فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بۆنی کۆترەکان

کات 08/11/1396 457 بازدید

سێ کوڕی هەیە. یەکەمیان شەقاوەیە، دووهەمیان شۆڕشگێڕە و سێهەمیان شاگرد چایچی.

هەموو رۆژێ کاتی نانخواردنی شەوان، لەناو سێ کوڕەکەیدا دەبێ بە شەڕ. شەقاوەکە دەبێ لە سەرەوەی سفرەکە دابنیشێ، شۆڕشگێڕەکە پێی وایە ئەمە زوڵمە و نابێ، شاگرد چایچییەکەیش مەزڵوومانە دادەنیشێ و هیچ ناڵێ.

کە شەقاوە و شۆڕشگێڕەکە لێک راست دەبنەوە، چایچییەکەیش غیرەت دەیگرێ و لە پشت سەری شۆڕشگێڕەکەوە رادەوەستێ و خۆی مۆڕدەکاتەوە. شەقاوەکە کە چاوی بەمە دەکەوێ خوای نامێنێ و، برا شۆرشگێڕەکەی لەبیردەچێتەوە و هەوڵ دەدا خۆی بگەیەنێتە ئەو. بەڵام مەگەر دەتوانێ؟ هەمیشە بە هەڵکەوت قاچێکی دەچێتە سەر گۆشەیەکی سفرە لووسەکە و ئیتر بە سەروملەوە دەڕوا. دایکیان دەکێشێ بە سەری خۆیدا و باوکیان دەچێتە حەوشێ و جگەرەیەک دادەگیرسێنێ. مێروولەکانیش شایی لۆغانیانە، لە قوژبنەکانەوە بە شوێن وردە چێشت دا دەردەکەونەوە. رەش و زەرد. گەورە و بچووک.

شەقاوەکە یەکجار رقی لە چایچییەکەیە. نەک لەبەر ئەوەی کاسبە، یاخود ساڵی یەک دەست کەواو پانتۆڵی بەسە، نا، لەبەر ئەوەی بۆنی چایی دەدا، ئەویش چایی کۆن و کوڵاو و هەرزان. بۆ ئەوەی ئازاری بدا ناوی ناوە بەچکە چا. بەچکە چاش هیچ ناڵێ و تا دەتوانی خۆی لێ دەبوێرێ. بەڵام تاکەی دەتوانێ؟ نە خانووەکە ئەوەندە گەورەیە و نە حەوشەکە. بەتایبەت کە حەوشەکە دارگوێزێکی زەلامیشی تیایە بەو لق و چڵانەوە لەوانەیە بچن بە ناو چاودا. ژێر دارگوێزەکەیش، ئەوێیش، پڕی مێروولەیە.

شۆڕشگێڕەکە کە لە ئەساسدا لەبیری گۆڕینی وڵاتدایە، هەنووکە بەناچار خەیاڵی چووەتە سەر برا شەقاوەکەی. چارەیەک نەبینێتەوە، ژیان ئاوا ناڕواتە پێش. رۆژێک مێروولە دەست بەسەر هەموو شتێکدا دەگرێ و هەم دایکی سەری دەتۆقێ و هەم باوکی بە دووکەڵ دەخنکێ.

ئێوارەیەک لەدووای هەڵخلیسکانێکی تری برا شەقاوەکەی، دەچێتە حەوشێ لای باوکی و دەڵێ بۆ سیان، بۆ دووان نا؟ باوکی لە پشت مژە دووکەڵێکەوە لێی دەڕوانێ و دەڵێ ئەو سەردەمانە پرسیار هەر نەبوو، هەموو شتێ تەنیا رووداو و چارەنووس بوو. دەپرسێ بۆ ئەمیان بوو بە شەقاوە؟ قونچکەکە دەگەزێ و دەڵێ نازانم، رەنگە لەبەر ئەوەی لە هەمووتان گەورەترە. یان رەنگە تاوانی ساڵی لافاوەکەیە!

هەوای قورسی ژێر دارگوێزەکە لە خۆیانی دەگرێ. باوکی دەڵێ لەژێریا جگەرەیش تامی نامێنێ، دەبێ بیبڕمەوە.

شەقاوەکە کۆتربازیشە. کەس نازانێ لەم وڵاتە بۆ تەنیا شەقاوەکان حەزیان لە کۆترە و بۆ کۆتر بۆ ئەوان بەجێ ماوە. ئەویش ئەم باڵندە جوان و سیحراوییە کە کاتێک دەگمێنێ، رۆح دێنێتە سەما. جارێکیان پرسیم. وتیان بۆ خەڵەتاندنی منداڵ و بۆ هەوەسبازییە. ئەها، کەواتە کۆتر ئەوەندە جوانە کە دەتوانێ منداڵ ئاگای لە جەستەی خۆی نەمێنێ. ئەم کۆتربازانە چەندە فێڵەبازن! باشە چۆن چۆنی ئەم رازەیان دۆزیوەتەوە؟ بەڵام نا، من باوەڕم بەم چیرۆکە نیە. لای من ئەوان حەزیان لە کۆترە لەبەر ئەوەی رووی دزێوی خۆیانی پێ لەبیربکەن. خۆیان بەهەڵە وەک کۆتر دێتە بەرچاو. خۆفریودانێکی خۆش.

برا چایچییەکە رقی لە کۆترەکانە. دەڵێ بۆنی شەقاوەکەیان گرتووە. دەڵێ کە دەفڕن لەگەڵ خۆیان بۆنە ناخۆشەکە بەسەر هەموو شاردا بڵاو دەکەنەوە. کۆترەکانیش کە دەفڕن، زۆر قووڵ دەفڕن. من هەست دەکەم هەوڵدەدەن تا بتوانن لە خاوەنەکەیان دوور بکەونەوە، ئەگەرچی لەو سەرانە رەنگە زۆر بە ئاسانی بەتووش واشە و باڵندە گۆشت خۆرەکانی تریشەوە بن. بەڵام مەگەر شەقاوەکە وازدێنێ. دادەنیشێ تا دەگەڕێنەوە. هەمیشەیش دەگەڕێنەوە. کۆترەکان تازە دەستەمۆن، ئەگەرچی سروشت تەنیا چەند سەد مەترێک لەو دیوی خانووەکەیانەوەیە. رۆژێک بە باوکیان دەڵێم چاوت لێیە کۆترەکان لەسەر دارگوێزەکە هەڵدەنیشن! بۆیە دارەکە مەبڕەوە! کەس نازانێ خەیاڵی باوک لە کوێیە.

شۆڕشگێڕەکە بیردەکاتەوە چلۆن پلانێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە، وەها کە زوو لەم بەزمە رزگاری بێت و بتوانێ بگەڕێتەوە سەر پلانە سەرەکییەکەی، پلانی مەزنی رزگاریی وڵات و گەل. رۆژێک سەرئەنجام بەو ئاکامە دەگا کە تەنیا رێگا کوشتنی کۆترەکانە. گەر کۆترەکان نەمێنن ئەوا شەقاوەکەیش سەری خۆی هەڵدەگرێ و دەڕوا. بۆ ئەو دووردوورانە، بۆ ناو کونی ئاسمان. بەڵام ئەو کە مرۆڤێکی بەبەزەییە حەزی بە هەڵکەندنی سەریان نیە. بۆیە دەچێ ژار دەکڕێ. وەها کە تێکەڵ بە ئاوەکەیانی بکا و ئیتر تەواو. بەڵام رێک لەو کاتەدا دەیەوێ ژارەکە بکاتە ناو ئاوەکەیانەوە، پەشیمان دەبێتەوە. پرسیار: ئاخر مەگەر ئەم گیانلەبەرە بەستەزمانانە چ تاوانێکیان کردووە کە دەبێ ببنە قۆچی قوربانی کێشەکە؟ نا، ئەم کارە ناکا. جگە لەمە لای برا شۆڕشگێڕەکە ئەمە کردەیەکەی مەکیاڤیلانەیە. نا، مرۆڤ نابێ بۆ گەیشتن بە ئامانج لەهەموو شتێ کەڵک وەربگرێ. بەڵام ئەی چاری تر؟

لەگەڵ باوکی قسە دەکا. پێی دەڵێ داخۆ ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە برای گەورە لەبیری ژیانێکی سەربەخۆدا بێ بۆ خۆی و بڕوات؟ باوکی بە سەرسوڕمانەوە لێی دەڕوانێ. رۆڵە خۆ جارێ ژنی نەهێناوە. نا ژنی نەهێناوە.

بیردەکاتەوە رەنگە ئەمیش جارێکە وازبێنێ باشترە. چ دەبێ کە لەسەرووی سفرەکە دابنیشێ؟ چاوی دەرێ. با ئەوەندە دابنیشێ تا دڵی دەردێ! با لەوێ بێت تا ژن دێنێ و دەگوازێتەوە، هەرچەند زۆر ناعادلانەیش بێت. بۆیە وازی لێ دێنێ.

بەڵام برا شەقاوەکە کە فێری ئەم بەزمە بووە، وازناهێنێ. هەموو ئێوارەیەک بە تەوسەوە دادەنیشێ، هەوڵدەدا تووڕەیان بکا. لاتاو دەهاوێ. برا شۆڕشگێڕەکەیش چەندە زوو تووڕەدەبێ. دەچێ بە ئاسمانا. دیسان مۆڕەکەی برا چایچییەکە، هەوڵی شەقاوەکە، هەڵخلیسکانی لەسەر سفرەکە و دەرکەوتنەوەی مێروولە زەرد و رەش و گەورە و بچووکەکان،… دیسان چەپۆک و جگەرەی ناو حەوشەی ژێر دارگوێز.

خەیاڵ: رەنگە رۆژێک تۆفان بەزەیی بەسەریانا بێت و لەگەڵ خۆی بیبا، یان رنگە لافاوێک هەستێت و راپێچی دا و ئیتر تەواو! تەنانەت رەنگە دەستێک لە نادیارەوە، کە ئەویش کەس نازانێ چۆن وەها لە نادیاردا رقی هەستاوە و وەها بڕیارێکی داوە کە بێت و بوونەوەرێکی لەم چەشنە بۆ هەمیشە بڕفێنێ.

رۆژێک دایکیان سفرەکە بیست و پێنج دەرەجە دەگێڕێ و لە جیاتی ئەوەی لا کورتەکەی، کە تەنیا شوێنی دانیشتنی یەک کەس بوو، لە تەنیشت پەنجەرەکە لەسەرەوەی ماڵەکەدا رابخا، لا درێژەکەی دەخاتە ئەوێوە. شەقاوەکە سەری لێ تێکدەچێ. کەمێک راوەستێ و دەست لەژێر چەناگە رادەمێنێ. سەرئەنجام دەچێتەوە لای شوێنە کورتەکەوە!

شۆڕشگێڕەکە و چایچییەکە ئیستاکە خۆشحاڵن. شۆڕشگێڕەکە بیردەکاتەوە چەند گێل و نەزانانە شتێکی ئاوەها وردی لەخۆوە گەورە کردبووەوە. چایچییەکەیش کە ماندووی چایی دانانە، لە دەروونەوە گاڵتەی بە شەڕی ئێواران دا دێتەوە.

ئیتر شۆڕشگێڕەکە دەگەڕێتەوە سەر ژیان و پلانی جارانی. بیردەکاتەوە ئەو بۆ چارەسەری شتی ئاوەها بچوک نەخوڵقاوە! شوێنی ئەو، ئاسمانی کراوە و بێ سنوورە. چاییچییەکەیش چیدی لە سەر کار بۆنی شەقاوەکە لە هەوای شاردا ناکاو، شەقاوەکەیش هەر خەریکی فڕاندنی کۆترەکانیەتی.

کەس هێشتا نازانێ برا شەقاوەکەی ماوەیەکە بە پێچەوانەی جاران بۆنی کۆترەکانی گرتووە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خوێنەری هێژا، ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە > بۆنی کۆترەکان

تەگەکان :

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *