فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

هاوشێوە

کات 09/07/1402 256 بازدید

هاوشێوە

کاتژمێر پینجی بەیانی لە ‘کانی پلوسکان’ەوە بەرەو سنور شۆڕبوونەوە. رۆژێکی کۆتایی بەهار بوو. سروشت، جوان و رازاوە و سەرسەوز دەخەمڵییەوە. دەنگی باڵندەکان لە هەموو لایەکەوە دەهاتەگوێ. سروەی بەیان لە دۆڵەکەوە رادەخوشا و، لە شوێنیک لە ناو دارستانەکەدا وندەبوو. کێوی ‘نهێنی’ بەرزبەرز بە بێدەنگی بەرەو پێشوازیی رۆژێکی تر دەچوو.

کە گەیشتنە سنور، پیاوێکی قاچاقچیی تەمەن مامناوەندی کە جامانەکەی بە دەستەوە بوو، گوتی ئالێرەیا رەنگە بەتووش سەربازەکانەوە بین، گوتی زۆربەی کات دووانن، جاری وایشە یەکە، هیچ ناڵێن، چاویان لە پووڵە، شتێکیان ئەدەینێ و تێئەپەڕین. کە گوێی لەمە بوو، کەمێک خۆی دوواخست وەها کە لە دوواوەی کاروانە پێنج کەسییەکەوە بێت. کەمێک دوواتر پەشیمان بووەوە و، چووە ریزی سێهەم. دۆڵەکە، کە هێشتا هەتاو نەیدەگرتەوە کەمێک تاریک دەینواند. ئاسمان روونتر بوو. هەوا تەڕ و پاراو بە سییەکاندا دەچووە خوار و، هەستێکی خۆشی دەبەخشی. بە خۆی گوت سەرباز کاری بە هیچ نیە، تەنیا ئەوەندەی دوو ساڵەکەیان تەواوبێت و بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەوسا وزەیەکی زیاتر گەڕایە هەنگاوەکانی. رێگا خۆڵینەکە زیاتر هاواری لێدەکرد.

سەرەو ژوورێکی نە زۆر کووڕیان بڕی و، گەیشتنە ئەو شوێنەی وا بەڵێن بوو سەربازەکان وەک هەموو رۆژێک لەوێ بن؛ بەڵام بە سەر سووڕمانەوە بینیان کەسی لێ نیە. چەند هەنگاوێکی تر رۆیشتن و، پاشان بە دەنگێکی نەوی پرسی ئەی کوان. هەمان جامانە بەدەست کە هەناسەی قورسی هەڵدەکێشا، گوتی ئەمڕۆ دیار نین، بەختمان هەیە، دیارە جارەجارە هەڵئەکەوێ لێرە نەبن. ئەمڕۆ لێرە نین رەنگە لەبەر ئەوەی هێشتا زۆر زووە. ئەوسا سەیری سەعاتەکەی دەستی کرد و، گوتی ئەرێ زووە… زۆر زووە. یەکی تریان کە ناوچاوانێکی مڕومۆچی هەبوو، گوتی کوڕە جاری وایشە تاقەتیان نیە، دەخەون، کێ بە کێیە! پارەی گیرفانیان دەزانێ!

لای ئەم گرینگ ئەوە بوو بە بێ دەردیسەر تێپەڕن. هەر لە دۆڵەکە ترازان، وەک بڵێی دونیایان بەڕوودا بکرێتەوە. دیمەنی بەردەمیان بە هەموو بوونیەوە لە پانتاییەکی بەرینتردا خۆی دەرخست. دونیا روونتر بووەوە. چیدی سێبەری چڕی ناو دۆڵەکە نەما. ئێرە خاکی ئێراق بوو. ترازابوون (یەکیان هاواری ئەمەی کرد). هەرچەند ئەم هەروا لە دڵەڕاوکێی ئەوەدا بوو کە رەنگە سەربازێک لە دوواوە دەنگیان بدات، یاخود تەقەیان بەسەردا بکات. بەخۆی گوت بەس نەبوو هاتمە ریزی ناوەڕاستەوە!

نا، هیچ باسێک نەبوو. ئارام بە دۆڵەکەی بەردەمیاندا شۆڕبوونەوە و گەیشتنە جۆگەلەئاوێک. لەوێ وچانێکیان دا. ئاوێکیان بە روخساردا کرد، یەک دووانێکیان لەولاترەوە میزیان کرد و پاشان بەڕێ کەوتنەوە. لە خاکەکەی بەردەمی وردبووەوە. خاک دەیگوت من هەر هەمانم! بە خۆی گوت هەمان زەوی.

کە لە ‘کانی خان’ لایاندا، لە چایخانەیەک راوەستان. داوای نان و ماستێکی کرد و، ئەوسا چاییەکی خەستیان لەبەردەمدا دانا. یەکەمجار بوو چایی وەها خەستی دەخواردەوە. پێی خۆش بوو. جگەرەیەکی ‘ئازادی’ لەگیرفان دەرهێنا و لەدووای داگیرساندنی، مژێکی قووڵی لێدا، ئەوسا بۆ یەکەم جار سەری هەڵبڕی و سەیری ئەو دیو سنووری کرد. کێوی نهێنی بە قەڵافەتی پڕ هەیبەتی خۆیەوە لەبەردەمیدا وەک پاڵەوانی ناو چیرۆکە ئەفسانەییەکان هەستابووە سەرپێ و لەمی دەڕوانی. دەنگی خەڵکی و کاروانی دەهاتەگوێ. هەروەها دەنگی ماشینێک لە دوورەوە کە بە تڕەتڕ لە هەورازێکەوە سەردەکەوت. هەتاو هیشتا دیارنەبوو.

کتوپڕ هەستێکی سەیر رووی تێکرد. وەک بڵێی کێوی نهێنی بە دوو چاوی زەقەوە لەم وردبووەتەوە و، بە سەرسوڕمانەوە لێی دەپرسێ بۆ کوێ؟ شەرمێونانە نیگای شاردەوە و، لەبەردەمی خۆی رووانی. هەمان خاک! بە خۆی گوت وادیارە نهێنی هیچ نازانێ. سەری هەڵبڕییەوە و، هەتا چاو و دیمەنی بەردەمی ئیزنی دەدا لەو دیوی رووانی. چەند دوورەدەست هەموو شتێک دەهاتە بەرچاوی. وەک بڵێی بەسەر دەیان ساڵدا قەڵەمبازێکی ئەفسانەیی هەڵدابوو. وەک بڵێی چیتر هیچ شتێک هی ئەو نیە. هەموو پێوەندییەکان لەپردا بۆ هەمیشە پچڕابوون. رێگاکە لە شوێنێکدا گەیشتبووە دۆڵێکی قووڵ و بێ بن. دۆڵێک وەک دیوارێکی ساف و لووس. تەنیا رێگا بۆ پەڕینەوە، کەوتنە خوارەوە بوو. چاوەکانی بچووک کردەوە و لە قووڵایی ئاسمان راما. ئاسمانیش لەهەر دوو لا هەر هەمان. شین و بەرین و قووڵ.

نازانێ چەندە ئاوا مایەوە کە دەنگێک بانگی لێکرد “کاکە دەڕۆین!” هەستایە سەرپێ. نیگای خستە سەر دیمەنەکەی بەردەمی و، خەمینانە، یان رەنگە ئارام لەبەر خۆیەوە گوتی ماڵئاوا!… ماڵئاوا!

سوار هەمان سەیارە بوون کە ماوەیەک لەوە پێش دەنگی بیستبوو. بە دۆڵەکاندا شۆڕبوونەوە، بە دەشتی ‘گەرمک’دا تێپەڕین و ‘پێنجوێن’یان جێ هێشت و… سەرئەنجام گەیشتنە سلێمانی. چەند خۆشحاڵ بوو گەیشتن! تەپوتۆزی ناو رێگا و، بۆنی ناخۆشی ناو ماشینەکە کە هی بەنزین، جەستەی ئارەقاوی و بۆنی دەمی موسافیرەکان بوو، گێژ و وڕی کردبوو. ئێرە گەرمتر بوو و تەواوی جەستەی نیشتبووە سەر ئارەق. هەوای گەرمی سلێمانیش ئەوەندە زوو ئارەقی ناو سەیارەکەی نەسڕییەوە و لە کاتێکدا جانتا بچووکەکەی خستەسەرشانی، تاکسییەکی گرت و رێک بەرەو باخی گشتی بەڕێکەوت. لەهەموو ناوەکان هەر ئەمەی لەبیرمابوو. بە خۆی گوت لەوێوە ئەزانم چی بکەم.

نیوەڕۆ بوو و، دونیا هەتا دەهات گەرمتر دادەهات. لە شێرەئاوێکی خواردەوە و لە ژێر درەختێکدا، کەمێک لاپەڕ، لەسەر چیمەنەکە راکشا. ئێرە فێنکتر بوو. درەختە باڵابەرزەکان دەورتادەوریان گرتبوو. باخەکە چۆڵ بوو و، خەڵکێکی وەهای لێنەبوو. دەنگی ژاوەژاوی شار لە شەقامەکانی شارەوە دەهاتەگوێ. چەند هەستی بە تەنیایی دەکرد! چاوەکانی قونجاند و، هەوڵیدا ئەوەی وا روویدابوو بێنێتەوە خەیاڵی خۆی. بەڵام وەک بڵێی رابردوو کتوپڕ ون ببوو! هیچ شتێک مێشکی نەدەگرت. ئەو تەنیا جەستەیەک بوو لەوێ لە ژێر درەختەکاندا راکشابوو. تەژی لە هیچ و خاڵی لە بیر. چاوەکانی قونجاند. ئەوسا بوو بە پەڵەهەورێک، نەرم نەرم بەرزبووەوە، لەناو درەخت و لق و گەڵاکانەوە بەرەوحەوا… فڕی و فڕی. فڕینێکی سپی. پەشمەکێکی سەردەمی منداڵی، کاتێک لە کۆڵان بە قڕانێک دەیکڕی. لەو سەری کۆڵانەوە بایەک هەڵیکرد و، پەشمەکەکەی لەگەڵ خۆی برد.

کە بەئاگاهات، هەتاو خوارببووەوە. ژاوەژاوی دەورووبەریش زیاتر. سەری قورس قورس. بە پەرۆشەوە لە دەورووبەری خۆی رووانی. راستی لە کوێ بوو!؟ دانیشت و پاڵی بە درەختەکەی تەنیشتییەوە دا. ئا، هاتەوە بیری. هاتەوە بیری ئەم بەیانییە زوو سنووری بەزاندبوو و، بە ماشینێک خۆی گەیاندبووە سلێمانی. بزەیەکی تاڵ نیشتە سەر لێوەکانی. لێوە وشکەکانی بە زمان لستەوە، هەستا لەهەمان شێرەئاو ئاوی خواردەوە و دیسان سەروچاوێکی شۆردەوە. ناو باغەکە خەڵکی زیاتری تێهاتبوو. سەیری کاتژمێرەکەی دەستی کرد. سەعات پێنجی دووانیوەڕۆ بوو. لەسەر گازی پشت بۆی کەوتەوە و، لەخۆی پرسی ئیستا بۆ کوێ؟… ئا، راستی بۆ کوێ بچم؟ دەیزانی هیچ هۆتێلێک هەر ئاوا لە خۆوە رێگای نادەن. بەڵام ئێرەی هەبوو. باغی گشتی بە باوەشی ئاوەڵای خۆیەوە هەبوو. فێری خەوتن لە دەرەوە بوو. زۆر جار ئەمەی لەگەڵ هاوڕێیانی کردبوو، کاتێک دەچوون بۆ شاخ. بەڵام راوەستە ئەی دووای ئەمە چی؟ لە نووکی درەختەکان راما و، لەوێوە نیگای هەتا قووڵایی ئاسمان بەڕێکرد. پەڵە هەورێکی بینی. گوتی رەنگە پێویست نەکا بۆ شوێنێکی تایبەت بچم… رێک وەک ئەو پەڵەهەورە هەمیشە بە ئاسمانەوە و هەمیشە بە رێگاوە.

کتوپڕ دەنگی قریوەی منداڵ هاتەگوێی. چووە سەر تەنیشت و بەلای چەپی خۆیدا رووانی. بنەماڵەیەک لەولاترەوە بۆ سەیران هاتبوون. سەماوەر و نان و چا. گوڵەبەڕۆژەیش. سێ منداڵ بەشوێن یەکتردا هەڵدەهاتن و ئاوێزانی یەکتر دەبوون. دایکیان زووزوو دەنگی دەدان. بزەیەک هاتە سەر لێوانی. هەستی بە برسیەتییەکی سەیرکرد. هاتەوە بیری لە نان و ماستەکەی کانی خانەوە هیچی نەخواردبوو. تەنانەت جگەرەیشی نەکێشابوو. تەح لەم هەموو غیرەتە! ئەمەی گوت و، ئازا رابووە سەرپێ.

سلێمانی، دەریای بێ ئەژماری مرۆڤەکان خۆی بۆ کردەوە. جانتاکەی ئەم دەستاودەست کرد و، بەرەو شەقامی مەولەوی بەڕێکەوت. هاتەوە بیری ژمارە تەلەفۆنێکی پێ بوو. ژمارە تەلەفۆنی بنەماڵەیەک کە کاتی خۆی لەسەردەمی شەڕی ئێران و ئێراق کوڕەکەیان هاتبووە ماڵی ئەوان و، لە ئێرانەوە دەربازی خاریج ببوو.

بزەیەکی هاتێ. بە خۆی گوت “یەک بەم لایەدا و یەک بەولایەی تردا!”راستی نەکا ئەویش هەر من بووبێت!؟

کەواتە تەنیا خاک و ئاسمان لەیەک نەدەچوون.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *