فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

داهاتوویەکی گەش

کات 28/07/1403 29 بازدید

داهاتوویەکی گەش

دەنگی گۆرانی ماملێ دەهات:

“خزم و قەومم بە جێ هێشت ئەی هاوار لە دەشتی شاروێرانێ، وەدووای یارێ دەکەوم نازەنین ناکێشم پەشیمانی.”

مریشکە قاوەییە هێلکەکەرەکەم بە پەتێکەوە، کە پێم وایە بەنەخوێنە، بە لکی درەختێکەوە دەبەستمەوە. لەولامەوە سەرنووسەری هەفتەنامەکە دانیشتووە و، خەریکی خواردنەوەیە. پێم وابێ ئارەقی سەگییە. بە بۆنەکەیدا دەزانم کە لەوانەیە قڕم کا!

لەبەر خۆمەوە دەڵێم گۆرانی بێژەکە لەخۆوە ‘هاوار’ و ‘نازەنین’ی تێکەڵ بە شیعرەکە کردووە. ئا، بۆ وەزنی گۆرانییەکەیەتی، بۆ ئەوەی باشتر بۆی بێتەوە. گۆرانی بیژەکان هەر هەموویان دەست لە شیعرەکان وەردەدەن… بە کەیفی خۆیان، ئەویش بەم جۆرە کەلیمانە… خوا بیانبڕێ!

مریشکەکە هەوڵی خۆ دەربازکردنییەتی. ناتوانێ. لەدووای چەند پەلەقاژەیەک، وەک بڵێی دادەمرکێتەوە. ئەوسا دەست دەکا بە گارە گار. سەرنووسەری هەفتەنامەکە کە جگەرەیەکی بە لالێوەوەیە و لەگەڵ مامڵێ بە دەنگی بەرز باسی دەشتی شاروێران دەکا، لە کاتێکدا وشەکان لە دەمی‌دا خاودەبنەوە، دەڵێ هێلکەیەتی هێلکە!… بۆ کون و کەلەبەر دەگەڕێ بیکا، بەڕەڵڵای کە بەڕەڵڵا… دەی یاڵڵا… گوناحە! بەم نوێژی نیوەڕۆیە لە هێلکەی خوا بێ بەش‌مان مەکە!

ئەوسا لەگەڵ شریتی ماملێ دەنگ هەڵدەبڕێتەوە.

من کە نازانم بۆ بە مریشکێکی قاوەیی گارەگارکەر لێرە بەم عەسرە خۆم دەبینمەوە، هیچ ناڵێم. کتوپڕ منیش ئیشتیای ئارەق و جگەرەیەک دامدەگرێ.

لەمێژە کاکی سەرنووسەر دەناسم. لام سەیرە لەم حاڵەدا دەیبینم. ئەو هەمیشە کەسێکی جیددی و ناوچاو تاڵ بووە و، بە هۆ و بێ هۆ لە وتارەکانی‌دا باسی داهاتوویەکی گەش و روونی بۆ میللەت دەکرد. هەمیشە دەیگوت ئەوەندەی نەماوە مرۆڤ بگاتە جێ‌بە‌جێ کردنی راستەقینەی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بەختیار و بەختەوەر.

وەک دەبینن من لەم رستەیەی ئاخردا هەوڵم داوە کە رێک وەک خۆی قسە بکەم و، هەمان جۆری داڕشتنی ئەو بەکار ببەمەوە.

گوتم ئارەقت لا ماوە؟ قسەکەم تەواو نەکرد هەر لە جێوە بە دانیشتنەوە قنێکی بۆ بادا و، بە خاوە خاوە دەنگی هەڵبڕی کە فەرموو… فەرموو لە خزمەتدایە!

کە یەکەم پێکم هەڵدا دونیا لەبەر چاوم‌دا تاریک و نووتەک هەڵگەڕا… وەح کە تاڵ و ناخۆش بوو! گوتم خوا غەزەبت لێ‌بگرێ ئەم قوزەڵقورتە چییە دەیخۆیتەوە!؟ دەنگی هەڵبڕی کە “مردنی چاکترە لەو حاڵە نابێتە زیندەگانی، نازەنین نازەنینم بۆچی گۆڕای گیان و رۆحی شیرینم!” لەبەر خۆمەوە گوتم ئەو سەگبابە دیسان لەخۆوە پڕی کردەوە لە نازەنین.

من کە قەت کاکی سەرنووسەرم بەو حاڵە نەبینیبوو، بە خۆم گوت شتێک قەوماوە… ئا حەتم شتێک روویداوە! لام کردەوە و لە مریشکە قوڵێم رووانی کە ئیستاکە بێ‌دەنگ ببوو و لە کاتێک‌دا پەتەکە نەیدەهێشت لەوە زیاتر لە درەختەکە دوور بکەوێتەوە لاقێکی بە حەواوە بوو و ئەوی تریشی لە سەر عەرز، سەر و ملی بەرەو شوێنێکی نادیار بیرمەندانە راکێشابوو.

گوتم وازت لە داهاتووی گەش هێناوە و، بۆ خۆت دەیگوزەرێنێ! کاکی سەرنووسەر تەواو لە حاڵ و هەوای خۆیدا بوو،… دەیچڕی و دەیچڕی:

“نازەنین نازەنینم بۆچی گۆڕای گیان و رۆحی شیرینم!”

بۆ ئەوەی سەرنجی بێنمە سەر خۆم،… نەڕاندم “وای لێهات… ها،… وای لێهات یار گۆڕا و ئیتر تەواو!؟” لێرەدا وازی لە پلکە لێدان هێنا، دەستی دایە پێکێکی تر، هەڵیدا و گوتی پەح کە کەری هەتیو! ئەوسا پێکە بەتاڵەکەی فڕێ دایە بەر دەمی خۆی و، دەنگی هەڵبرێ کە:

“وەک مەجنوون کەوتمە کێوان خۆزگە یارم لەگەڵ با، ئەو ئاوڕەی لە منیش بەر بوو یاڕەبی بەڵکو لەتۆش بەرببا!”

لە دەورووبەی خۆم رووانی. رێک لە ناوەڕاستی کۆڵانێکی خۆڵاوی دانیشتبووین. سەیرە، دونیا رەش و سپی بوو. یەک کەس چییە لە خەڵکی گەڕەکیش بەدەرەوە نەبوو. ئەو درەختەیش مریشکەکەم پێوە بەستبووەوە، وشک و رەق‌هەڵاتوو بە ئاسمان‌دا رۆ چووبوو. ئەوەندەی تر سەرم سووڕما.

چاوێکی لێ‌داگرتم و، گوتی جگە لە بەنەخوێنەکەت هیچی دیکەت نەبوو مریشکە قوڵەی پێ ببەستیتەوە!؟ گوتم ئەم هەفتەیە هیچت نەنووسیبوو، هەفتەنامەکە لە واژۆت بەتاڵ بوو. گوتی جا تۆی مریشک‌باز کارت بەم بەزمەوە چییە… ها پێم ناڵێی،… کارت بە وتاری منەوە چییە!؟ گوتم مریشکەکەم تامەزرۆی خوێندنەوەی بوو! بەم قسەیەم راوەستا. نە پلکەی لێدا و، نە لەگەڵ ماملێ دەنگی هەڵبڕییەوە. گوتم سەرئەنجام خوێنەرێکی دەروەستت پەیدا کرد، مەگەر تۆ باست لە داهاتوویەکی گەش نەدەکرد!؟ گوتم ئەم مریشکەم قنی دڕا و هێلکەکەی هەر بۆ نەکرا،… دەی یاڵڵا وتارێکی تر!

مریشکەکە کەوتەوە گارەگار. پشت پەنجەرەکان پڕ بوو لە چاوەکان. نەفەرێک مشتێک گەنمی هەڵدا. لقی وشکی درەختەکە کەمێک خۆی بۆ دانەواند. قرچە قرچ، کۆڵانەکەی تەنی. مریشکەکە دەنووکی گەیشتە چەند دنکە گەنمێک.

گوتی راستییەکەی وازم لە سەرنووسەری هێناوە. سەرێکم لێ بادا. مریشکەکە تەپێک ریقنەی کرد. سەرنووسەرەکە دایە پڕمەی پێکەنین. گوتم ئاکامی بیستنی هەواڵی لەناکاو و سەیر و سەمەرەیە ئیتر. درێژەم دایە ئەی باسی داهاتووی گەش چی لێ بەسەردێ؟

پێکێکی تری بۆ هەڵدا. هەوایەکی دیکەی لەگەڵ ماملێ گوتەوە و، وتی ئەی ئەمە چییە کەرە!؟

ئەوەندەی پێ نەچوو، کاتێک سێبەر تەواو کۆڵانی داگرت، وەنەوشەیەکی ئاخیر مودێلی رەشی قەترانی لەو سەر پەیدا بوو. لە تەنیشتمان‌دا راوەستا. دەرگا کرایەوە. کاکی سەرنووسەر بە لارەلار لە کاتێکدا بە زەحمەت خۆی رادەگرت، سواری سەیارەکە بوو. هەر ئەوەندەی لەو سەری کۆڵان لەچاو ون بوون، خەڵکی گەڕەک بە پەلە و بە هەڵات هەڵات خۆیان گەیاندە سفرەی بەجێ‌ماو. بوو بە حەشر و حەلەلایەک نەبێتەوە!

ئارام بەنەخوێنەکەم لە مریشکە قوڵێ کردەوە و، بە سەرەکەی تری کۆڵان‌دا ئاودیو بووم.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *