ترامپ زەنگی بۆ دام
ترامپ زەنگی بۆ دام
حەزم دەکرد سەفەرێکی ئیسڕاییل بکەم، بەڵام نەمدەوێرا. بەیانییەک دەوروبەری کاتژمێر نۆ لە ماڵەوە بووم. تازە ناشتام کردبوو و، نەیشدەچوومە سەر کار. وەک دەڵێن ‘فری’ بووم. یەعنی ئازاد. لە کاتێکدا جگەرەیەکم بۆ داگیرساندبوو، قاوەیەکم لەبەر دەمدا بوو و لە هەواڵەکانی شەڕی غەززەم دەڕوانی تەلەفۆنەکەم زەنگی خوارد. لێم رووانی. ژمارەیەکی نەناسراو کە ئەوەندە درێژ بوو سەروبەریم بۆ یەک نەدەهاتەوە. هەڵمگرت.
ـ ئەلۆ!
ـ ئەلۆ!… ئەلۆ… لەگەڵ هۆمەر قسان دەکەم؟
ـ ئەرێ وەڵڵای خۆمم… فەرموو چاوەکەم!
ـ من ترامپم، سەرۆک کۆماری بەهێزترین وڵاتی جیهان، چ لەباری ئابوری و چ لەباری سەربازییەوە، هەروەها سەرۆکێک توانی پۆرتی جۆ بایدن و دێمۆکراتەکانی بشکێنێ… سەرۆک کۆمارێک جورئەتی کرد هێرش ئاسمانی بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ پۆتین سەرەڕای رق و بێزاریی هەموو جیهان دانیشێ، چاونەترسانە لەپێناوی ئامریکدا باج و زەریبە بخاتە سەر زۆربەی وڵاتان و هەروەها وڵاتانی عەرەبیی کەنداو ناچار بکا زیاتر لە پێنج سەد میلیارد دۆلار چەکی لێ بکڕن… بێگومان دەمناسی…
من کە لەسەر مۆبلەکەم خاو و خلیج دانیشتبووم، لەنەکاو راست بوومەوە. درێژەی دایە:
ـ زەنگم لێدا پێت بڵێم بیستوومە دەتەوێ بچی بۆ ئیسراییل، بەڵام ناوێری. ویستم بڵێم ئیستا ئیتر دەتوانی. دوێنێ پەیماننامەیەکی راوەستانی شەڕمان واژۆ کرد، دیارە پێش لەهەر شتێک دەبێ بڵێم بەهیممەتی خۆم، خۆت دەزانی ئەوانی تر هیچ نین، بنیادەمی بوودەڵە و بێ کەڵکن… جا، جا دەستبەجێ بلیتەکەت بگرە و بڕۆ… دووای نەخەی!
من کە واقم وڕمابوو، موبایلەکە لە گوێم دوور دەخەمەوە. ورد لێی دەڕوانمەوە. نەکا کەسێ خەریکە پێم رادەبوێرێ، بەڵام نا دەنگی خۆیەتی… دەنگی ترامپ. نایشزانم ئەم کوردی قسە کردنە لە کوێ فێر بووە. بەخۆم دەڵێم بێگومان ئەمریکا ئەوەندە پێشکەوتووە کە دەتوانێ شتێکی وردیلانە بخاتە مێشکی خەڵکەوە و ئیتر دەستبەجێ خۆبەخۆ بێ ئەوەی فێرکرابن، بکەونە قسەکردن بە زمانی دیکە. لەکاتێکدا هەناسەم سوار بووە و، دەمم تەتەڵە دەکا، دەڵێم:
ـ ئەرێ وەڵڵا لەمێژە دڵم پێوەیە بچم بۆ تێل ئاویو. دەڵێن زۆر خۆشە، بەڵام… بەڵام جەنابت باشتر دەزانی کە ناتانیاهو زۆر… زۆر جێگای متمانە نیە، قسە دەگۆڕێ. منیش کابرایەکم سەربە گێچەڵ، هەر لەخۆوە جاروبار شتی رەخنەیی دەنووسم. بۆخۆیشت باش دەزانی شەڕی ئەم دوو ساڵەیە چەندە ترسناک بوو… دەترسم ئەو هەموو پارەیە بدەم و لەوێ بمگێڕنەوە، یاخود بمگرن و ماوەیەک دەست بەسەرم کەن.
ـ نا نا، شتی وانابێ، من بۆ خۆم پێ گوتووە. بی بی بەگوێی من دەکا، یەعنی دەبێ بیکا، خۆت دەزانێ بێ من هیچ کەرێک نیە، یەعنی زۆر کەس نین. بەهەرحاڵ من لەمە زیاتر کاتم نیە، بلیتەکەی ببڕە و بڕۆ! راستی تا لەبیرم نەچووە با لێت بپرسم کوردی کوێی، ئاخر دەمەوێ بزانم لە وشەی بلیت تێدەگەی یان دەبێ بڵێم بیتاقە!؟
دەڵێم:
ـ ئەیچۆن قوربان باشی تێدەگەم. بلیت لە ئینگلیزییەوە هاتووە و تەنانەت نۆروێژییەکانیش پێی دەڵێن بیللێت، ئەیچۆن باشی تێدەگەم…
لەوسەر خەتەکە دادەخرێ و، ئیتر گوێم لە هیچ نیە. ماوەیەک لە تەلەفۆنەکەم کە ئایفۆنێکی سیانزەیە رادەمێنم. باوەڕ بکەم، نەیکەم… نازانم. سەرئەنجام دڵنیا دەبم کەسەکە خودی ترامپ بوو. ترامپی وەک دەڵێن هەمیشە پێشبینی نەکراو و سەیروسەمەرەیە!
بلیت دەبڕم و، سێ رۆژ دوواتر لە فڕۆکەخانەی تێل ئاویوم. هەرکە دادەبەزم دەبینم ناتانیاهۆ هاتووە بۆ پێشوازیم! بە بزەیەکەوە لە کاتێکدا جەماعەتێکی کەتە و مڵهوڕ دەوریان تەنیوە، دەستم دەگوشێ و دەڵێ بەخێربێی! من کە باوەڕ بە چاوەکانی خۆم ناکەم، دیسان بەخۆم دەقەبڵێنم ئەوەی دەیبینم راستە. راستیش بوو. تازە ئیتر بەتەواوی دڵنیا بووم ئەوەی سێ چوار رۆژ لەوە پێش زەنگی بۆ دابووم خودی ترامپە سوور بووە.
بی بی گوتی هۆتێلەکەیشت لە قەراخ دەریایە و، ئێمە پارەکەی دەدەین. خەمی هیچت نەبێ. بۆخۆت بڕۆ، رابوێرە و کاتێکی خۆش بگوزەرێنە!
ئەمەی گوت، سوار ماشینە کەشخە رەشەکەی بوو و دوور کەوتەوە.
دەبێ بڵێم ئەو سەفەرەی ئیسراییلم زۆر لا خۆش بوو. تڕۆمبیلێکی هەرە نوێ و مودەرنیشم گرت، یەعنی بۆیان گرتم و هەموو وڵاتم پێکرد. هەر لە باکوورەوە بگرە تا باشوور و، لە رۆژئاواوە تا رۆژهەڵات. دەبێ بڵێم بە باری درێژاییدا ناخۆش نەبوو، بەڵام بەباری پانی بەڕاستی وڵاتی ئیسراییل زۆر بچووکە، ئەوەندە بچووک بە خەیاڵدا ناگونجێ. تا لام دەکردەوە لەلای فەلەستینییەکانی کەناری رۆژئاواوە دەگەیشتمە دەریای ناوەراست! جگە لەوە بەردەوام گوێم لە دەنگی درۆن و فڕۆکە و تەقە و هەروەها جم و جۆڵی سەربازی بوو. بەڵام سەرەڕای هەموو شتێ، ئێواران بەزمی کەنار دەریا لەجێی خۆیدا بوو،… رۆژئاوای دەریای ناوەراستیش بەڕاستی دڵڕفێنە.
کاتی گەڕانەوە هەر لە فڕۆکەخانە دیسان ناتانیاهو هاتەوە بۆلام، بۆ ماڵئاوایی کردن. کاتێک ئەملاولای ماچ کردم، نامەیەکی خزاندە گیرفانمەوە و، بە گوێمدا چپاندی ئەمەیش پارەی فڕۆکەکەی وا دابووت و لەگەڵیا هەندێ پووڵی تر وەک سەلماندنی هاوڕێیەتی گەلی ئیسراییل!
من کە نەمدەزانی چۆنی سوپاس بکەم و، چۆن چۆنی وەڵامی ئەو هەموو چاکە بدەمەوە لە کاتێکدا سوور سوور هەڵگەڕابووم تەنیا لێیم رووانی. لە کاتێکدا فرمێسک لەچاوەکانمدا قەتیس مابوون، ماڵئاواییم لێکرد. بی بی ئەمجارە یەکەوڕاست نەڕۆیشت. چاوەڕوان مایەوە تا فڕۆکەکە فڕی. دەستی لێ راوەشاندم و، لەکاتێکدا چەند فڕۆکەی شەڕکەری ئێف شانزە بە ئاسمانەوە بەڕێیان کردم، بۆ هەمیشە خاکی ئیسراییلم بەجێ هێشت.
دوو رۆژ دوواتر دیسان تەلەفۆنەکەم لەکاتێکدا لەسەر موبلەکەم دانیشتبووم و، سەیری تەلەفزیۆنم دەکرد، جەڕەسی خوارد. هەڵمگرت. دیسان ترامپە سوور بوو. گوتی:
ـ خۆش بوو؟
ـ زۆر خۆش بوو.
ـ بی بی خۆ هیچ هەڵەیەکی لەبەرامبەرتدا نەکرد؟
ـ نەوەڵلا، هەر زۆر بەڕێزیش بوو. نەمدەزانی پیاوێکی وەهایە!
ـ هە هە هە… لەمەدا تەنیا نی.
گوتم:
ـ بەڕاستی پیاوەتیت کرد، تۆ نەبوویتایە هەزار ساڵی تریش ئیسراییلم نەدەبینی.
ـ شایانی نیە.
چەند چرکەیەک بێدەنگی. وەک بڵێی کەسێک لەگەڵ دۆناڵد دەدوێ.
ـ ئەلۆ… ئەلۆ!
ـ بەڵێ جەنابی سەرۆک، فەرموو!
ـ ئەڵێم لە ئۆسلۆ دەژی؟
ـ نەوەڵڵا، بەڵام زۆریش دوور نیم، بیست کیلۆمەتەر بەلای رۆژئاوایدا دوورم لێی… لە شاری…
ـ ئێ، هەر باشە، ئەڵێم ئەتوانی وتارێک لەسەر بەخشینی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بۆ من بنووسی!؟ خۆت دەزانی ئیستا لە من شیاوتر دەست ناکەوێ، بەڵام ئەم ئۆرووپاییانە گەمژەن و تێناگەن… لەخۆوە نیە پۆتینە کەرەم بەگژدا کردوون.
ـ بەڵێ بەڵێ… ئەیچۆن… ئەی بۆ نا…
بە زەنگی تەلەفۆنەکە دادەچڵەکێم. سەرم قورس قورسە. یەکێک لەو دیو خەتەوە دەڵێ:
ـ(1) Har du glemt å komme på jobb? Du er allerede halv time forsinket!
ژێرنووس:
۱ ـ لەبیرت چوو بێیتە سەر کارەکەت؟ هەر ئێستا نیو کاتژمێر دواکەوتووی!
فەڕۆخ نێعمەتپوور





دیدگاهتان را بنویسید