فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ژەنڕاڵ

کات 19/09/1403 47 بازدید

ژەنڕاڵ

ژەنڕاڵ رۆژی هەشتی مانگی دێسەمبەر لە کاتێکدا هەرچی پەیکەری بەردین و ئاسنینی خۆی و باوکی بوو لە تەواوی نیشتمان کۆی کردبوونەوە، لە جانتاکەی هاویشتن، سواری فڕۆکەیەک بوو و بەرەو مۆسکۆ بەڕێ کەوت. ئەو چەند رۆژ لەوە پێش لە رێگای بەرپرسی دەزگای سیخۆڕیی دەوڵەتەکەیەوە بە دە کۆتر دە نامەی بە یەک ناوەڕۆکەوە بۆ باکوور ناردبوو. ئەوەیکە گەر دەکرێ هەرچی زووتر مشووری بخۆن و، بە تەیارەیەک بۆ ئەوێی بگوازنەوە. کۆترەکان نۆیان بە دەم رێگاوە کوژران و، یەکیان لە دووای ئەوەی لە بیابانەکان گوزەرا و گەییە ئاسمانی تورکیا و لەوێوە بۆ دەریای رەش و پاشان قەوقاز و رووسیا، گەیشتە مۆسکۆ. خوێنین و ماندوو، تینوو و برسی بە بێ ئەوەی یەک چرکە چییە بحەسێتەوە، رێگای بڕیبوو. هەر کە نیشتەوە، لەپاش کەمێک رووانین لە دەورووبەری خۆی، بەلادا هاتبوو و ئەویش وەک نۆیەکەی تر مندار ببووەوە.

نامەکە گەییە سەرۆک.

فڕۆکەکە لە کاتی خۆیدا ئامادە کرا و، ژەنڕال بە هەموو پەیکەرەکانی‌یەوە سوار بوو. تەیارەکە ئەوەندە قورس بوو کە بەزەحمەت فڕی. ژەنڕال وەک دوواجار لەو ئاسمانەوە لە خاکی نیشتمانی رووانی و، بەخۆی گوت گرینگ ئەوە بوو خۆم و باوکم رزگارمان بوو!

مۆسکۆ سارد و بەفرین بوو. شەقامە خاوێن و روونەکان لە دوورەوە دەدرەوشانەوە. ژەنڕال لە خۆشیی ئەوەی بنەماڵەکەی دەرباز کردبوو و، ئیستاکە لە خانوویەکی باش و تا رادەیەک گەورە و خۆش‌دا دەژیان، دڵخۆش بوو. بە خۆی گوت بە خۆشییەوە بە خێر و خۆشی تێپەڕی! ئەوسا ماندوو و شەکەت لەبەر دەم تەلەفزیۆنەکە لەسەر مۆبلێکی جوان و گرانبەها دانیشت و، سەیری هەواڵەکانی کرد.

هەواڵەکان لەسەر نیشتمان دەدوان. ئەو خەڵکە تووڕەی وا وێنەکانی ئەم و باوکیان دەدڕان و پەیکەرەکانیان سەرەونخوون دەکرد و بە چەکوچ و بەرد دەیانشکاندن. ژەنڕاڵ لە کاتێک‌دا بە لاچاو لە جانتاکەی رووانی، سەرێکی لێ بادان و بە گەمژەییان بزەیەکی هاتێ. ئاپۆرای شایی و سەمای هەزاران کەس لە شەقام و کۆڵانەکان‌دا شەپۆلی دەدا. کەمێکی تر سەیری کرد. دیسان بزەیەکی هاتێ و، لەبەر خۆیەوە گوتی ئەو بەدبەختانە وەک هەمیشە نازانن لە ناو وەهمی خۆیان‌دا بەشەڕ دێن! لەدووای ئەمە رابوو، پەیکەرەکانی خۆی و باوکی لە جانتاکە دەرهێنا و، لە هەموو ژوورەکاندا، لەهەر شوێنێک دەستی بدایە داینان. کچەکەی گوتی باوکە سەیرە چۆن ئەو سەدان پەیکەرە لە خانوویەک‌دا جێگایان بووەوە!؟

ژەنڕال بزەیەکی هاتێ و، بە چاوە ساردەکانی لە کچەکەی رووانی.

بەیانی زوو تەلەفۆن زەنگی دا. گوتیان ئەمڕۆ دیدارێکی گرینگی دەبێ. کاتژمێر دە، ورچێکی قاوەیی لەگەڵ گورگێک و ئاسکێکی شاخ زەلامی باکوور خۆیان کرد بە ژوورەوەدا. لە گفتوگۆیەکی فەرمی و وشک‌دا پلانی ژیانی ساڵانی داهاتوویان بۆ ژەنڕاڵ خوێندەوە و، دوواتر دەفتەرەکەیان دایە دەست و رۆیشتن. ژەنڕال زانی کە ئیتر لەمە بەدووا ژیانی رۆژانەی بریتی دەبێ لە مەلەکردن، چوون بۆ راو، خلیسکێن، سەیری تەلەفزیۆن کردن، گەر تاقەتی لێ‌بوو کتێب خویندنەوە، لەگەڵ بنەماڵەکەی پیاسەکردن، گەڕانی ناو دارستانەکان و دیسان گەر تاقەتی بوو خوێندنەوەی مێژووی رووسیا. سەرۆک پێی گوتبوو وڵاتەکەی خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەند و لەهەمان کات‌دا سەیرە، مێژوویەکی پڕ لە شانازی، بۆیە گەر دەست بکا بە خوێندنەوەی زووتر رووداوەکانی نیشتمان لەبیر دەکا! گوتبووی ناپلیونیش لە دووا ساڵەکانی تەمەنی لە جەزیرەی سیسیل هەر بەو شێوەیە ژیابوو. “ئەرێ، رووسیا لەهەموو کاتێک‌دا فریاد رەسە!”

ژەنڕال هەموو ئەمانەی دەکرد. بەتایبەت کە هاوسەرەکەی یەکجار ئەم شێوە ژیانەی بەدڵ بوو. بۆ ئەو کە گیانی ژەنڕاڵ دەرباز ببوو و، ئیستاکە دەیتوانی بۆ هەمیشە لە تەنیشتی‌دا بێت و بە بێ خەم و دڵەڕاوکێی کوشتن و تیاچوون و خۆخەریک کردن بە ئیش و کاری سیاسی و دەوڵەتییەوە لەگەڵیا بژی، تەواو دڵخۆش بوو. ژەنڕال ئیتر بە تەواوی هی ئەو بوو. کەس نەیدەتوانی لێی بستێنێتەوە. ژەنڕالیش کە دەیبینی هاوسەرەکەی خۆشحاڵ و رازییە، کەیف خۆش بوو. بەڵام شتێک کە ژنەکەی زۆر ئازار دەدا پەیکەرەکان بوون. ئەوەندە ژمارەیان زۆر بوو کە بزووتن لەناو خانووەکەدا بەراستی زەحمەت بوو. جاری وابوو ژەنڕاڵ بەئاسانی لە نێوانیاندا ون دەبوو، وەها کە دۆزینەوەی ئاسان نەبوو. ئەوەندەیش خۆی تێ کوتابوون کە قۆل و شانەکانی سوور و بریندار هەڵگەڕابوون. بەڵام ژەنڕال ئامادە نەبوو لایان ببات. پەیکەرەکان شەو و رۆژ لەوێ لەناو ژوورەکان‌دا راوەستابوون و، لە کاتێک‌دا بەنیگا بەتاڵەکانیان لە شوێنێکی نادیاریان دەڕوانی ئامادە نەبوون یەک میلی میتر چییە خۆیان لابدەن و رێگا چۆڵ بکەن.

خاتوون سەرەتا کە دەیبینی ژەنڕاڵ بە پلانی رۆژانە دڵخۆش بوو و، چێژی لە ژیانی تازەیان وەردەگرت، ئەوەندەیش گوێی بە پەیکەرەکان نەدەدا. بە خۆی گوت بەهەرحاڵ ماوەیەک دەخایەنێ هەتا رابردوو فەرامۆش دەکا و، بە ژیانی تازەی رادێ. بەڵام زۆری نەخایاند کە بینی ژەنڕاڵ نیوە شەوان لەخەو هەڵدەستا و دەچوو لە تاریکایی ژوورەکان‌دا بە ناو پەیکەرەکان‌دا دەگەڕا و هەتا بەیانی بە بێدەنگی لێیانی دەڕوانی،… لە نێوانیاندا بە سەعات رادەوەستا و لەگەڵیان دەکەوتە گفتوگۆ. جاری وابوو وەک جاران کە بۆ جەماوەر قسەی دەکرد، نوتقی بۆ دەدان و باسی لە گەورەیی نیشتمان و گەڕانەوەی گەورەیی و عەزەمەتی جارانی دەکرد. دڵەڕاوکێ و ترس سەرتاپای خاتوونی داگرت. بگرە جارێکیان ژەنڕاڵ لەکاتی ژەمی نیوەڕۆ گوتی من بە بێ ئەوەی دوژمن بە خۆی بزانێ گەلی راستەقینەم لەگەڵ خۆم هەڵگرتووە و هێناومە بۆ ئەم وڵاتە، بۆیە دڵنیام رۆژێک لە رۆژان دیسان  بەیارمەتی ئەوان حوکمی وڵات دەگرمەوە دەست. خاتوون زۆر ئەم قسانەی بە هێند وەرنەگرت و، لەگەڵ ئەوەی هەموو شەوێک برینەکانی شان و قۆلی خۆی بە وردی تیمار دەکرد و جۆرەها دەوا و دەرمانی بۆ ساڕێژکردنەوەیان بەکار دەبرد، لەبەر خۆیەوە دەیگوت ئەمەیش تێدەپەرێ. بەڵام نەک تەنیا تێ‌نەپەڕی، بەڵکوو هەتا دەهات وەزعەکە خراپتر دەبوو. ژەنڕال جاری وابوو نیوەشەوان پڕ بە گەرووی دەنگی هەڵدەبڕی کە “هەڤاڵان سوپاس بۆ راوەستاوی و خۆڕاگریتان!… سوپاس بۆ ورەی بەرز و بەهێزتان!… دڵنیابن سەرکەوتن هەر هی ئێمەیە و رۆژێک لە رۆژان دەگەڕێینەوە بۆ نیشتمان و بە سەر تیرۆریستان و دوژمنان‌دا وەک جاری جاران سەردەکەوین!”

رۆژێک خاتوون دانیشت و، نامەیەکی دوور و درێژی بۆ سەرۆک نووسی. باسی لە حاڵ و وەزعی هاوسەرەکەی کرد. سەرۆک وەڵامی نەدایەوە. بێگومان ئەمەی وەک کێشەیەکی بنەماڵەیی لێک دابووەوە، یاخود رەنگە وای بیرکردبێتەوە کە ئەمە هەمان حاڵەتی ناپلیۆنە کە کاتی خۆی بەتەمای داگیرکردنەوەی تاج و تەخت، لە سیسیل هەڵاتبوو و رووی کردبووەوە فەڕەنسە بۆ ئەوەی جارێکی تر جڵەوی دەسەڵات لە نیشتمانەوە بەدەستەوە بگرێتەوە. خاتوون کە ئەمەی بینی تەواو بێ هیوا بوو. ئیتر زانی هەتا مردن دەبێ لەگەڵ ئەم دۆخە هەڵ‌بکا و، بە تەمای چاکبوونی نەبێ.

رۆژەکان و مانگەکان تێپەڕین. کتوپڕ رۆژێک هەمان وەفد کە لە ورچ و گورگ و ئاسکەکە پێک هاتبوون، هاتنەوە بۆ لای ژەنڕاڵ. ئەمجارە رێوییەکیشیان لەگەڵ‌دا بوو. وەفدەکە گوتیان کە ئەم خانووە لەڕاستی‌دا کاتی بووە و، ژەنڕاڵ و ژنەکەی دەبێ بۆ خانوویەکی دیکە راگوێزن (منداڵەکانی لەمێژ بوو گواستبوویانەوە و، روویان لە ناوچەیەکی دەرەوەی مۆسکۆ لە رۆژهەڵاتی شار کردبوو). چار نەبوو، دەبا بڕۆن. وەک چەندین مانگ لەوە پێش ژەنڕاڵ ویستی هەموو پەیکەرەکان بخاتەوە ناو جانتاکەیەوە و بەم شێوەیە خۆی بۆ گواستنەوە ئامادە بکا، بەڵام هەرچی کرد یەک پەیکەریش چییە لە جانتاکەی‌دا جێی نەبووەوە! دۆش‌داماو، بێ‌هیوا و وەڕەز لە خاتوونی رووانی. وەک بڵێی ژنەکەی دەیتوانی یارمەتی بدا و، کیشەکەی بۆ چارەسەر بکا. چەند جاری دیکە هەوڵی دایەوە. دیسان بێسوودتر لە هەر کاتێکی تر،… دەستەوەستان و ماندوو چۆکی دادا. دەنگی هەڵبڕی “راستی جاری پێشوو چۆن جێگام بۆ کردنەوە؟” خاتوون بە چاوە خەمگینەکانی لێی ڕوانی.

بۆ سبەی ژەنڕاڵ لە کاتێک‌دا هەموو پەیکەرەکانی میللەتی لە خانووەکەدا بە ناچاری جێ‌دەهێشت، سواری ئەو زیلە سەربازییە بوو کە لە شەڕی دووهەمەوە جێ‌مابوو. لە دەرەوە هەتا نیگا بڕی دەکرد زوقم و بەفر و بەستەڵەک بوو. ورچ و گورگ و ئاسک و رێویەکە کە لە پێشەوە دانیشتبوون و خەریکی خواردنەوەی ڤۆدکا و کێشانی جگەرە بوون، لەکاتێک‌دا بە چرپە دەدوان جاروبارە لە ئاوێنەکەوە لە ژەنڕاڵیان دەڕوانی و بە چاوەکانیان پێدەکەنین.

خانووی نوێی ژەنڕاڵ کۆشکێکی سەدان ساڵەی ناو دەشتێکی بێ‌سنوور بوو. کۆشکێکی کۆن کە وەک دەیانگوت کاتی خۆی ئەریستۆکراتێکی رووسیی سەدەی هەژدە تیایا ژیابوو و بە هۆی ئەو پێوەندییە بنەماڵەییەی لەگەڵ تێزار هەیبووە، تێزار چەند جارێک هاتوچۆی کردبوو. ژوورەکان پڕ بوون لە وێنە کۆنەکانی سەدان ساڵ لەوە پێش. وێنەی تێزار و ئەو ئەریستۆکراتانەی کە بێگومان هەر کامەیان بۆخۆیان کاتی خۆی بێنە و بەرەیەکیان بووە.

ژەنڕاڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی لەوێ دامەزران. ئەم خانووە گیانی دەدا بۆ پەیکەرەکانی. چەند جارێک بەتەمای بینینەوەیان جانتاکەی پشکنییەوە. ئەوسا بۆ یەکەم جار لە ژیانی‌دا سەری خستە سەر شانی هاوسەرەکەی و، بەکوڵ کەوتە گریانێکی بەسۆز.

ئیستا ژەنڕاڵ لەگەڵ جێ بە جێ کردنی ئەو پلانەی وا لە دەفتەرەکەدا کاتی خۆی پێیان دابوو، شەوانە هەتا درەنگان بە ناو وێنەکان‌دا دەگەڕێ. بە وردی لە تاریک و روونیی ژوورەکاندا لێیان دەڕوانێ و، ورد سەرنجیان دەدا. لەبەر خۆیەوە دەڵێ بەڕاستی هیچ شتێک بەقەدەر مێژوو ناتوانێ ئارامی ببەخشێ.

فەڕۆخ نێعمـەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *