میسیۆنەری ئایینی

میسیۆنەری ئایینی

دوو رۆژ لەوە پێش کۆڵەپشتیم دا بە کۆلمدا، موبایلەکەم خستە گیرفانم، کاڵەم لێ‌هەڵکێشا و بەرە سەنتەری شارە گچکەکەمان بەڕێ کەوتم. وەک هەمیشە کاتێک دەچم بۆ پیادەڕەوی، چیرۆکێکم لە یوتووبدا پەیدا کرد و دەستم کرد بە گوێ لێ‌راگرتنی. بەدەم رێگاوە ژنەفتنی چیرۆک تام و چێژی خۆی هەیە. چیرۆکێکی ئینگلیزی بوو بە ناوی "لە قووڵایی دڵمەوە سوپاست دەکەم" لە نووسینی چیرۆکنووسێکی ئەمریکی بەناوی "جەین بیوکانێن". چیرۆکەکە کرابوو بە فارسی و، بە رێکەوت بەسەریدا کەوتبووم. ماوەکەی زیاتر لە کاتژمێر و نیوێک دەبوو. نووسەر باسی لە رووداوێکی سەرنج‌ڕاکێشی دەکرد: باسی بەسەرهاتی منداڵێکی بێ دایک‌وباوک، باسی قەتارێک لە ئامریکا کە کاتی خۆی ئەم جۆرە منداڵانەیان…[ادامه]

میسیۆنەری ئایینی
خواندم !

میسیۆنەری ئایینی

کات 03/05/2026 31 بازدید

دوو رۆژ لەوە پێش کۆڵەپشتیم دا بە کۆلمدا، موبایلەکەم خستە گیرفانم، کاڵەم لێ‌هەڵکێشا و بەرە سەنتەری شارە گچکەکەمان بەڕێ کەوتم. وەک هەمیشە کاتێک دەچم بۆ پیادەڕەوی، چیرۆکێکم لە یوتووبدا پەیدا کرد و دەستم کرد بە گوێ لێ‌راگرتنی. بەدەم رێگاوە ژنەفتنی چیرۆک تام و چێژی خۆی هەیە. چیرۆکێکی ئینگلیزی بوو بە ناوی “لە قووڵایی دڵمەوە سوپاست دەکەم” لە نووسینی چیرۆکنووسێکی ئەمریکی بەناوی “جەین بیوکانێن”. چیرۆکەکە کرابوو بە فارسی و، بە رێکەوت بەسەریدا کەوتبووم. ماوەکەی زیاتر لە کاتژمێر و نیوێک دەبوو. نووسەر باسی لە رووداوێکی سەرنج‌ڕاکێشی دەکرد: باسی بەسەرهاتی منداڵێکی بێ دایک‌وباوک، باسی قەتارێک لە ئامریکا کە کاتی خۆی ئەم جۆرە منداڵانەیان سوار دەکرد، ئیزگا بە ئیزگا دەیانگێڕان تا سەرپەرستێکیان بۆ پەیدا دەکردن. لە گەڕانەوەدا کاتێک لەسەر ئەو پردەی وا شاری بە دوو بەشەوە دابەش دەکرد، دەپەڕیمەوە، کتوپڕ دوو گەنج دەنگیان دام. راوەستام. لێیان ورد بوومەوە. دڵنیام تەمەنیان نەدەگەیشتە بیست ساڵ. یەکیان کە خاوەن روخسارێکی سپی و بێ‌موو بوو، گوتی ببوورە دەتوانین پرسیارێکت لێ‌بکەین؟

من کە هۆشم بە سەر چیرۆکەکەوە بوو و لە کۆتاییەکەیدا بووم، دەستم برد رایگرم. هەمان گەنج گوتی:

ـ ئا ببوورە نەمزانی!

گوتم نا کێشە نیە.

جوان دیار بوو ئینگلیزی زمانن. کاتێ بە نۆروێژی دەدوان وەک هەموو ئینگلیزی زمانێک کە لەتەمەنی تا رادەیەک گەورەدا فێری زمان دەبن، پیتی ‘ر’ێیان زۆر بە خەستی دەگوت.

سەرئەنجام چیرۆکەکەم راوەستان تا گوێم لە پرسیارەکەی بێ. گوتی:

ـ تۆ پێت وایە مرۆڤ کاتێک دەمرێ چی بەسەر دێ؟

من کە چاوەڕوانی وەها پرسیارێک نەبووم و، لام وابوو بەشوێن دۆزینەوەی ئادرەسێکەوەن، تیایا مامەوە. سەیری هاوڕێکەیم کرد. ئەویان باڵا بەرزتر بوو و، خاوەن روخسارێکی خاڵاوی. چەند شیرین و ژیکەڵە دەهاتنە بەرچاو. بەم پرسیارە دەستبەجێ زانیم میسیۆنەری ئایینین و، لە ئامریکاوە هاتوون. ئاخر چەند ساڵ لەوە پێش دووانی لەم چەشنە لە دەرگای ماڵەکەیان دابووم. داوایان کردبوو بێنە ژوورەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو دینەی وا باوەڕیان پێی هەبوو بدوێن. ئاینێک لە دینی مەسیحی کە گوایا لە ئامریکا زۆرن. رەتم کردبوونەوە. ئەمجارەیش خەریک بوو هەمان بکەم. بەو بیانووەوە کە پرسیارێکی قورسە و وەڵامەکەی نازانم، خۆم دەرباز کەم؛ بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی خۆم لەگەڵیان کەوتمە گفتوگۆ. پرسیارەکەی دووپات کردەوە:

ـ پێت وایە کاتێک مرۆڤ دەمرێ چی لێ‌بەسەر دێ؟

گوتم:

ـ من لام وایە مرۆڤ لەپاش مەرگی دەستبەجێ دەگەڕێتەوە بۆ ناو باوەشی سروشت.

کەمێک راما. درێژەم دایە:

ـ پێم وانیە لەمە زیاتر شتی دیکە هەبێ.

دەمزانی ئایینین و، ئەم وەڵامەیان بەدڵ نیە. وەک بڵێی داچڵەکابێ! لەوی تریانم روانی. ئەویش بە هەمان شێوە.

گوتی:

ـ یەعنی پێت وایە دونیایەکی تر بوونی نیە و، بە مردنمان هەموو شتێ کۆتایی دێ؟

ـ کۆتایی نایێ، وەک وتم دەگەڕێینەوە بۆ ناو سروشت. کاتی خۆی سروشت پێکیەوە لکاندووین و ناومان ناوە ژیان و؛ سەردەمێکیش دێ لێکمان دەکاتەوە و ئێمەیش ناوی لێ‌دەنێین مردن!

هەستم کرد خەریکە بەشێوەیەکی رەق وەڵامیان دەدەمەوە. وەک کەسێک بە دوو منداڵی کەم ئەزموونەوە سەرقاڵە و بەتەمای ئامۆژگاری کردنیانە. یان ئەوەیکە دەبێ قسەی دڵی خۆم بکەم و نابێ شەرمیان لێ‌بکەم. من چیم لەوان کەمتر بوو! ئەوان وڵاتە و وڵات دەگەڕان و خەریکی رێکلامە بۆ بیروباوەڕی خۆیان بوون، ئەی من بۆ نا؟ منێک کە لەوان زۆر بە ئەزموونتر و دونیا دیدەتر بووم!

هاوڕێکەی تری قسەی نەدەکرد. بەس دەیڕوانی.

پرسیم خەڵکی کوێن.

ـ لە ئامریکاوە هاتووین. لە شوێنێک نزیکی کالیفۆرنیاوە.

بۆ ئەوەی جەوەکە باشتر و دۆستانەتر بکەم، گوتم:

ـ کوڕەکەی منیش ساڵێک لە ئاریزۆنا خوێندوویەتی، لە فنیکس.

نازانم تا چەندە بەشێوەی دروست ناوی شارەکەم گوت.

ئەمەیان زۆر پێ خۆش بوو. کرانەوە. گوتی:

ـ ئاریزۆنا ویلایەتی دراوسێی ئێمەیە.

بزەیەکم هاتێ. لەوی دیکەیانم روانی. ئەویش بزەیەکی هاتێ.

گوتم:

ـ من بابایەکی کۆنە کۆمۆنیستم، باوەڕم بە هیچ ئایینێک نیە، بەڵام هاوکات دژیشیان نیم، من پێم وایە بەردەوام دین دەورێکی گرینگ لە ژیانی مرۆڤدا دەگێڕێ، سڕینەوەی ئەوەندە ئاسان نیە. رەنگە پێویستیش نەکا ئایین لە مرۆڤە دیندارەکان بستێنینەوە. بەڕای من گرینگ خودی ژیانە، دەبێ باوەڕمان هەبێ ئێرە لەو دونیای تر گرینگترە، تەنانەت ئەو دونیایش لەم دونیایەی وا ئیستا ئێمەی تیا دەژین دەست پێ‌دەکا.

ئەمەی بەدڵ بوو. گوتی راستە.

هەروا لێیان دەڕوانیم.

گوتم:

ـ تا ئەو جێگایەی دین گرینگی بەم دونیا دەدا بۆ من جێی رێزە، لەبیرمان نەچێ دینەکان پێش هەموو شتێ بۆ رێنومایی کردنی ئێمە بۆ ئەم ژیانە هاتوون. جا بەڕای من ئەوەی دواتر روودەدا زۆر گرینگ نیە، ئەگەر ئینسان لەم دونیایەدا باش بژی ئەوا خۆبەخۆ ئەو دونیایەی تریشی ـ دیارە گەر هەبێ ـ دەستەبەر کردووە. لای من دین یەعنی ژیان، نەک مردن.

پرسی:

ـ دەتوانم بپرسم لە کوێوە هاتووی؟

ئاشکرا بوو بە لەهجە و رواڵەتمدا دەیزانی نۆروێژی نیم. گوتم:

ـ لە ئێرانەوە هاتووم، کوردم، زیاتر لە بیست ساڵە لێرەم.

ـ واوو!

ـ لە ساڵی نەوەد و دووەوە لە دەرەوەم.

ـ دەتوانم بپرسم بۆ؟

ـ ئەی بۆ نا، ئاساییە، لەسەر سیاسەت. دژبەری رژێم بووم. باکگراوندێکی سیاسیم هەیە.

ـ واوو!

ئەوی تریان هەر وا بێدەنگ بوو.

من کە گەرمم کردبوو، لە دڵی خۆمدا گوتم ئا ئەمجارە با نۆرەی من بێ بۆ رێکلامە نەک ئەوان!

ـ رەنگە بزانن کە لە ئێران دیمۆکراسی و ئازادی نیە، رژێمێکی ئایینی لەسەر کارە خۆی بە ئیسلام دەزانێ و رێ بە کەسی تر نادا. بە کەیفی خۆیان خەڵکی دەگرن و دەکوژن و راوەدوویان دەنێن. دەڵێن پشتیان بە خوا و بە ئاینی ئیسلامە. ئەوانیش،… ئەوانیش زۆر باسی مردن و ئەو دونیا دەکەن!

کەمێک لێم رامان. لەدڵی خۆمدا ئەم بەشەم بەدڵ بوو! وەک بڵێی ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێم “ئاگاتان لەخۆتان بێ، ئێوەیش دەکرێ وەها بن!… جا هەر ئەوەندەی دەسەڵاتتان بەدەستەوە بێ!” بەڵام دەستبەجێ پەشیمان بوومەوە. هەستێک سەبارەت بەوەی دەبێ ئاگام لە جەوانیان بێ، تیاما دەجووڵا. خۆم زۆر بێ‌ڕەحم دەهاتە بەرچاو.

باسەکەم گۆڕی. گوتم:

ـ لەمێژە لێرەن؟

ـ من دوو مانگ و، هاوڕێکەیشم شانزدە رۆژ.

سەیری هاوڕێکەیم کرد. ئەویشم دواند. بە نۆروێژییەکی زۆر سەرەتایی وەڵامی دامەوە. گوتم:

ـ ئافەرین، بەڕاستی باش نۆروێژی قسە دەکەن ئەویش بەو ماوە کەمە!… من ساڵانی ساڵی پێ‌چوو تا فێری بووم، ئەویش نەک بە تەواوی.

لێرەدا بۆ ئەوەی جەوەکە دۆستانەتر بکەم، یەک دوو رستەی سادەیشم بە ئینگلیزی گوت. بزەیەکیان هاتێ. زۆریان پێ‌خۆش بوو.

سوپاسیان کردم. وەک دواقسە وتیان میسیۆنەری ئایینین و رەنگە دوو ساڵێک لێرە بمێننەوە. پرسیم نۆروێژتان پێ خۆشە. گوتیان ئا، خۆشە. منیش گوتم پێم خۆشە. گوتم ئەم وڵاتە داڵدەی من و ماڵ و منداڵیان داوم، لە کاتێکدا لە نیشتمانی خۆم لەسەر بیروباوەڕ گیانم لە مەترسیدا بوو! ئەو بیروباوەڕەی وا زۆر بیر لە دونیای پاش مردن دەکاتەوە.

هەر دووکیان زۆر بە وردی لێیان دەڕوانیم. نازانم چۆن دەهاتمە بەرچاویان. گوتم:

ـ وەک باسم کرد گرینگ نیە لەدوای مردن چیمان بەسەر دێ، بڕوا ناکەم ناخۆشیی ئەو دونیا لە ناخۆشییەکانی ئەم دونیا خراپتر بن. گرینگ چۆن ژیانکردنە،… هەرچەند ئێمە ئەم قسە زلانەیش دەکەین و کەچی زۆر جاریش بۆ خۆمان ناتوانین پابەندیان بین! بۆیە… بۆیە وەک دەبینی هەموو شتێک ئاڵۆزە… زۆر ئاڵۆز!

زۆر جار راوەستانێکم بۆ دەکرد. بە شوین وشە گونجاوەکاندا دەگەڕام.

لە کۆتاییدا سوپاسیان کردم. بەپێچەوانەی سەرەتا کە دەستمان نەدایەوە، ئەمجارە لەگەڵ یەکتر تەوقەمان کرد و هەر کامەمان رێگای خۆمان گرتەوە بەر.

دیسان موبایلەکەم رۆشن کردەوە و، گوێم دایەوە چیرۆکەکە. بزەیەکم هاتێ. بە خۆم گوت:
ـ “عەجەب رێکەوتێک: چیرۆکی ئامریکایی و بە شوێنیدا گفتوگویەکی ئامریکایی لەسەر پردێک!”

چیرۆکەکە لەگەڵ ئەوەی دەستپێک و درێژەیەکی تراژێدی و ناخ‌هەژێنی هەبوو، بەڵام خاوەن کۆتاییەکی خۆش بوو. بەدەم رێگاوە موبایلەکەم کوژاندەوە و، دیسان خەیاڵم چووەوە سەر دوو گەنجە ئامریکاییەکە. لەخۆم پرسی باشە بۆچی منیان راگرت،… یەعنی، چی بوو لە مندا وا ئەوانی هان دا ئەو پرسیارە کۆن و مەسخرە و لەهەمان کاتدا هەمیشە گرینگە لە من بکەن؟

ئەوسا تەمەنی خۆم هاتەوە بیر. منێک کە ریش و سمێڵم سپی کردبوو و لە هێشتنەوەشیان باکم نەبوو. بێگومان ئەمە سەرنجی ئەوانی راکێشابوو. راگرتنی بەتەمەنێک و پرسیارێکی لەو چەشنە. بزەیەکم هاتێ.

دڵنیام لای خۆیان گوتوویانە:

“با لەم پیرەمێردە بپرسین، لەم پیاوەی وا ژیانێکی وەهای بەبەرەوە نەماوە!”

لەبەر خۆمەوە سەرێکم با دا. دڵنیام بەتەما بوون بەو پرسیارە جۆرێک پێوەندییەک لەگەڵ مندا بکەنەوە، بۆ ئەوەی دواتر زیاتر لەگەڵم بدوێن. بۆ ئەوەی جاروبارە لەدەرگام بدەن و، سەردانم بکەن.

ناوی چیرۆکەکە بە زەینمدا هاتەوە “لە قووڵایی دڵمەوە سوپاست دەکەم!”

نازانم سوپاسیان بکەم، یان نا!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *