فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کۆترەکان

کات 02/03/1403 128 بازدید

کۆترەکان

وتی لە کۆترەکان زۆریان نەمان، سی دانەیەک دەبوون، ساڵانی ساڵ لە پشیلە پاراستمن، هەڵبەت خۆت دەزانی کە پشیلەکان بەشی خۆیان هەر دەبەن، بەڵام بەهەرحاڵ وەها نەبوو کە بڵێم نەمپاراستن. دیارە لەگەڵ واشە هیچ ناکرێ، بەو قووڵایی ئاسمانەوە خۆ دەستی کەس نایگاتێ تا نەهێڵێ پەلاماری کۆترەکان بدا، ئەرێ جاری وابوو دووای هەڵفڕاندنیان کە دادەبەزینەوە یەکیان بۆ هەمیشە وندەبوو، ئیتر دەمزانی کاری واشەیە. خۆ با کۆتر لەگەڵ خۆی نابا،… دەیبا؟ ئەوسا هەناسەیەکی هەڵدەکێشا و، درێژەی دەدایەوەو دەیوت لە کۆتر بەستەزمان‌تر دەستناکەوێ، کە راوی دەکەن لە ژێر زەبری بێڕەحمانەی چنگۆڵە تیژەکاندا تەنیا بالەفرتێ دەکا، نە چڕنوقێ نە دەندووکێ نە کاردانەوەیەک، هەر هیچ هیچ، بەئاسانی مل دەدەنە چارەنووسی خۆیان، هیچ بوونەوەرێک ئا بەم چەشنە مل ناداتە قەدەری مەرگ، وەک ریشۆڵە و قەلە رەشە و شتی لەم بابەتە نین کە کاتێ واشە دەیانگرێ دونیا دێننە سەر خۆیان،… ئەیچۆن… ئەی نەتبیستووە دەڵێن کۆتر و ئاشتی،… کۆتری ئاشتی، رەمزی تەبایی و ئارامین،… هەڵبەت نازانم ئەمەیش تا چەندە دەتوانێ راست بێ، ئاخر بوونەوەرێک نەتوانێ لەخۆی بەرگری بکا بەکەڵکی چی دێ، تەنیا بەزەیی ئەوانی تر دەجووڵێنێ، ئەمەیش باش نیە. نانا باش نیە.

ئەوسا بێدەنگ دەبێ.

دەڵێم وتت سی دانە بوون، دوواتر چەند دانەیان مانەوە؟

لە عەرزەکەی بەردەمی خۆی دەڕوانێ و بە دەستی راستی مێشێکی قیرسیچمە لەخۆی دوور دەکاتەوە و، دەڵێ ئەو رۆژە شەڕ دەستی پێکرد و لە سەربازخانەکەوە شاریان دایە بەر تۆپ و خومپارە، من هەر دڵێکم لای ئەوان بوو، بەپەلە کۆڵانە و کۆڵان بێ گوێدانە مردن خۆم گەیاندەوە ماڵەوە.

باسی شەڕی بەهاری ساڵی پەنجا و نۆ دەکا. دوو ساڵ دووای شۆڕش و رووخانی شا. بیستوومە یان خوێندوومەتەوە، نازانم، بەڵام دەزانم کە ئەو ساڵانەی هێشتا حکومەتی تازە دەستی زۆر نەدەڕۆیشت و، لە کوردستان حیزبەکان زاڵ بوون. لە شار تەنیا پادگان مابوو. ئەرێ، سەربازخانەکە تەنیا سیمبۆلی دەسەڵاتی ناوەندی بوو. نە خۆی تەسلیم دەکرد و، نە دەشیانتوانی بیگرن. دۆخەکە نەیدەتوانی بەم شێوەیە درێژەی هەبێ. یا دەبووایە بەم لادا بکەوتایە یان ئەو لا. بۆیە وەک دەڵێن رۆژێک وەزعەکە تەقییەوە. چەند کۆپتەر کە بۆ هێنانی یارمەتی هاتبوون، کەوتنە بەر تەقە و ئیتر شەڕ دەستی پێکرد. پادگانیش دەستی کرد بە لێدانی شار. بێڕەحمانە دەیکوتا.

دەڵێ لە کوچە و کۆڵانە ترساو و پڕ مەترسییەکان هەر چۆنێ بێ تێپەڕیم. دەنگی گریان و هاوار لە هەموو شوێنێکەوە دەهات. کە گەیشتمەوە، ویستم بەپەلە بچمە سەر بانیژەکە بۆ ئەوەی کۆترەکان بکەمەوە کولانە، کە خێزان بەریان پێگرتم. وتیان لەوێوە پادگان دیارە، دەتبینن و تۆپێکت پێوە دەنێن. لە حەوشەکەی پشتەوە، لە نێوان رۆیشتن و نەڕۆیشتن، مامەوە. چار نەبوو. گەڕامەوە بۆ ژوورەوە. لە یەکێک لە هۆدەکانی پشتەوە کە دەیڕوانیە حەوشەکە و بانیژەکە دانیشتین. هەر باش بوو! چاوێکم لە بانیژەکە بوو. دەمبینی کە کۆترەکان چۆن وەک ئێمە لەگەڵ تەقینەوەی هەر تۆپ و خومپارەیەک دادەچڵەکین. چەند دانەیەکیشیان هەڵفڕین. بۆ سەر بانە هەرە بەرزەکەی پشتەوە، یان بۆ ئاسمان نازانم. مەودای رووانین زۆر نەبوو. لەوێوە چاویشم لە سەر و گەردنی ئەو کۆترانە بوو کە لە ناو هێلانەکانیانەوە کە پووتی شانزە کیلۆیی بوون و لە ژێر گوێسبانەکان هەڵمانواسیبوون، سرک سرک هەڵتروشکابوون. ئەوانیش هەموو جارێک دادەچڵەکان و رادەبوون. کۆترەکان لەو سەرەوە ئاگایان لە هەموو شتێک بوو بە بێ ئەوەی بزانن چ باسە!

لام سەیرە دووای ئەو هەموو ساڵە هەر دڵی لای کۆترەکانە. بەخۆم دەڵێم رەنگە ئەو ساڵانە وەها بووبێ. دەڵێ کەس نازانێ چەندە خۆش بوو. کاتێک ئێوارانە دەچوویتە ژوورەکەیان، یان شەوان، بۆنی ریقنە و جەستەی گەرم و گۆشتنی بەچکەکانیان، ئەو وردە کا و پەڕ و پۆیانەی هەڵدەوەرین و لەسەر عەرزەکە کەوتبوون، یان کاتێک نێرو مێکان پاڵیان بە یەکترەوە دەدا و هەڵدەنیشتن و چاویان بۆ خەو لەسەر یەک دەنا. دەڵێ بە سەعات لایان دەمامەوە، تێر نەدەبووم. ئەوسا پێدەکەنێ و، دەڵێ بە گاڵتەوە پێیان دەوتم کە بۆنی کۆتر دەدەی! ئەوسا سەرێک لەبەر خۆیەوە بادەدا و، دەڵی بێگومان بۆنی کۆترم گرتبوو،… ئەرێ بۆنی کۆتر. کتوپڕ چاوەکانی بچووک دەکاتەوە و، تیژ لێم دەڕوانێ و دەڵێ جا توخوا بۆنی کۆتر باشتر نیە لە هەموو ئەو بۆنانەی کە خەڵکی ئەم سەردەمەی گرتووەتەوە!؟… ها، بەڕای تۆ باشتر نیە؟… بۆنی ئاشتی.

دەپرسم ئەوەندەی بزانم شەڕ چل شەوێ درێژەی کێشا، حکومەت هاتەوە و دەستی بەسەر شاردا گرتەوە، جا ئەو چل شەوە ئاگات لێیان بوو؟ بەسەرسوڕمانەوە لێم دەڕوانێ و، دەڵێ شەڕت نەبینیوە، مەگەر دەکرێ چل شەو لە شارێکدا کە بەردەوام شەڕ و تەقە و تۆپ و خومپارەباران بێ و مرۆڤ بتوانێ بمێنێتەوە!؟ بەڵام باش بوو، جاروبارە دەمتوانی سەردانیان بکەمەوە، هەر جارەی دانێکی زۆرم بۆ رۆدەکردن و دەڕۆیشتم، لە ژوورەکەیاندا دەڵێم، شووشەیەکی دەرگاکەشیانم شکاند بۆ ئەوەی دەرفەتی هاتوچوویان هەبێ و لە تینوویەتیدا نەمرن، یان بتوانن بۆخۆیان دانەوێڵەی خۆیان پەیدابکەن ئەگەر هاتوو نەمتوانی سەردانیان بکەمەوە، بە خۆشم وت ئیتر چش لە پشیلە، راستییەکەی هیچیشم لەدەست نەدەهات، بۆخۆت باش دەزانی پشیلە کە دێ یەک دەگرێ دەیخوا و دەڕوا، هەتا برسی نەبێتەوە ناگەڕێتەوە، بەڵام برسیەتی و تینوویەتی وەها نیە، هەموو پێکەوە قڕدەکەن،… ئەیچۆن!

بیستبووم کە لە دووای چل شەو حکومەت هاتبووەوە. حیزبەکان سەربازخانەکەیان بەتەواوی بۆ نەگیرابوو. کونەرێوی، کە بوشێکی مەحکەمی پادگانەکە بوو، مایەوە. دەوڵەت لە ناوەندەوە کاروانێکی پڕ چەک و چۆڵی سەربازی رێخست و، پاش هەندێ کێشە و گرفت و لێرە و لەوێ لەگەڵ حیزبەکان بەگژ یەکتردا هاتن، سەرئەنجام شاریان گرتەوە.

وتی کە ستوونی سربازییەکە ئەو رۆژە نزیکی شار کەوتەوە، ئیتر تەنانەت ئەو تاک و تەرا خەڵکەیشی وا مابوو لە شار هەموو چۆڵیان کرد. یەک دوو رۆژ پێش ئەوە هەر هەموو کۆترەکانم گواستەوە بۆ ژێرزەمینەکە و بە خۆم وت لێرە دان و ئاوی چاکیان بۆ دادەنێم و ئەوەندەی پێناچێ شەڕ تەواو دەبێ و دێمەوە و فریایان دەکەومەوە. ئەمەم کرد، دەرگام قوفڵ دا و رۆیشتم. دیارە ئەوەندەی پێنەچوو کە شاریان گرتەوە و حیزبەکان رۆیشتن، بەڵام وەهایش نەبوو من بیرم لێکردبووەوە، زیاتری خایاند، بەخۆم وت بەخوا تازە کۆترەکانم فت، مرداربوونەتەوە، چەندجارێک بڕیارمدا بچمەوە، دیسان وەک ئەو رۆژەی دەستپێکردنی شەڕەکە بەگژمدا هاتنەوە کە ئەوە دیسان شێت بوویتەوە… بۆ کوێ!؟ راستیان دەکرد.

لێرەدا کەمێک بێدەنگ دەبێ. دەڵێ مرۆڤ سەیرە، هەر لەخۆوە هەندێ حسێب و کتێب دەکا کە فڕی بە سەر هیچەوە نیە و مەعلوم نیە بەپێی چ ئەقڵێک وەهای لێکدەداتەوە، ئاخر من کارناسی شەڕ بووم! ئاخر من رێبەری حکومەت یاخود ئەندامی حیزبی سیاسی بووم! هەر لەخۆوە لای خۆم وام لێکدابووەوە. ئیتر کێ کەر بێ… کێ!؟ ها کێ!؟

دەڵێم بیستوومە کە درێژەی کێشا. سەرەتا لە گەردەنەی خان تێکشکان، پاشان سەرلەنوێ هێرشیان هێنایەوەو ماوەیەک لەتەنیشت شار ئۆردوویان لێدا، ئەوسا بەرەبەرە خۆیان کشاندە ناو شار. دەڵێ ئەرێ ملم شکێ، هەر ئەو کاتەیش دەمتوانی دیسان سەردانیان بکەمەوە، کوڕە هەر لایان بمامایەتەوە، خۆ حکومەت نەیدەخواردم… ها دەیخواردم؟ با بیشیخواردمایە، بەخوا لەبەر کۆترەکان هیچیان لێنەدەکردم، دەمگوت لەبەر ئەم کۆترانە لێرە ماومەتەوە، دەمگوت شوانە کۆترم، دەمگوت بەحەیاتم کارم بەسەر سیاسەت و میاسەت و ترەهاتەوە نەبووە و نیە… ئەیچۆن… هەر لەخۆوە سەردانم نەکردنەوە، کوڕە هەر ئەو رۆژەی یەکەمی شەڕەکەیش بچوومایە سەر بانیژەکە هیچ نەدەبوو، دەزانی ماڵی ئێمە لەناو ئەو هەموو ئاوربارانە یەک تاقە فیشەک چییە بەری نەکەوت، کوڕە کێ کاری بە کۆتر و کۆتربازەوە هەیە، بەخوا ئەگەر خەڵکی دڵ بدەنە کۆتر قەت هیچ شتێکی ناخۆش لەم دونیایەدا روونادا، حیکمەتی کۆتر دەتگرێ، دەتکاتە شێخی نوورانی، ئاشتی روودەکاتە دونیا…

دەڵێم دووای ئەوەی شار گیرایەوە، خەڵک ئیتر گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵیان، هەندێ زووتر و هەندێ کەس درەنگتر. دەڵێ ئەرێ، بەڵام نازانم من لە کام دەستەیان بووم، کە گەڕامەوە خەڵکێکی زۆر چووبوونەوە سەر ماڵ و حاڵیان و، خەڵکێکی زۆریش هەر لە دەرەوە لە دێهاتەکان مابوونەوە. سوار جیپێکی شینی کۆن بووم و بەپەلە خۆم گەیاندەوە. سێ هەفتەیەک تێپەڕیبوو. دووای ئەوەی لە پرسگە پڕیمەوە، بەپەلە خۆم گەیاندەوە ماڵەوە. دونیا ئارام ببووەوە و لە هیچ شوێنێکەوە دەنگی تەقە نەدەبیسترا، ئەگەرچی شار پڕی هێزی چەکداری حکومەت و پیاوکانی بوو. وای دونیا چەند کتوپڕ دیسان بەلایەکی تردا کەوتبووەوە! ئەرێ کاکی برا! وەک وتم خۆم گەیاندەوە ماڵەوە، چی ببینم باشە؟ لەدووای ئەوەی دەرگای دەرەوەم کردەوە، بێراوەستان بەرەو ژێرزەمینییەکە چووم، دەرگاکەی تەنەکە بوو، لە تەختە و تەنەکە کە قوفڵێکی بچووکم لێدابوو. بینیم کراوەیە، هەر دڵم تۆقی. کە چوومە ژوورەوە جگە لە بۆنی بەجێماوی کۆتر و ریقنە و دەفرە وشکە بێ ئاوەکان و بۆنی قەدیمیی مانگا، ئاخر کاتێک منداڵ بووم ئەوێ تەویلەی مانگا بوو، هیچی تر نەمابوو. بە خۆم وت هەر هەموویانیان دزیوە، بیستبووم کە ماڵ بە ماڵی شار گەڕاون و خانووەکانیان پشکنیوە، بەخۆم وت کۆترەکانیان هەموو نۆشی گیان کردووە و ئەوەی بۆ منیش ماوەتەوە قوڕبەسەری و بیرەوەرییەکانیانە.

وتم دەی بەو حسێبە هەر هیچ کامیان نەمابوون ئەی بۆ دەڵێی زۆریان نەمابوون!؟

چاوێکی هەڵبڕییەوە و وتی کاتێ ویستم لە ژێرزەمینییەکە بێمەوە دەرەوە، چاوم بە شتێکی سەیر کەوت! بینیم بە ماژیک لە سەر دەرگا تەنەکەکەیان بە فارسی نووسیبوو “ما پرندەها را آزاد کردیم خدا یار و یاور شما باشد”. وتی هەر وشک بووم. نەمدەزانی باوەڕبکەم یان نا، وەی لە تۆپ و خومپارە باران کردنی شاریان و وەی لە ئازادکردنی کۆتریان! بەخۆم گوت ئەم گەوادانە پێمان رادەبوێرن!

ئەو رۆژە چوومەوە سەر بانیژەکە، هێلانەی بن میچەکانم بەسەرکردەوە، ژوورەکەی سەروەشیانم پشکنی، نا لە هیچ شوێنێ دیار نەبوون. هێلانە بەتاڵ و خاپوور. بەخۆم گوت ئەگەر ئەو سەگبابانە راستیان بکردایە ئەوا لانیکەم لێرە دەمبینینەوە. ئەو ئێوارەیە خەمگین چوومەوە خوارەوە. لەدووای چەندین مانگ شەڕ و چەندین هەفتە ئاوارەیی، گەرانەوە حاڵ و هەوای خۆی هەبوو، خەڵکی خۆشحاڵ بوون، ماڵی ئێمەیش هەروەها، هەرچەند خەڵکەکە هێشتا وڕی رووداوەکان بوون و باوەڕیان بەوە نەدەکرد وا کتوپڕ بەسەریاندا هاتبوو. ئێوارە درەنگان لەبەر پەنجەرەکەی ژوورەکەی پشتەوە، روو لە بانیژەکە دانیشتبووم کە کتوپڕ هەستم بە فڕینی شتێک لە سەر بانیژەکە کرد. کە رووانیم بینیم کۆترن. بەڕاکردن بە بێ ئەوەی پێڵاوەکانم لەپێکەم چوومە دەرەوە، رێک بۆ سەر بانی، چی ببینم باشە! دوو کۆتر! یەکیان ئەبڵەقێکی نێر بوو، یەعنی رەنگ رەش و سپی تێکەڵ و، ئەوی تریان رەشێکی قەترانی مێینە، هەر دووکیانی ناسییەوە، ئەوان جاران جووتی یەکتر نەبوون، ئیستا جووت بوون، خەریکبوو لە خۆشیا دڵم راوەستێ.

چاوەکانی دەگەشێنەوە. منداڵێک لەدووای دەیان ساڵ لەجەستەی پیاوێکی بەتەمەنەوە خۆی دەردەهاوێتە دەرەوە. دەستدەکا بە هەڵبەز و دابەز. زیاتر لێی ورددەبمەوە.

درێژەی دەداتەوە. دەڵێ لە سی دانەکە هەر ئەو دووانە مابوون. ئەوانیش وەک کۆتری دەشتەکیان لێ هاتبوو، سرک و سەرشێت، بۆ مەگەر دەتتوانی تاقە یەک هەنگاو چییە لێیان نزیک بکەویتەوە. نا نەتدەتوانی. وتی دەزانی ئەوان بە رۆژ هەر زۆر زوو لە شەقەی باڵیان دەدا و دەڕۆیشتن و ئێوارە درەنگان دەهاتنەوە، ئەرێ لە دەرودەشت خۆیان بەخێودەکرد، دەشتەکیان لێ دەرچووبووەوە، بۆ ئەوەی فێریان کەمەوە کە لە ماڵەوە بمێننەوە، هەموو رۆژێک لەسەر بانەکە گەنمم بۆ رۆدەکردن، سەرئەنجام عادەتیان گرتەوە و ئیتر قەت نەچوونەوە بۆ ناو سروشت.

دەڵێم پێت وایە ئەوانی دیکە چییان بەسەر هاتووە؟ دیسان بێدەنگ دەبێتەوە. دەڵێ نازانم، بەڵام لەچەند حاڵەت بەدەر نیە، یان واشە و جڕ و جانەوەری دەشت خواردوونی، یان تازە بۆ هەمیشە چوونەتەوە سەر باوو باپیرانیان و دەشتەکی بوونەتەوە، یان سەری خۆیان بۆ هەمیشە هەڵگرتووە و لەم دەڤەرە رۆیشتوون.

کۆترەکان

دەڵێم یان رەنگە جەماعەت خواردوویانن. دەڵێ نا، نەیانخواردوون، سوپایەکی پۆشتە و پەرداخ کە شەڕێکی وەهای بەخۆیەوە نەبینیبوو عەیبە دەست بکا بە خواردنی کۆتر، نا نەیانخواردوون، باوەڕم پێیانە کە ئازادیان کردوون.

دەڵێم رەنگە دەیانەوێ بڵێن کە دڵ رەحمن و خۆیان لەم خەڵکە دەزانن و شتی لەم بابەتە. دەڵێ ئەمە سیاسەتە و، من لێی نازانم. دەڵێم راستی ئەو دوو کۆترە زۆر ژیان.

دەڵێ من لە ژیانمدا کۆتری ئاوا ئاشقە و ماشقەم نەبینیبوو. شەڕ ئەو دووانەی کردبوو بە دوو کۆتری تر. سەیربوون! ئەبڵەقەکە چەندە بە تەکڕەشەکەدا دەپسا ئەویش بە نێرەکەیدا دەپسایەوە، بە درێژایی رۆژ بە دەیان جار نێرینەکە سەمای بەدەوری جووتەکەی خۆیدا دەکرد و بۆی دەخوێند، کلکی فش و جوانی بۆ بەسەر عەرزەکەدا وەها دەخشاند کە دەڵێی گسکیان لێدابوو! کە مێینەکەم دەگرت نێرینەکە لە بێ ئۆقرەییدا بەسەر سەرمدا شێتانە هەڵدەفڕی و زۆر جار لە سەر سەر و شان و قۆلم دەنیشتەوە،… کوڕە هەر شتی وانەبوو…!

دیسان دەپرسمەوە راستی ئەو دوو کۆترە زۆر ژیان یان نا؟

ئەمجارە تا ماوەیەکی باش جواب ناداتەوە. ئەوجا دەڵێ نا زۆر نەژیان، نێریەنەکە پشیلە گرتی و لاملی دڕی، فریای کەوتم  و رزگارم کرد، ماوەیەک تیمارم کرد، بەڵام بێسوود بوو، مندار بووەوە، پێم وابێ لەسەرەتای پاییزی پەنجاو نۆ بوو، مانگی رەزبەر، مانگی ترێ. مێینەکەم لەگەڵ کۆترێکی تر جووت کرد وەک خۆی رەش. دیارە قەت نەبووەوە بەو مێینەی جاران، مێینەی سەردەمی جووتەکەی پێشووی! ئەویش زستان هێلکەی کرد، دوو بەچکەی هەڵهێنا و شەوێک پشیلە بردی. خەتای خۆم بوو،… گێژ بووم گێژ! چاوەی درگاکە کە کاتی خۆی شکاندبووم چاکم نەکردبووەوە، پێم وابێ کۆنە و شڕ و شیتاڵم تێ خنیبوو، شەوێک کەوتبووە خوارەوە و پشیلە زەفەری پێ بردبوو.

وتی هەر ئەوەندە!

وتی بەم شێوەیە هیچیان نەگەیشتنە بەهاری ساڵی شەست.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *