گروێس دەگرن
گروێس دەگرن
گروێس ئەو بەیانییە کە لەخەو هەستا، لە خۆیدا هەستی بە شتێکی عەجایەب کرد. سەرەتا وەک هەمیشە چاوەکانی کردنەوە، پاشان هەر دوو دەستی خستە ژێر سەری و لە سەقفەکەی رووانی. سەقفە هەمیشەییەکە ئەوەتەی لەم خانووەدایە، وەک خۆیەتی. بەپێی عادەتێکی کۆن دارەکانی ژماردن. ئەگەرچی دە دانە بوون، بەڵام ئەو لە پێنجەمیندا راوەستا. پاشان خۆی کێشایەوە. کتوپڕ کونە گوێیەکی خورا و، بە قامکە تووتەڵەی دەستی راستی ئەویشی خوراند. مڕەیەکی هاتێ. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دیسان هەستە سەیرەکە نەڕەوییەوە. کە راست بووەوە ئەوسا تێگەیشت. ئا، لە ژوورێکی غەریبدایە. ژوورێک کە نەیدەزانی کوێیە. بەخۆی گوت خۆ دوێشەو هاتمەوە بۆ ماڵەوە؟
دیسان نایەتەوە بیری. لێفەکەی بە پەلە لادا و، هاواری کرد، دایکە… دایکە! وەڵام نەبوو. دیسان پرسیاری لە خۆی کردەوە کە داخۆ دایکی هەیە!؟ گەر هەیەتی کێیە؟ هیچی نەدەهاتەوە بیر. ئەم وشەیەیش لەکوێوە هاتبووە سەر زاری، کەس نازانێ. هەستایە سەر پێ. پەردەکەی لادا و لە حەوشەی رووانی. ئەوێیشی نەناسییەوە. بیری کردەوە بێگومان هەڵەیەک لە گۆڕێدایە. چی؟ دیسان نازانێ. ئەمجارە قیڕاندییەوە دایکە… دایکە؟ دەرگا کرایەوە و، ژنێکی پەنجا ساڵەی قەڵەویچکە و کورتە باڵا خۆی بە ژوورەکەدا کرد. گوتی ها رۆڵە چییە، ئەم هات و هاوارەت لە چییە خەریک بوو دانەم بۆ مریشکەکان رۆ ئەکرد، هەر ئەهاتم… کەمێک سەبرت هەبێ!
گروێس لە ژنەکە ورد بووەوە. گوتی تۆ کێی؟ دایکی بە سەرسوڕمانەوە لێی ورد بووەوە. پاشان گوتی زوو بڕۆ سەر و چاوت بشۆ و، وەرە ناشتاکەت بکە. ئەوسا دەرگاکەی پێوەدا و، بە بۆڵە بۆڵ رۆیشت. گروێس هاتە دەر. چاوێکی بە داڵانەکەدا گێڕا. بۆ کوێ بچێ؟ ئاودەست لەکوێیە؟ باش بوو هەمان ژنی لە ژوورەکەی بەرامبەری لەو سەری داڵانەکە بینییەوە. چوو بۆ لای. گوتی بێزەحمەت ئاودەستەکە لە کوێیە؟ دایکی دیسان بە سەرسوڕمانەوە لێی رووانییەوە، سەرێکی بادا و گوتی ئەیەڕۆ ئەم بەزمەت لە چییە گروێس ئاغا،… ها!؟ گروێس کە تاقەتی نەمابوو و، لەوە زیاتر خۆی پێ رانەدەگیرا هەر لەوێ ژێرشەرواڵییەکەی کەمێک داکشاند، زەکەری دەرهێنا و لەناو دەسشۆییەکەدا دەستی کرد بە میزکردن. دایکی یەک بە خۆی زریکەیەکی لێ بەرز بووەوە،… بەڵام بێسوود بوو. بۆچەکی تیژی میزێکی خەست کە لە دوێشەوەوە لەمیزەڵدانیدا مابووەوە، بە ئاشپەزخانەکەدا بڵاو بووەوە. دایکی دەستبەجێ پەنجەرەکەی کردەوە. وایتێکسێکی هێنا و، دەستی کرد بە شۆردنی مەغسەلەکە. لە کاتێکدا هەر پرتە و بۆڵەی دەهات، گوتی ئەیەڕۆ گروێس ئاغا ئەم بەزمەت لە چییە! خۆ باوکت بەتەما بوو ژنت بۆ بێنێ! گروێس بیری لە ‘بەتەما بوو’ کردەوە. ئەوسا لەخۆی پرسی… ژن!… ژن چییە؟
گروێس نان و پەنیرێکی بە چا شیرینەوە خوارد و، لەکاتێکدا بەردەوام لە ژنەکەی دەپرسی کە داخۆ ئێرە کوێیە و بۆچی دایکی لێرە نیە و شتی لەم بابەتە، وازی نەدەهێنا. دایکی کە پێی وابوو کوڕەکەی دوێشەو خەوی بینیوە و، هێشتا خەوەکە بە عەمری خوا بەری نەداوە، وازی لێهێنا و دەستی کرد بە کاروباری رۆژانەی خۆی لەناو ماڵ.
لەدووای ئەوەی دایکی پانتۆڵەکەی بۆ هێنا و بەزۆر پێی لەبەر کرد، گروێس وەدەر کەوت. دایکی دەنگی دا نەڕۆی… لە حەوشە زیاتر بۆ شوێنی تر نەڕۆی! گروێس لەحەوشە چاوی بەو مریشکانە کەوت کە ژنەکە باسی کردبوون. مریشکەکان هەر چاویان پێی کەوت، بەپەلە بەرە رووی چوون. وەک بڵێی داوای دانەوێڵەی لێدەکەن. ئەمیش کە نەیدەزانی خەبەر چییە، هەروا لێیان راما. ئەوان لەم و، ئەمیش لەوان. دوواتر کەڵەشێرەکە کە لەپشت بەرمیلێکی ژەنگاویی نەوتەوە بوو، دەرکەوت، قووقاندی و ئیتر مریشکەکان بەرەو لای ئەو بڵاوەیان لێکرد. گروێس بیری نەدەهاتەوە کە جاران هەمیشە ئەویش وەک دایکی دانی بە مریشکەکان دەدا و، جاری وایش بوو بە سەعات لایان دەمایەوە و بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستییەوە لێیان رادەما.
بە شەقامدا شۆڕ بووەوە. شار پڕی سەرباز بوو. ساڵانی ساڵە وەها بوو، رێک لە ساڵی پەنجا و نۆوە. کە گەیشتە ناوەندی شار، ئەو راستە شەقامەی وا ئەم یەکجار خۆشی دەویست و هەمیشە لەگەڵ هاوڕێکانی لەوێ یەکتریان دەبینی، خۆی کرد بە قاوەخانەیەکدا. دیارە بە دەم رێگاوە زۆر کەس سڵاویان لێکرد و بە گەرمی لێیان پرسی و بگرە بە بزەوە بەرەو پیری دەچوون. بەس ئەم هەموویانی بە بێ کاردانەوەیەکی ئەوتۆ بەڕێ کرد. خەڵکەکە کە دەیانزانی چ باسە و بەڵام لەگەڵی رانەدەهاتن، لەیەکتریان دەڕوانی و تێدەپەڕین.
چایخانەکە کۆن و قەدیمی بوو. لەناو پاساژێکدا بەو کورسییە لاکێشە دارین و کۆنانەوە کە جێگای سێ چوار کەسیان تیا دەبووەوە. بەو مێزە دیسان کۆن و لەق و شەق و شڕ و رەنگ هەڵبزرکاوانەوە کە هەمیشە لانیکەم دە مێش لەسەریان هاو کات هەڵدەنیشتن. دەنگی رادیۆ کەرکوک دەهات. گۆرانی گیانە بەسیەتیی عەلی مەردان. کاکی قاوەچی بەخێرهاتنی گروێسی کرد. بگرە یەک دووانێکی دیکەیش هەر بەو ناوەوە سڵاویان لێکرد. گروێس بە تەعەجوبەوە لەوانیشی رووانی. بەخۆی گوت گروێس! چەند وشەیەکی ئاشنا بوو. راستی و بەڕاستی من لە کوێم؟ ئێرە… ئەم قاوەخانەیە… ئەم شار و شەقام و خەڵکە کوێن و کێن؟
کابرای چایچی دەستبەجێ چایەکی بۆ هێنا. گروێس چاوێکی بە قاوەخانەکەدا گێرا. پیاوێک لە تەنیشت دەرگاکەدا راوەستابوو و، جگەرەی دەکێشا. یەکی تر نان و ماستی دەخوارد. دووانی تر بەگەرمی لەگەڵ یەکتر دەدوان و، لەسەر شتێک وەک بڵێی مشت و مڕیان بوو. قاوەچییەکە خەریکی سازکردنی هێلکە و رۆن لەناو تاوەیەکی رۆحدا بوو بۆ ئەو مشتەرییەی وا لە سووچی ناوەوەی دووکانەکە دانیشتبوو و خەیاڵ بردبوویەوە. کتوپڕ نیگای گروێس چووە سەر دووا کەسی ناو چایخانەکە کە گەنجێکی چاویلکە لەچاوی باریکەلە بوو، لەو بەرەوە بەتەنیا دانیشتبوو و خەریکی خوێندنەوەی رۆژنامە بوو. رۆژنامەکە پان و پۆڕ بوو، کابرا لاپەڕەکانی کردبووەوە وەها کە سەری بەحاڵ لە گروێسەوە دیار بوو. گروێس خوێندییەوە “رێبەری مەزنی شۆڕش کۆتایی شەڕ رادەگەیەنێ!”
لەبەر خۆیەوە گوتی رێبەری مەزنی شۆڕش!… کۆتایی شەڕ!
گروێس چایەکەی هەڵقوڕاند. ئەوی تەنیشت دەرگاکە دووامژی لە سیگارەکەی دا و، رۆیشت. هێلکە و رۆنەکە گەییە پیاوە بێدەنگەکە. کۆمەڵێک مێش لەسەر مێزەکەی هەڵبەزینەوە. باڵەکانیان لەبەر تیشکی هەتاوی ئەو بەیانییەدا درەوشانەوە. گروێس دیسان لەبەر خۆیەوە دووپاتی کردەوە “رێبەری مەزنی شۆڕش!… کۆتایی شەڕ!” دیسان ئەقڵی بە هیچ شوێنێک نەگەیشت. باشە ئەمانە چین؟… ئەمانە یەعنی چی؟ ئەوسا دڵنیا بوو کە بەڕاستی ئەو لە شارێکی غەریبە و، ئیستا بە هەر هۆیەک بووە سەری لێشێواوە یاخود سەریان لێشێواندووە و بۆ هەمیشە بە تووش بەزمێکی خراپەوە بووە.
باشە چی بکا و، چی نەکا؟ چۆن چۆنی شاری خۆی و، ماڵی راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە؟ چاوێکی دیکەی بە دەوری خۆیدا گێڕا. لە دەرەوە دەنگی تڕە تڕی ماتۆڕێک دەهات. تێپەڕی. دوو پیاوی تر خۆیان بە چایخانەکەدا کرد. داوای هێلکە و رۆنیان کرد. یەکیان گوتی سەلکێک پیازیش. ئەوەی وا خەریکی رۆژنامە خوێندنەوە بوو، رۆژنامەکەی قەد کرد و، لەسەر مێزە پڕ لە مێشەکەی خۆی دانا. چاویلکەکەی داکەند، بە دوو پەنجەی گەورە و ئاماژەی چاوە ماندووەکانی هەڵگڵۆفت. پاشان هەنیشکی خستە سەر دەسکی قەراخ کورسییە لاکێشەکە و، خۆی بۆ قوونە خەوێکی سەرەتای رۆژ ئامادە کرد.
گروێس هەمووی ئەمانەی زۆر عەجایەب دەهاتە بەرچاو. تەواو کەوتە بیرانەوە. کاتژمێرێکی دیکەیش دانیشت. هەتاو کە سەرەتا بەشێکی زۆری قاوەخانەکەی دەگرتەوە، ئیستا پاشەکشەی کردبوو و تەنیا دەگەییە دەرگاکە. گروێس لەبەر خۆیەوە هەر دووپاتی دەکردەوە “ڕیبەری مەزنی شۆڕش… کۆتایی شەڕ،… رێبەری مەزنی شۆڕش… کۆتایی شەڕ…” لەنەکاو شتێک هاتەوە بیری. هاتەوە یادی کە لەگەڵ کەسێکی کە هاوگەڕەکی خۆی بوو شەڕی کردبوو و هەر خۆیشی بوو لەگەڵ ئەوەی لە شەڕەکەدا براوە بوو، وازی هێنابوو. بزەیەکی هاتێ. بە خۆی گوت کەواتە من ناوم رێبەری مەزنی شۆڕشە! ئەوسا خۆشحاڵ لەوەی کە ناوی لە رۆژنامەدا هاتبوو، ئەویش لە لاپەرەی یەکەمیدا، قنج هەستایە سەرپێ. یەک بە خۆی هاواری کرد مادام ناوەکەم دۆزییەوە، ئیتر بینینەوەی رێگای ماڵەوە ئاسانە!
خەڵکەکە بە تەعجوبەوە لێیان رووانی.
کە لە چایخانەکە دەرکەوت، ئەوەندە بە دڵنیاییەوە هەنگاوی هەڵدێنا کە وەک بڵێی دەزانێ بۆ کوێ دەچێ. بەڵام هەر گەییە سەر خیابانەکە، سەری لێشێوایەوە! بۆ کوێ؟… بەکام لادا؟ سەیرێکی ئەم سەرا و سەری جادەکەی کرد. هیچ ئاماژەیەکی راستەقینەی بەدی نەدەکرد. هیچ نیشانەیەک لەوە نەبوو کە رێبەری مەزنی شۆڕش بەرەو ماڵەوە، بەرەو نیشتمانی خۆی پەلکێش بکاتەوە. بەخۆی گوت گرینگ نیە،… گرینگ ئەوەیە من ناوی خۆم هاتەوە بیر. لەمە بەدووا ئاسانتر دەبێ و، بێگومان زۆریش ناخایەنێ.
سەرئەنجام بەلای راستدا بای دایەوە و، بە جادەکەدا سەرەوخوار بووەوە. هاتەوە بیری کە شەڕەکەی لەسەر چی ببوو. هاتەوە بیری کە پێنج قڕانی دابوو و بە تفەنگێکی بادی دە جار لەو نیشانەیەی گرتبوو کە تەختەیەکی یەک میتر لە نیو میتر دەبوو. وێنەی کچێکی نیوە رووت لەسەر تەختەکە بوو. کچێکی جوانی قژ پەرێشان کە بە نیگا مەستەکانی لێتی دەڕوانی. تەختی سینگی و مەمکە قوتەکانی کە لە ژێر مەمک بەندەکەیەوە دەرپەڕیبوون، ئەوەندە بەهۆی نیشانە گرتن کون کون ببوون کە تا رادەیەکی زۆر دیمەنەکەی شێوابوو. لە بیری دێ کە لەگەڵ منداڵێکی تر لەسەر ئەوە شەڕیان ببوو کە ئەو پێی وابوو گروێس لە جیاتی ئەوەی لە ناوەراستی نیشانەکە بدات کە لەسەر ناوکی ژنەکە بوو، مەمکی دەپێکی! لەبەر خۆیەوە بزەیەکی هاتێ و، گوتی مەگەر دەکرێ رێبەری مەزنی شۆڕش ئەوەندە گێڵ بێ نەزانێ فەرقی نێوان ناوک و مەمک چییە!؟
گەیشتە گاراژی شار. ئاگای لێبوو مینیبووسێکی گازاوڵیی بۆن ناخۆش لە دەروازەکەوە خۆی بە حەوشەکەدا کرد. بێگومان ئێرە ئەو شوێنە بوو کە ئەوی دەگەیاندەوە ماڵەوە. موسافیرێکی باش چاوەڕوان بوون. بە دابەزینی موسافیرەکانی تر، حەوشەکە قەرەباڵغتر بوو. لەو سەر شۆفیرێک لەگەڵ شاگردەکەی خەریکی گۆڕینی تەگەر بوون. راستی چ ساڵێک بوو؟ گروێس رووی کردە پیاوێکی گۆچان بە دەستی پیر و، پرسی ئەرێ ئەمساڵ چ ساڵێکە؟ پیرەمێردەکە گوتی ها رۆڵە چیت وت؟ گروێس پرسیارەکەی دووپات کردەوە. پیرەمێردەکە گوتی بەخوا رۆڵە من نازانم ساڵ و ماڵ چییە، هەر ئەوەندە دەزانم لەو ساڵەی رووسەکان هاتن زۆر گوزەراوە، ئەوەندە کە من جاری وایە پێم وایە هەر هیچ رووسێک قەت لە حەیاتیدا سەری بەم وڵاتەدا نەکردووە! لەم کاتەدا یەکی تر کە لە بن سێبەری سووچێکدا هەڵتروشکابوو و، تەسبێحەکەی هەڵدەسووراند گوتی کاکە ساڵی ۱۳۶۷ی هەتاوییە. گوتی ئەو ساڵەیە وا لە مێژوودا دەمێنێتەوە. گروێس کە خەیاڵی چووبووە سەر روس و مێژوو، بەرەو مینیبووسەکە رۆیشت. شۆفیرەکە، کە تازە دابەزیبوو و خۆی دەتەکاند و هاوکاتیش خۆی دەکێشایەوە، بە لاچاو لە گروێسی رووانی. گروێس گوتی کاکە دەچی… دەچی بۆ… هەر چی کرد هیچی نەهاتەوە بیر. راستی دەیویست بۆ کوێ بچێ؟ دەستبەجێ شێوازەکەی گۆڕی و گوتی من رێبەری مەزنی شۆڕشم، دەمبەیتەوە بۆ ماڵی خۆم؟
کابرای شۆفیر کە واقی وڕمابوو و، هەروا بە بێ هیچ جووڵەیەک لە گروێسی دەڕوانی، کتوپڕ قاقا دایە پڕمەی پێکەنین. بە ئەژنۆی خۆیدا دەکێشا، راست و نەوی دەبووەوە و کردی بە بەزمێک نەبێتەوە. ئەوەندەی بە ئەژنۆی خۆیدا کێشابوو کە هەموو بەری دەستی سوور سوور هەڵگەڕابوو. گروێس هەروا لە کابرای شۆفیری دەڕوانی. خەڵک بەرە بەرە کۆ دەبوونەوە. شۆفیرەکە دەتلیقایەوە و، دەیگوت ئەرێ کەس هەیە رێبەری مەزنی شۆرش بگەیەنێتەوە ماڵی خۆی!
ئاپۆرای خەڵکەکە کە سەرەتا نەیاندەزانی چ باسە، کاتێک لە وەزعەکە گەیشتن ئەوانیش دەستیان کرد بە پێکەنین. گروێس تیا مابووەوە چی بکا، کە لەم کاتەدا کتوپڕ پیاوێکی جل و بەرگ بەڵەک پشت ملی کابرای شۆفیری دەنگ زلی گرت و، گوتی ئەرێ ئەوە سووکایەتی بە رێبەری مەزنی شۆڕش دەکەی!؟
شۆفیرەکە رەنگی زەرد هەڵگەڕا. هەر بەو خێراییە کە دەستی پێکردبوو، بێدەنگ هەڵگەڕا و وەک نێچیری بەردەستی راوچی لێهات. نووزەی هاتێ کە ببوورە… ببوورە مەبەستم ئەم رێبەرە مەزنەیە نەک… نەک… کابرای جل و بەرگ بەڵەک گوتی یاڵڵا پێشم کەوە مەگەر چەند دانە رێبەری مەزنمان هەیە؟ کاکی شۆفیر هەرچی کرد بێسوود بوو، تەنانەت چاوێکی پڕ لە پاڕانەوەی بەناو خەڵکەکەیشدا گێڕا. داماوانە لە گروێسیشی رووانی. ئەویش دیسان بێسوود بوو. خەڵکەکە لە ترسانا بڵاوەیان لێکرد، کابرای رانندەیش، سواری ماشینێکی لەندکڕۆزێری بۆر کرا و ئەوەندەی پێنەچوو لەچاو ونیان کرد. گروێس کە لای وابوو ئەو ماشینە رێک دەڕوا بۆ ماڵی ئەو، بە شوێنیدا کەوتە راکردن کە کاکە کاکە تکایە منیش سوار کەن… منیش دێم… منیش ماڵم لەوێیە!… کە دیارە تەواو بێسوود بوو.
لەو کاتەدا گروێس خەریک بوو سواری مینی بووسەکە بێ و بەرەو ئەو شارەی کە نەیدەزانی کوێیە بەڕێ کەوێ، کوڕێکی گەنجی وەک خۆی لە دوواوە دەستی بە سەر شانیدا کێشا و گوتی ئەرێ کاکی برا ئەوە بۆ کوێ؟ گروێس لایکردەوە. ئای چەند کەسەکە ئاشنا بوو! گوتی وەڵڵا دەمەوێ بڕۆم… بڕۆم… بڕۆم بۆ… بەڵام هەرچی کرد نەهاتەوە بیری. ئەوسا گوتی ماڵەوە. کوڕە جحێڵەکە گوتی دەی زۆر باشە پێکەوە دەڕۆینەوە، داخۆ وا باش نیە؟ گروێس کە چاوەڕووانی ئەمەی نەدەکرد، لەخۆشیا بزەیەکی هاتێ. گوتی بەڕاست تۆ بە ماڵی ئێمە دەزانی؟ کوڕە گوتی ئەیچۆن.
بەدەم رێگاوە گروێس نەدەدوا. بەردەوام لە چوار دەوری خۆی دەڕوانی. بە کوڕەکەی گوت بەڕاستی ئێرە کوێیە و، من لێرە چی دەکەم؟ کوڕە گوتی ئێرە شاری بانەیە و تۆ خەڵکی ئەم شارەیت و ئیستایش دەڕۆیتەوە بۆ ماڵی خۆتان لە بناری ئاربەبا. گروێس بە بیستنی ئەم ناوانە راوەستا. کەمێک بیری کردەوە و، گوتی پێم وابێ جەنابت لەهەڵەدای، من لەڕاستیدا خەڵکی… خەڵکی شاری… دیسان ناوەکەی بۆ نەهات و هەروا لە عەرزەکەی بەردەمی خۆی رووانییەوە. کوڕە قۆلی کرد بە قۆلیدا بۆ ئەوەی بەڕێ بکەونەوە. گروێس کتوپڕ گوتی ئەرێ من خەڵکی بەرلینم و ماڵیشمان لە گەڕەکی… لە گەڕەکی… ئەها لە تەنیشت دەروازەی براندنبۆرگدایە. تێدەگەی؟ من ئیستا دەبێ بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە. دایکم چاوەڕووانمە. کوڕەکە پاش کەمێک گوتی بێگومان دەڕۆیتەوە، تەنیا ئەوەندەی کە ئیستاکە ماشینی ئەوێ دەست ناکەوێ و دەبێ چاوەڕووان بی. من خۆم بێگومان بلیتی ئەوێت بۆ دەگرم و، لە یەکەمین دەرفەتدا بەڕێت دەکەمەوە. گروێس کە بە بیستنی ئەم قسەیە خۆشییەک لە رۆحیدا گەڕا، ملی رێگای بە بێ هیچ چەشنە قولمییەک گرتەوە بەر.
سەیر ئەوە بوو هەموو جارێک ئەم رووداوە لە گاراژەکە دووپات دەبووەوە و، هەموو جارێکیش خەڵکەکە وەک بڵێی یەکەم جارە شتی وا روودەدا هەر بەو تا و تینەوە پێدەکەنین و دەتلیقانەوە!
کە گەیشتنەوە ماڵەوە، کوڕەکە گروێسی دایە دەست دایکی و، رۆیشت. گروێس بە تەعەجوبەوە دیسان هەمان ژنی سەر لەبەیانی بینییەوە. بەڵام بە بێ ئەوەی لاساری بنوێنێ لەگەڵی چووە ژوورەوە. ئێوارە باوکی هاتەوە. دایکی بە گوێیدا شتێکی چرپاند. باوکی سەرێکی بادا و، چوو بۆ حەوشە دەستنوێژ بگرێ. لە پاش نانی ئێوارە خزم و قەوم خۆیان کرد بە ژوورەوەدا. چەند پیاوێکی بنەماڵە کە هەمووی لە تەمەندا بوون و، هەر یەکەی تەسبێحێکی گەورەی بە دەستەوە بوو. هەر یەکە و لە رەنگێ. ئەم بەراوبەری ژووری میوانەکەیان پڕ کردەوە و، دانیشتن. باوکی گروێس باسەکەی بۆ گێڕانەوە. هەر هەموویان لەپاش بیستنی رووداوەکە سەریان با دا. باوکی گروێس گوتی جا خزمینە تکایە رێگا چارەیەکم بۆ ببیننەوە!
یەکیان گوتی کاکی برا وەک جاری پێشوویش پێم گوتی چاری تەنیا ئەوەیە ژنێکی بۆ بێنی، خۆت دەزانی گەنجی ئەم سەردەمە بەهۆی ئەوەی شت زۆر دەبینن و کار کەم دەکەن، خەیاڵیان زۆر دەڕوا و بۆیە دەبێ دەستبەجێ چارەسەرێکی بۆ بدۆزیتەوە، خوای نەخواستە زووتر عەقڵیان لەچاو گەنجی قەدیم تێک دەچێ.

یەکی دووهەم گوتی بەڕای من تەنیا چاری ئەوەیە بیبەیتە سەر دختۆر. ئەویش لە تەورێز. ئەم دەردە نوێیە و، تەنیا بە حەکیمی نوێ چارەسەر دەکرێ. من ژنێک دەناسم، کەمێک ئەقڵی پەڕیبوو، بردیانە ئەوێ، ئێستا بۆ خۆی بەبێدەنگی لە ماڵی خۆی دادەنیشێ و تەواو.
سێهەمین پاش کەمێک مینگە مینگ، یەک دوو سووڕی باشی بە تەسبێحەکەی خۆی دا و، گوتی وەڵلا عەرزی برادەران و بوزوگوارانی موحتەرەم بکەم کە بەداخەوە هەندێ دەرد هەیە بە حەول و قووەت و ئیرادەی پەروەردگار هیچ دەرمانێکی نیە و هەر لە ئەزەلەوە وەک دەردی بێدەرمان دیاری کراوە، جا چار نیە تەنیا ئەوەندەی کە دەبێ شانی ژێر بدەی و بەس، ئەمە وەک بووکی خراپ وایە کە بەتووشەوە دەبێ و ئیتر دەبێ لەبەر حەیای خۆ تەحەمول بکرێ، ئەیچۆن برا گیان!
چوارەمینیان کە کەمێک سەری لە سیاسەت دەردەچوو و، بە تەواوی هۆگری رادوێ ئیسراییل و بی بی سی بوو، پیاوێک کە ورد ورد گوێی لە هەواڵەکان دەگرت و بیری لێدەکردنەوە و زیاتر لەمە لێدوانیشی لەسەر دەدان، گوتی کاکە گیان! گرێی ئەم نەهامەتیە ئەوە نیە کە گروێس هەموو شتێکی لەبیر چووەتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بە لای سیاسەتدا گرتوویەتی و ئەمەیش لەم عەسرەی ئێمەدا ناشوکری نەبێ دەتوانێ بەڵای گەورەی لێبکەوێتەوە. جا بەڕای من باشتر وایە بە هیچ لایەکیدا نەبەن و هەوڵ بدەن لە ماڵ نەچێتە دەر و تەواو، گەر تەنانەت پێویستیش بێ دەبێ بیبەستنەوە، کاکە گیان بە خوا چ عەیبی نیە و وەک دەلێن ریش کە بە تووشەوە بوو دەبێ شانەی بۆ هەڵبگری!
بەم قسەیە، ورتە ورتێک کەوتە نێوانیانەوە. پێنجەمینیان قومێکی لە ئاوەکەی بەر دەمی دا و، ئحمێکی بۆ کرد و گوتی وەڵڵا ئەوەتەی من لە بیرم دێ و لە ئابا و ئەجدادمانەوە بۆمان بەجێ ماوە، ئەوەیە کە لەم جۆرە کاتانەدا دەبێ روو بکەینە مەلا و نووشتەنووس و شتی لەم بابەتە، بەقوربان ئەم کورە نازەنینەمان بە داخەوە شەیتان دەستی نگریسی خۆی لێوەشاندووە و بەتووش دەردی بێدەرمانەوە بووە. ئەمە بە هیچ عیلمێکی بەشەری جگە لەو عیلمەی لە ئەیامی کۆنەوە لە باب و باپیرانمانەوە بۆمان بەجێ ماوە، چارەسەر ناکرێ. جا زەحمەتی رێی دوور بە خۆتان مەدەن و ئەوە گوندی ‘ناوە’مان لێ نزیکە و یاڵڵا و یا ئەڵڵا رۆژێک سواری ماشینی دەکەین و دەیبەین دەیخەینە بەر دەست شێخی بە تەبوڕوکمان و ئیتر دەیدەینە دەست خوای مەزن و ئیتر بە حەول و قووەتی خۆی ئینشاڵڵا شتێکی بۆ دەکا و لە دەردی ئادەمیزاد بەدووری دەخاتەوە!
راستییەکەی باوکی گروێس لە هەموو ئەم نەسایح و پێشنیارانە، قسەی کەسی چوارەمینی بەدڵ بوو کە داوای دەکرد بۆ هیچ شوێنێکی نەبن و تەنیا لە ماڵەوە رایبگرن.
بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو کە هەر لە سەرەتایشەوە ئەم کارەیان کردبوو، کارێک کە سەری نەدەگرت و هەموو جارێک گروێس خۆی دەدزییەوە و لەماڵ دەچووە دەر. دڵیان نەدەهات بیبەستنەوە. گروێس بە راستە خیابانەکەدا دادەگەڕا، دەچووە قاوەخانەکە و لەوێوە بۆ گاراژی شار و ئیتر لەکۆتاییدا دۆستێک یاخود هاوڕێیەک کە دەیهێنایەوە بۆ ماڵەوە. گروێس کە دەرسی مێژووی خوێندبوو و، لەیەکێک لە بۆمبارانەکانی شاردا وەک دەڵێن مەوجی ببوو (بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکی بەهێز لە تەنیشتیدا)، ئەگەرچی گیانی دەرباز کردبوو، بەڵام شتی تێکەڵ دەکرد و لەبیری دەچووەوە و بە گشتی وەزعێکی تەواو ناخۆشی هەبوو. هەرچەند هەندی دەیانگوت پێش کارەساتەکەیش وەزعی هەر زۆر باش نەبووە و، هەمیشە قسەی سەیر و سەمەری کردووە. ئەوەی کە بیشیبەستنەوە، نەدەکرا. نە باوکی و نە دایکی بەمە رازی نەبوون و، دڵیان نەدەهات.
بەیانی تازە رۆژ ببووەوە. گروێس وەک دوێنێ لەناو جێگاکەیدا گێنگڵی دەدا و رێک خەریکی ژماردنی دارەکانی سەقفەکە بوو کە کتوپڕ لە دەرگایان دا. چەند کەس کە بەسەر حەسارەکەدا خۆیان فڕێ دابووە ناو حەوشەکە، دەرگایان بۆ هەواڵەکانیان کردبووە! لەڕاستیدا پێش ئەوەی دایکی گروێس فریا بکەوی، لەبەر دەرگای ژوورەوەدا قوت ببوونەوە. هەر بەو دەستوبردە گروێسیان راپێچ دابوو، تەلیسێکیان کردبوو بە سەریدا، قۆلیان کەلەپجە کردبوو و بردبوویان. دەر و دراوسێ بە هۆی قیژە قیژ و پاڕانەوەکانی دایکی دەرپەڕیبوونە دەرەوە.
گروێس کە سەرەتا زۆر دەترسێ، کاتێک لە ئیدارەی ئەمن تەلیسەکەی لەسەر لادەبەن و بە زمانی فارسی لەگەڵیا دەکەونە قسەکردن، ئەوەندە خۆشحاڵ دەبێ نەبێتەوە! لای وایە لە سەر کلاسی وانەی مێژووە! بگیرەکانی کە چاوەڕووانی وەها شتێک نابن و، لایان وایە ترس وەک یەکەمین دنەدەری دان پیانانی گیراوەکان وەک هەمیشە بە فریایانەوە دێ، بەمە زۆر حاڵیان دەگیرێ. بۆیە لێپرسینەوەکە دووا دەخەن. گروێس دەخەنە ژوورێکی تەنیای بچووک و تا ئێوارە دەرگای لەسەر دادەخەن.
تاوانەکانی زۆر روونن. یەکەم ئەوەیکە خۆی وەک رێبەری مەزنی شۆرش ناو بردووە، کردەیەک کە سووکایەتییەکی گەورەیە بە رێبەری مەزنی شۆڕشی راستەقینە. دووهەم ئەوەیکە کەنگێ چووە بۆ بەرلین و لەوێ لە گەڕەکی تەنیشت دەروازەی براندنبۆرگ لەگەڵ کێ لە پەیوەندیدا بووە؟ بەتایبەت کە ئەو دەروازەیە سنووری نێوان بەرلینی رۆژئاوا و بەرلینی رۆژهەڵاتە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا مانایەکی گەورە بۆ خەتەر و بۆ خیانەت دەبەخشێ. گروێس کە نازانێ چ باسە و، ئەم خەڵکە بۆ دەوریان داوە بە پێچەوانەی هەمیشە کە شتی تێکەڵ دەکرد یاخود لەبیری دەچووەوە، ئەمجارە ئەوەی وا دوێنێ بەیانی لە چایخانەکە بینیبووی، دەگێڕێتەوە. باسی کابرای جگەرەکێشی تەنیشت دەرگاکە، نان و ماست خۆرەکە، ئەو دووانەی وا بە گەرمە لەگەڵ یەکتر دەدوان، ئەوەی وا لە سووچێکدا خەیاڵ بردبوویەوە و چاوەڕوانی هێلکە و رۆنەکە ببوو، رۆژنامە خوێنەکە و لە کۆتاییدا کابرای قاوەچی کە خەریکی سازکردنی هێلکە و رۆن بوو. بازجووەکان لە یەکتریان رووانی. یەکیان وەها تووڕە بوو کە وەک شێر نەعرەتەیەکی لێوە هات و پڕی دایە گروێس بۆ ئەوەی هەلا هەلای کا، بەڵام دەستبەجێ هاورێکەی بەری گرت. گوتی پەلە مەکە، گوێ بگرە بزانە دەڵێ چی!؟ راستی دەکرد، هەموو دیمەنی ناو چاخانەکەی دوێنێ بەیانی زۆر مەشکوک دەهاتە بەرچاو. زۆر سادە لەبەر ئەوەی یەک لەبەر دەرگاکەدا جگەرە دەکێشێ، دووان گەرمی قسەن، یەکی تر خەیاڵ بردوویەتی، سێهەمی خەریکی خوێندنی رۆژنامەیە و خەونووچکە دەیباتەوە! داخۆ هەموو ئەم دیمەنە جێگای لێورد بوونەوە و سەرنجێکی پڕ لە دڕدۆنگی نیە!؟ بێگومان هەیە. ئەمەی گوت و، دیسان لە گروێس رامایەوە. هەستا سەرپێ، سووڕێکی بەناو ژوورەکەدا دا. پاشان پرسی دەتوانی بە وردی رواڵەت و قیافەی هەر هەموویانم بۆ وەسف بکەی و بڵێی کە چی ترت لێبینیون؟
گروێس گوتی من و دایکم و باوکم لە خانوویەکدا پێکەوە دەژین. ئەوان، بەتایبەت دایکم باوەڕی بە خوایە و من نا. دەڵێم دایکم زیاتر، لەبەر ئەوەی زۆرتر تەنیایە و ئاگام لێیە زۆربەی کاتەکانی رۆژ بە دەم کارکردنەوە کە ئەوەندە نین، دادەنیشێ و بێهوودە لە پەنجەرەکەوە لە دونیای دەرەوە دەڕوانێ، یان هەر لەخۆوە دەگری. دەڵێ من نازانم بۆ باوەڕم بە خودا نیە. رەنگە لەبەر گریانەکانی دایکمە. پێم وایە گەر منیش باوەڕم بەخوا هەبێ، دەبێ بگریم. جا پرسیارێکم هەیە، ئەویش ئەوەیکە دەکرێ مرۆڤ باوەڕی بە شتێکی وەها هەبێ و، کەچی بگری؟ من پێم وایە کە نا، نابێ وا بێ. بە رای من ئەمە نیشانەی دوو شتە: یان کەسەکە بەڕاستی باوەڕی بە خودا نیە، یان خودا لە بنەڕەتدا بوونی نیە. وانیە دۆستان!؟
هەر ئەوەی یەکەم وا زۆر لە گروێس تووڕە بوو، تەکانی لەخۆی دا ئاوقای بێتەوە،… دیسان ئەوەی تەنیشتی نەیهێشتەوە. گوتی راوەستە، مەگەر ئەمەیش بەشێکی لێکۆڵینەوەکە نیە؟ ئەوسا بە گوێیدا چرپاندی ئەو هەتا خۆی زیاتر بۆ ئێمە شی بکاتەوە، ئێمە زیاتر لێی تێدەگەین و زیاتر زانیاریمان چنگ دەکەوێ. هاوڕێکەی گوتی ئاگات لێ نیە بە لاڕێماندا دەبا و، قسەی هەڵیت و پەڵیت دەکا؟
گروێس درێژەی دایە. گوتی باوەڕ بە خوا وەک تەقینەوەی بۆمب وایە، قەرار نیە هەمووان بکوژێ: یەک دەکوژێ، یەک گێژ و وڕ دەکا، یەک بۆ هەمیشە ئەقڵی لەدەست دەدا، یەکیش دەردەچێ و بۆ هەمیشە ئەوەندە دەترسێ کە پێی وایە ئیستا نا ئیستا بۆمبێکی تر دەتەقێتەوە، جا با شەڕیش کۆتایی هاتبێ. هەڵبەت دەبێ دیان بەوەیشدا بنێم کە خەڵکی ئازایش هەن. وەک بڵێی قەت هیچ بۆمبێکیان پیادا نەتەقیبێتەوە. دیارە دەبێ ئەوەیش بڵێم کە من باوەڕم بە کەسی وەها نیە. ئەمە زیاتر لە خەیاڵ دەچێ. لێرەدا تۆنی دەنگی نەوی کردەوە و درێژەی دایە کە مرۆڤ هەمیشە حەزی بە خەیاڵ کردن بووە. ئا، حەزێکی شێتانە!
ئەوەی وا تووڕە دەبوو، لە بێ ئۆقرەیی جگەرەیەکی داگیرساند. زوو زوو چەند مژی قووڵی لێدا و چاوەکانی قونجاند. گەردنی وەک قاز کێشا. هاوڕێکەی لێی نەڕوانی.
گروێس لە کاتێکدا نیگای لەگەڵ دووکەڵەکان دەڕۆیی، درێژەی دایە. من زیاتر ئەو کاتانە باوەڕی دایکمم بە خوا خۆش دەوێ کە ئێوارەیە، گیزەی سەماوەر دێ و دایکیشم لەسەر بەرماڵەکە خەریکی دابەستنی نوێژە. ئاە، خۆشترین چرکەساتەکانی تەمەن ئەمەیە! من پێم وایە ئەمە ئێوەیش دەگرێتەوە. بەوە نیە ئێوە لەوبەری مێزەکەن و من لەم بەر. گوتی زۆر جار بە خۆمم گوتووە لەبەر ئێوارەیش بێ باوەڕ بە خودا بێنە! بەڵام هەمیشە پەشیمان بوومەتەوە. سەیر نیە!؟ رەنگە لەبەر ئەوەی ئێوارەیش وەک هەموو ساتەکانی تر کورت خایەنە هێشتا باوەڕم نەهێناوە. لای من هەمیشەیش ئەو ساتە ئێوارە کۆتایی دەهات، وا باوکم دەهاتەوە. ماندوو و، زۆر جار ناوچاو گرژ. زۆر جار ئاگام لە دەنگی بووە لەو دیو حەسارەکەوە کە لەناو کۆڵان لەگەڵ پیاوێکی دیکەی گەڕەک دەدوا. دەبێ بڵێم باوک سەرەتا و کۆتایی شەوە.
ئەوەی وا جگەرەی دەکێشا، دانیشت و بە دەم گوێگرتنەوە سەیرێکی دیکەی کاغەزەکانی بەردەمی کرد. کتوپڕ راوەستا، بە پەلە بە گوێی هاوڕێکەیدا چپاندی کە “دەڵێن تەواو نیە و شێتە!” هاوڕێکەی بە سەر سەلماندی کە دەزانم. ئەم تەریق بووەوە. هاوڕێکەی گوتی بەهەرحاڵ دەبێ لێکۆڵینەوەی هەر لێ بکرێ! گروێس سەری داخست. وەک بڵێی ئازاری هەیە.
ـ باشە با بچینەوە سەر بەیانی، سەر سەرەتای رۆژ، ئەو رۆژەی وا لە قاوەخانەکە بووی. پێم وابێ دوێنی بوو، نا؟
گروێس وەک بڵێی لە خەوێکی قووڵ خەبەری دەبێتەوە، گوتی ئەها دیسان ئەو بەیانییە!… راستی ساڵی چەند بوو؟ بازجووەکە گوتی ئەو ساڵەی بوو وا تۆ ناوی خۆت نا رێبەری مەزنی شۆڕش. گروێس چەند جار لەبەر خۆیەوە ئەم ناوەی دووپات کردەوە. ئەوسا سەری هەڵبڕی و، گوتی کێ دەڵێ من ناوم رێبەری مەزنی شۆڕشە!؟… کێ؟
تووڕەکەیان گرماندی کە سەگ باوکە یاریمان پێدەکا. ئەوسا گوڕمێکی تری لە خۆی دا. هاوڕێکەی نەیگرت. مستەکۆڵەیەکی قورس، کەپۆی گروێسی گرتەوە. لەگەڵ قرچەی شکانی ئێسک، خوێن پژا. لەو کاتەدا لە سەر جادەوە دەنگی هاوار و گریانی دایکی هاتە گوێ کە دەیگوت بەخوا کوڕەکەی تا پێنج زیاتر ناتوانێ بژمێری، داماوە و خانە خەراب، ئیتر بۆ گرتووتانە! هاواری کرد کە کەڕەکەی ئەوەندەی عادەت بە ژوورەکەی خۆی هەیە گەر تەنانەت رۆژێک لێی دوور بکەوێتەوە، ئەو بڕە ئەقڵەی لە کەلەیدا ماوە، نامێنێ و ئیتر بۆ هەمیشە بەتەواوی لەدەست دەچێ.
سەربازێکیان نارد بێدەنگی بکا. پێیان گوت تەنیا چەند پرسیارێکی تر ماوە و، پاشان بە سەلامەتی دەینێرنەوە بۆ ماڵەوە. دایکی بە دەم گریانەوە، چارشێوەکەی لەخۆی ئاڵاند و چاوەڕوان پاڵی بە دیواری بلۆکەکەوە نا.
چوونەوە سەر ئەو بەیانییەی ناو چایخانەکە. گروێس پاش کەمێک بیرکردنەوە کە تێیدا بە چاوی دەرتۆقیوەوە لە بەرامبەرەکانی دەڕوانی، گوتی ئەوەی بەر دەرگاکە کەوا و پانتۆڵێکی رەشی کۆنی لەبەردا بوو، بە پشتوێنێکی قاوەیی دیسان کۆن و جامانەیەکی شل کە زوو زوو بەدەم جگەرە کێشانەکەیەوە بە مشتی دەیگوشی و رێک و پێکی دەکردەوە. گوتی کە زۆر لە بیردا بوو و، بەردەوام لە دەرەوەی دەڕوانی. گوتی کە ئەمە زۆر بیری دایکی دەخستەوە. بازجووەکە گوتی پێت وایە دەبێ چاوەڕوانی کێ بووبێ؟ گروێس پاش کەمێک بیرکردنەوە لە کاتێکدا بە پشتی دەستی خوێنی سەر لێوەکانی دەسڕی، گوتی پێم وابێ چاوەڕوانی کەس نەبوو، بەڵکو بیری لەوە دەکردەوە کە ئەگەر هیتلەر بەقسەی موسولینی بکردایە و لەگەڵ رووسیا ئاشت بووایەتەوە، داخۆ چارەنووسی شەڕ بە کوێ دەگەیشت!
بازجووە تووڕە و تەوسنەکە هاوارێکی ترسناکی لێ بەرز بووەوە. دیسان هاوڕێکەی ئارامی کردەوە. پرسیاری کرا ئەی ئەوەی وا نان و ماستی دەخوارد؟ گروێس گوتی ئەو؟ کوڕە ئەو هەر سەری هەڵنەدەهێنا. بەردەوام لە جامۆڵکە ماستەکەی بەردەمی و لە نانەکەی دەڕوانی. وەک بڵێی جگە لە نان و ماست هیچی تر لەم دونیایەدا نەبێ. پێم وابێ زۆری برسی بوو. کراس و پانتۆڵی لەبەردا بوو. ئەوەندە بە لەز دەیخوارد کە هەندێ جار گوێم لە مڵچە مڵچی دەبوو. تەمەنی پێم وابێ سی ساڵێک بوو. وای بۆ دەچم بە تەمای شوێنێک بوو، بۆ وێنە سەفەر بۆ دێهات. جانتایەک لەتەنیشتیدا بوو. دەبێ وردەواڵە بووبێ (لێکۆڵەرەکان لە یەکتر دەڕوانن). ئەو دووانەی دیکەیش وا گەرمی قسە بوون و مشت و مڕیان بوو، وەڵڵا راستیەکەی نازانم چییان دەگوت. گەرمی قسە بوون و کەچی دەنگیان نەدەگەیشتە کەس! سەیر نیە؟ جا توخوا هەزار قسەی وایش بزانم کە دەنگم نەگاتە هیچ شوێنێک، دەیکەم!؟ بەخوا نا. بازجووەکە گوتی ئەی پێت وایە قاوەچییەکە بۆچی لەکاتی سازکردنی هێلکە و رۆندا ئەوەندە رۆدەچووە خەیاڵانەوە؟… ها؟ گروێس کەمێک راما. وەک بڵێی کەمێک وەڵامی ئەم پرسیارە بۆی دژوار بێ، گوتی من بە ئەزموون و بە تەمەنی خۆم هەمیشە قاوەچییەکانم ئاوەها بینیوە. چ لە کاتی تێکردنی چایی و چ لە کاتی سازکردنی هێلکە و رۆندا مڕ و مۆچن و خەیاڵ زۆر دەیانباتەوە. پێیشم وانیە شتێکی وەها لە ناو مێشکیاندا بێ، تەنیا ئەوەندەی کە هەست دەکەم وەڕەزن.
تەنیا دووانی تر مابوون. یەک لە بازجووەکان گوتی درێژەی بدەینێ، یان پشوویەک بدەین؟ هاوڕێ تووڕەکەی گوتی نا نا پشووی چی، دەبێ هەر ئیستا لەم پیاوە بەڕواڵەت شێتە تێبگەین کە بۆچی ئەم ناوە پیرۆزی لەسەر خۆی داناوە، دەبێ بزانین کێی لە پشتە و بۆچی دەیەوێ یان دەیانەوێ ناوێکی وەها پیرۆز تڕۆ بکەن؟
گروێس سەبارەت بەو کەسەی وا بە تەنیا دانیشتبوو و چاوەڕوانی هێلکە و رۆن بوو، گوتی وەڵلاهی راستییەکەی ئەو پیاوە کە ئەویش لەتەمەنی شەست ساڵیدا دەبوو لەبەر چاوی منیشدا زۆر سەیر دەینواند. بەگشتی زۆر لە خەیاڵدا بوو. زوو زوو لە سەقفەکەی دەڕوانی. بگرە جاری وابوو ئاهێکی قووڵیشی هەڵدەکێشا. من پێم وایە هەر ئەو بەیانییە چووە بۆ گۆڕستان. لەوێ سەردانی خۆشەویستێکی کۆچکردووی خۆی کردووە. ئا، من دڵنیام. لێکۆڵەرەکە گوتی سەرئەنجام هێلکە و رۆنەکەیان بۆ هێنا یا نا؟ گروێس کەمێک بیری کردەوە و، گوتی ئەیچۆن، تازە سەلکێک پیازیشی لەگەڵ بوو.
کاتێک گروێس باسی دووا کەسی کرد، واتە ئەو گەنجە رۆژنامە بەدەستەی وا رۆژنامەی دەخوێندەوە و دوواتر لەسەر قون خەونووچکە بردبوویەوە، هەر دوو لێکۆڵەرەکە دەستبەجێ زیت و قیت بوونەوە. گروێس گوتی گەنجێکی چاویلکە لە چاوی سەر تاس بووە بە جەستەیەکی لاواز و سمێڵێکی قەیتانی و درێژەوە کە سەری لەسەر رۆژنامەکە هەڵنەگرتووە. گوتی هەمیشە لە ژیانیدا بەڕاستی بە خوێنەری لەو چەشنە سەرسام بووە، جا با خەونووچکەیش بیباتەوە. کاتێک باسی ئەوەی کرد کە ناوەکەی لەسەر لاپەڕەی رۆژنامەکە بینیوە، بگرە حەزی کردووە بچێ و بە قەرز لێی وەربگرێ بۆ ئەوەی بزانێ وتارەکە سەبارەت بە چی بووە، کەچی خەونووچکەی کابرا رێگای لێگرتووە، خەمێکی سەیر لە دەنگی ئاڵا.
دوو لێکۆڵەرەکە لە یەکتریان رووانی. لەوە دەچوو خۆشحاڵ بن. خۆشحالێش بوون. سەرئەنجام لە ماوەیەکی کورتدا توانیبوویان پلانێکی سەیری دژە شۆڕش بدۆزنەوە. ئیستا تەنیا پووچەڵ کردنەکەی مابوو. لە کاتێکدا ئیمزایان لە گروێس و لە دایکی وەرگرت کە ئیتر قەت نابێ لەو ناوە کەڵک وەربگرن، گروێسیان دایە دەست دایکی و بەپەلە لەگەڵ دوو چەکداری تر سوار ماشینێکی جیپی خۆڵەمێشی بوون. پلانیان ئەوە بوو چەند کەسەکەی ناو قاوەخانەکەی دوینێ بەیانی بە چایچییەکەشەوە بگرن، هەرچەند لای ئەوان تاوانبار سەرەکی رۆژنامە خوێنەکە بوو و بەس.
دایکی گروێس لەخۆشی ئەوەی کورەکەی ئازاد ببوو و تەنیا چەند کاتژمێرێک لەوێ مابووەوە، حەجمینی نەبوو. لەپاش چەند جار ماچکردن و لەئامێزگرتنی، بەرەو ماڵ بوونەوە. شەوەکی کاتێک گروێس لەخەو خەبەری بووەوە، لەبەر ژانی لووتی نە سەقفەکەی ژماردەوە و نە وەک هەمیشە هەستێکی سەیر دایگرت. بەڵام بەردەوام لەسەر ئەو رایە بوو کە هەرچۆنێک بووە دەبێ ماڵی خۆیان پەیدا بکاتەوە.
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید