بەخۆم دەڵێم دوو ساڵ هیچ نیە، ئەویش تەواو دەبێ. دایکم دەڵێ دوووووووو ساااااڵ…!؟ باوکیشم دەڵێ گرینگ دووا رۆژەکانە. شتێک لەدەروونمەوە پێم دەڵێ هەر لەئیستاوە رەوتی بەپیاوبوونم دەستی پێ‌کردووە.

هێشتا لەیەکەم کۆڵان لامنەداوە دراوسێیەک لە پەنجەرەکەوە سەر دەردێنێ و، دەڵێ سەربازییەک و ئەم هەموو ئاخ و ئۆفە،… دەڵێ پێم وابێ دەیشچێ بۆ جەنگ!

یەکی تر کە تازە ئاوپڕژێنی ناو کۆڵان دەکا و، گسکەکەی بە دەستەوەیە دەڵێ گەر وەک کوڕەکەی حاجی رەحمانە کۆڵەی لێ بەسەر بهاتایە چییان دەکرد!

دانەیەکی دیکەش کە هێشتا خەو بە جوانی چاوانی بەرنەداوە، دەنگ هەڵدەبڕێ و دەڵێ بەوە نیە، گرینگ جوداییە، هەتا رادێی پێی دەچێ. دەڵێ رەنگە قەتیش رانەیەت.

من گوێ بە هیچیان نادەم. نە لادەکەمەوە و، نە وەڵامیان دەدەمەوە. ئەوسا بیر لە کوڕی حاجی رەحمانە کۆڵە دەکەمەوە. کەس نازانێ چی لێ بەسەر هات، هەرچەند دەڵێن سەری خۆی هەڵگرتووە و رووی لە وڵاتان کردووە. ساڵانی ساڵە. بەخۆم دەڵێم ئیستا ئیتر ئەو زۆر بووە بە پیاو. لە دڵم‌دا حەسوودییەک دەمگەڕێ. خۆزگە منیش ساڵانی ساڵ لەوە پێش ببوومایە بە پیاو!

دوێنێ بێوران دەیگوت سەربازی خۆشە، هەموو رۆژێ دوو جار خواردنی گەرم دەخۆی، دەیگوت سبحانەکەیشیان یەکجار خۆشە. بێوران بیری دوو ساڵی سەربازییەکەی خۆی دەکاتەوە، ئاخێک هەڵدەکێشێ و دەڵێ خەفەت نەخۆی، تا لەماڵ دەرنەچی نازانی چ زیندانێکە!

بیر لە دوو ژەم خواردنی گەرم دەکەمەوە. بێوران دەیگوت پارەی گیرفانیش دەدەن. تەواو پیاو سەربەخۆ دەبێ. ژیان بۆ هەمیشە دەبێ بە شتێکی تر. دەیگوت کە گەڕایتەوە جۆرێکی تر لە باوکت دەڕوانی.

بەخۆم دەڵێم بێورانیش وەک باوکم بیر دەکاتەوە، بەڵام وردتر، دەزانێ لەوێ لەسەربازخانەکە و لەو شارە دوورانە چ باسە.

لە گەراجەکە خەڵک جمەی دێ. شەپۆلی سروود و بانگەوازی شەڕ لە بڵیندگۆکانەوە شێتانە لە کەناری گوێکان دەدا. چاو بەناو حەشیمەتەکەدا دەگێڕم. نازانم چەند دانەیان وەک من بەڵێنە لە پاش دوو ساڵ ببن بە پیاو. دوو پیاو لە تەنیشتم‌دا راوەستان. جگەرە دەکێشن و، خەریکی قسەوباسێکی گەرمن. یەکیان دەڵێ تازە شەڕ دەستی پێکردووە و، بڕوا ناکا بەم زووانە کۆتایی پێ بێ. دەڵێ دەبا سەری هەڵنەدایە، تازە کە هات بەم زووانە ناگەڕێتەوە.

دڵنیام بە هۆی شەڕەوە زووتریش و زۆرتریش دەبم بەپیاو.

ئۆتووبووسەکە دووا دەکەوێ. ئاگام لێیە شاگردەکەی هەروا خەریکە. دێت و دەڕوا و، لەگەڵ خەڵکی قسە دەکا. گا بە دەنگی بەرز و گا ئارام. بەتایبەت کاتێک نۆرەی خانمەکان دێ! جانتاکان جێ‌بەجێ دەکا. جانتاکەی من بچووکە. پێویست ناکا بیدەمێ.

ناو دەمم وشک و تاڵە. بابۆڵەکەی دایکم دەردێنم و، دەست دەکەم بە خواردنی. دوو سەگی بەڕەڵڵا لەوسەر گەراجەکە لەناو کۆمەڵێک زبڵ مڵ و مۆیانە. جاروبارە سەر هەڵدێنن و، مەزڵوومانە لە خەڵکەکە دەڕوانن. لێرەوە دەتوانم پەراسووەکانیان بژمێرم. بڵیبدگۆکە باس لە بەرگریی نیشتمانیی دەکا. دەڵێ شەپۆل شەپۆل خەڵکی بۆ بەرگری لە خاک روو لە بەرەکانی شەڕ دەکەن. بڵیندگۆکە باس لە سەرکەوتنی خێرا بەسەر دوژمنی غەدداردا دەکا. باس لە گۆڕینی رەوڕەوەی مێژوو و، پێم وابێ باسی عەداڵەتی جیهانیش.

بیر لە دوو ساڵی دیکە دەکەمەوە. رێک ئەم دەمانە لەکاتێکدا من بوومەتە پیاو، لە شارێکی ترەوە وەک ئیمڕۆ لە گەراجێک دانیشتووم و بەتەمای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە. هەوڵ دەدەم بیهێنمە بەرچاوی خۆم کە ئەو کات چۆن پیاوێکم. رەنگە سمێڵێکی ئەستوورتر، ریشن، سیمایەکی سووتاوی بەر هەتاو و بەر با،… دوو چاویش کە قووڵتر و ئارامتر دەڕواننە دەورووبەریان. جگەرەکێشێکی قەهارتریش! سمێڵەکانیشم بێگومان زەرد هەڵگەڕاون و، بۆنی تووتن دەدەن. بەخۆم دەڵێم ئەو دوو ساڵە بەو بڕە پووڵەی دەمدەنێ، جگەرەی باشتریش دەکڕم.

سەرئەنجام شاگردەکە دەنگ هەڵدەبڕێ کە بەڕێدەکەوین. موسافیرەکان سوار دەبن. رادەبم بڕۆم. دەست دەدەمە جانتاکەم. بەدەستمەوە نایەت! تەکانێکی تری لێ‌دەدەم. ناجووڵێ! بۆی دادەنەوم. هەمان! وەک بڵێی بە زەوی ژێرییەوە بە بزمار داکوترابێ. هەرچی هەوڵ دەدەم بێسوودە. زنجیرەکەی دەکەمەوە. نەکا پڕی بەرد و ئاسنیان کردبێ. ئاگام لێیە خەڵکەکە سوار دەبن. شاگردەکە داوا دەکا زووتر سەرکەوین. دەبێ قەرەبووی دوواکەوتنەکەیان بکەنەوە. من داماوانە لە دەورووبەرم دەڕوانم. بەتەمای یارمەتیی کەسێک. کە دوواکەس وەسەر دەکەوێ، پڕ بە گەرووم دەقیڕێنم کە یارمەتیم بدەن… تکایە یارمەتیم بدەن! یەک دووانێک لادەکەنەوە. بە پیرمەوە دێن. ئەوانیش بۆیان بەرز نابێتەوە. بەرە بەرە خەڵکێکی زیاتر کۆ دەبنەوە. هەر کەسە و، هەوڵی خۆی دەدا. دیسان بێسوودە. موسافیرەکان هەندێکیان دادەبەزنەوە. ئۆتوبووسەکە هۆڕن لێ‌دەدا. شاگردەکە و شۆفیرەکە دەنگیان دەدەن. بەس کەس گوێیان ناداتێ. زیاتر لەوەی بەتەمای یارمەتیی من بن، خودی روواداوەکە سەرجیان رادەکێشێ.

پیاوێکی بەتەمەن لەپاش هەوڵدانەکەی دەڵێ کوڕم بەتەمای کوێی بۆ کوێ دەچی؟ دەڵێم بۆ سەربازی، دەڵێم دەبم بە جوندیی نیشتمان. چاوێک لە دەورووبەری دەکا و، لەو قەرەباڵغییەدا بە گوێم‌دا دەچرپێنێ کە “گەر جانتاکەت حەزی لێ‌نەبوو باشتر وایە بگەڕێیتەوە!” من کە بیر لە دوو ژەم نانی گەرم و پارەی گیرفان دەکەمەوە، بەپەلە دەست دەدەمەوەوە جانتاکە. یەک دەڵێ چی تیایە دەری بێنە، بەڵکو باشتر بێ.

جگە لە فرمێسکەکانی دایکم و وشەکانی باوکم، شمەکەکانی تر دەردێنمەوە. دیسان کەس بۆی بەرز نابێتەوە. پیاوێکی تێکسمڕاو کە هەست دەکەم لە دوو ساڵی دوواتری من دەچێ، دەڵێ دڵنیای هەموو شتەکانت دەرهێناوە؟ دەڵێم دڵنیام، بۆ خۆت چاوی لێ‌بکە! دەڵێ باش‌تر نیە جوان‌تر بگەڕێی!

وادیارە ناچارم. لەکاتێکدا هەوڵ دەدەم کەس ناو جانتاکە نەیبینێ، سەرەتا رستەکەی باوکم دەردێنم. ئەمیش دادم نادا. تەنیا بەدەرهێنانی فرمێسکەکانی دایکمە جانتاکە لە زەوی دادەبڕێ و، دەتوانین بەرزی بکەینەوە. من کە بە دزییەوە فرمێسکەکانم لە مشتم ناوە و لە گیرفانم خنیون، سواری ئۆتوبووسەکە دەبم و سەرئەنجام بەڕێ دەکەوین.

نا وا نابێ… من دەبێ لە دەستیان قوتارم بێ! دایکم زۆر لە رابردوودا دەژی… ئەو رقی لە داهاتوو و لەسەربەخۆیی و لە تاقیکردنەوەی رێگا تازەکانە. بەخۆم دەڵێم هەر کە لە شوێنێک لاماندا خۆم لەدەستیان رزگار دەکەم.

کاتژمێر یەک لەیەکەم چێشتخانەی سەر رێگا لادەدەین. بەپەلە خۆم دەگەیەنمە ئاودەستەکان. من کە بەژیانم مەستەراحی وەها پیس و بۆگەناویم نەبینیوە، خۆم بە یەکێکیان‌دا دەکەم. لەگەڵ ئەوەی خەریکە قڕ دەبم، دەست دەبەم و فرمێسکەکان فڕێ دەدەمە ناو کاسەکەیەوە. ئافتاوەیەک و دووان ئاوی بەسەردا دەکەم و، رادەوەستم تا بەرە بەرە لە ناو کونەکەوە ئاودیو بن. ئەوان دەبێ بۆ هەمیشە لەبەر چاوم‌دا ون بن. فرمێسکەکانی گەڕانەوە بۆ رابردوو دەڵێم.

لە کاتێکدا بابۆڵەیەکی پەنیری دیکەی دایکم دەرهێناوە و، لە دەرەوەی چێشتخانەکە لە گۆشەیەکدا کزۆڵە دانیشتووم و خەریکی خواردنیم، لەنەکاو جۆرێک لە هەستی لەخۆبایی بوون تیاما چەکەرە دەکا. هەست بە وزەی زیاتر دەکەم. جەستەم پان و پۆڕ کشاوە. وەک بڵێی نیگاکانیشم هەڵۆئاسا ساردترن. کە دەجووڵێم چەند هەست بە بەهێزیی جەستەم دەکەم!

لەسەر پێچێک تابلۆیەک دەردەکەوێ: “تاران ۳۰۰ کیلۆمەتر”. دەیژمێرم. رەنگە ۲۵۰ تا ئەوپەڕی ۳۰۰ کیلۆمەترێک رێگامان بڕیبێ.

بە دوو سەد و پەنجا کیلۆمەتر و ئەو هەموو گۆڕانە!

پاڵ دەدەمەوە. بزەیەک دەمگرێ. هەر دوو دەستم لە پشت سەرم لێک قوفڵ دەکەم و، چاوەکانم دەقونجێنم. هەر نەکوژرێم، دوو ساڵی تر دەبێ چی بێ!

فرخ نعمت‌پور

تەرجومەی چیرۆک بە فارسی: سربازی

تەگەکان : ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *