گۆزەڵەیەک خۆڵەمێش و کۆمەڵێک پرسیاری ئەزەلی

گۆزەڵەیەک خۆڵەمێش و کۆمەڵێک پرسیاری ئەزەلی
هاشم ئەحمەدزادە
گۆزەڵەیەک خۆڵەمێش، نوێترین ڕۆمانی فەڕۆخ نێعمەتپوورە کە ساڵی ۲۰۲5 لەلایەن ناوەندی ۴۹ کتێبەوە لە وڵاتی سوێد چاپ و بڵاو بووەتەوە.
”لەو ڕۆژەوە ڕۆلان بارتی فەڕەنسی بە دەستەواژەیەکی نوێوە، جاڕی مەرگی نووسەری کێشا و دەرفەتی لەدایکبوونەوەیەکی نوێی بە خوێنەر بەخشی، خوێندنەوە بوو بە مڵکی بێئەملاوئەولای خوێنەر. بارت بەم کارەی، نەریتێکی کۆنی خوێندنەوەی دەقی بە ئاراستەیەکی دیکەدا برد و چێژی خوێندنەوەی دەقی گۆڕی. بارت بە ئەزموونی هەمەلایەنەی خۆی لە ئەکتی خوێندنەوە و بیرکردنەوەیەکی قووڵ لە چلۆنایەتیی بەرهەمهاتنی دەقێک، بەو ئاکامە سەرنجڕاکێشە گەیشت کە دواجار بەرهەمێک ناتوانێت تەنێ ئەنجامی ویست و خواستی نووسەرەکەی بێت. هەر بۆیە دەقی بەردەم خوێنەر شتێک نییە جگە لە گڵۆڵەبەنێکی ئاڵۆز بە بێئەژمار سەرەداوەوە کە هەر کامەیان دەگەڕێتەوە سەر بوارێک و لایەنێکی فەرهەنگ و بوونی ئێمە لە ئێستا و ڕابردوو و تەنانەت داهاتووشدا.
دەستت داوەتە ڕۆمانێک و بەسەرهاتی کوردێک دەخوێنییەوە کە وەک دەیان هەزار کوردی دیکە بە خۆی و هاوسەر و مناڵێکەوە، لە کۆتا دەیەکانی سەدەی بیستەمدا ئاوارەی باکووری ئەورووپا بووە. ئێستا نزیکەی چوار دەیە بەسەر پەنابەرییتدا تێپەڕ بووە. چ زوو، چ خێرا! ئێستا هاوسەر مردووە و وەسێتی کردووە جەستەی بسووتێندرێت و خۆڵەمێشەکەی بدرێتەوە دەست مێردەکەی، تا بۆ خۆی چی لێ دەکات، لێی بکات. ۲۸۶ لاپەڕە، ئەو گێڕانەوە بەژانەیە کە کوردە ئاوارەکەی وەگێڕی ئەم بەسەرهاتە پێشکەشی تۆی خوێنەری دەکات. ئیتر لێرەوە خوێندنەوە جیاوازەکان لەسەر بنەمای کێیەتی خوێنەرەکان ئاقاری جۆراجۆر وەردەگرێت و هەر کەسەی، بەدوور لە مەبەستی نووسەر، بە داڵانەکانی دەق و خۆیدا شۆڕ دەبێتەوە و کارگەی ئافراندنی مانا دەخاتە گەڕ و بە گوێرەی ئەزموونەکانی خۆیەوە وێنای ڕووداوەکان دەکات و بە پەڕەمووچی ئەندێشەکانی خۆی، نیگاری دەروون و دەرەوەی کەسایەتی و ڕووداوەکان دەکێشێتەوە.
وێکچوویی بیرەوەرییەکانی وەگێڕ و خۆت هوروژمت بۆ دێنن و تۆ لەبەردەم پرسیارە ئەزەلییەکانی بووندا هەمدیسان مات و سەرسام دەمێنییەوە. خەیاڵات سەرت پێ هەڵدەگرن و کۆڵانەکانی ژیانی ڕابردووت هێدی هێدی بەرەو ناخت دەخوشن و وەبیرت دێننەوە بە چ قاقڕستانێکدا تێپەڕ بوویە و چیت لە چاوەڕوانیدایە و دەشتی ئاواتەکانت چەندە بەریان گرتووە و چیها خەون و خەیاڵت هەرگیز بەرگی بوونیان نەپۆشیوە. کە دێیە سەر پرسی نیشتمان، بێ ئەوەی ئاگادار بیت، جۆغرافیای خەیاڵی گێڕانەوەت ڵێڵە. کوێ بوو نیشتمانی تۆ؟ نیشتمانی دووهەم؟ کێ بوون جیلی پێش خۆت و جیلی دوای خۆت؟ لەم پێگە ناوەندییەدا و لەم نیشتمانە نوێیەدا و لەو نیشتمانە وەهمییانەی ڕابردووتدا، دەبێ چی لە خۆڵەمێشی نێو گۆزەڵەیەک بکەی کە زەمەنێک جەستەی هاوسەرەکەت بووە و ئێستا لە گۆشەیەکی ماڵەکەتدا بەبێدەنگی لەگەڵت کەوتووەتە گفتوگۆ. دەقەکە دەخوێنییەوە و دەچییە نێو جیهانی دیالۆگی بەردەوامی کوردێکی ئاوارەی باکووری ئەورووپا لەگەڵ گۆزەلەیەک خۆڵەمێشی ئازیزترین هاودەمی ساڵانی ساڵی. لێرەوە دەقەکە دەبێتە یارمەتیدەرت بۆ وەبیرهێنانەوەی بەسەرهات و ئەزموونەکانی خۆت. هەندێ جار دەبی بە وەگێڕی بەسەرهاتەکە و لەگەڵ ئەو، ڕابردووی خۆت دەژێنییەوە. ئەو کاتەی سەرمەست لە ئەزموون و چێژی خوێندنەوە دەبییەوە، تازە دەست دەکەی بە چالاککردنی هەمبانەی هزری ڕەخنەییت و کۆدەکانی بارت دەژێنییەوە تا بگەیتە ئاستە ڕاڤەیی، کردەیی، مانایی، فەرهەنگی و نیشانەییەکانی سەرتاپێی بەسەرهاتەکە.”
نێعمەتپوور، فەڕۆخ، گۆزەڵەیەک خۆڵەمێش، ئالینگسۆس: ۴۹کتێب، ۲۰۲۵





دیدگاهتان را بنویسید